کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سۆران باریکە: لە فەرهەنگی ئیسلامی سیاسیدا شتێک بە ناوی بیری نەتەوەیی نییە

18:05 - 16 سەرماوەز 2723

سۆران باریکە: لە فەرهەنگی ئیسلامی سیاسیدا شتێک بە ناوی بیری نەتەوەیی نییە

 

دیمانە: شەهرام سوبحانی

 ئاماژە: ئیسلامی سیاسی وەک دیاردەیەکی هاوچەخ کاریگەریی زۆری لە سەر بزاڤی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە کوردستان و ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە. هاوکات کۆمەڵێک پرس و پرسیار لەو پێوەندییەدا هەمیشە گەنگەشەی لەسەر دەکرێ: پرسی نەتەوەیی و سەروەریی خاک و گەل لە کوێی ئایدۆلۆژیی ئیسلامیدا جێ دەگرێ؟ بەشداریی ئایین لە سیاسەت و خەباتی کورددا تا چەند لە پێناو چەسپاندنی مافی نەتەوەیدا بووە؟ کورد وەک نەتەوەکانی دیکەی وەک فارس و عەڕەب و تورک چەند توانیویەتی لە ئایین وەک پاڵپشتێک بە قازانجی بەرەوپێشبردنی پرسی نەتەوایەتی کەڵک وەربگرێ؟ "کوردستان" بۆ وەرگرتنی وەڵامی ئەو پرسیارانە و چەند پرسیاری دیکە وتووێژێکی لەگەڵ سۆران باریکە، مامۆستای زانکۆ و کارناسی باڵا لە بواری ئیسلامی سیاسیدا پێک‌هێناوە.

 

کاک سۆران سەرەتا بۆ چوونە نێو باسەکەمان ئەگەر باسێکی کورت لە مێژووی ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان بکەی.

مێژووی ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جیاوازە لە وڵاتانی دیکە، چونکە ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مێژوویەکی ئەوەندە دوورودرێژی نییە بە نیسبەت وڵاتانی دیکە. ئیسلامی سیاسی لە کۆتاییەکانی دەیەی ٥٠ی هەتاوی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەری هەڵداوە کە ئەمەش زیاتر لەژێر کاریگەری و هەژموونی حۆجرە و کەسایەتییە ئایینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پەیوەندیان لەگەڵ حۆجرەکانی باشووری کوردستان و مەدرەسە دینییەکانی باشوور بووە. هەتا ئەو سەردەمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەوتێک یان بزووتنەوە یا هیچ جووڵانەوەیەک بەو ناوە یان لەژێر کاریگەریی ئیسلامی سیاسیدا نەبووە. بەڵام لە سەرەتاکانی دەیەی ٥٠ی هەتاوی بەهۆی ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی کەسایەتییە ئایینییەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ باشووری کوردستان هەیانبوو، ئەو هاتوچۆیەی لەنێوان حۆجرەکان یان مەجلیسە دینییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبوو، ئەمانە وای کرد ئەم بیروڕایە بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بپەڕێتەوە و وردە وردە لەنێو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پەرە بستێنێ.

بڵاوبوونەوەی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان بەرهەمی چ خوێندنەوە و تێڕامانێکە و ئامانجەکانی چین؟

ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمی بڵاوبوونەوەی بیری ئیخوانییە لە ناوچەکە بەتایبەت بۆچوونەکانی سەید "قووتب" و خوێندنگە ئایینییەکانی باشووری کوردستان کە زیاتر هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بیری ئیسلامی سیاسیدا هەبووە. لە ساڵانی بەر لە شۆڕشی گەلانی ئێران و لە ساڵی ١٣٥٧ ڕەوتێکی ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵات سەری هەڵدا بە ناوی "مەدرسەی قورئان"  کە دواتر ناوەکەیان گۆڕی بۆ "مەکتەبی قورئان" بە سەرکردایەتیی ئەحمەدی موفتیزادە. ئامانجی ئەم ڕەوتە سیاسی ئیسلامییەش دامەزراندنی حکوومەتێکی ئیسلامی بوو.

چۆن بوو بیری ئیخوانی گەیشتە ڕۆژهەڵات و ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵات گەشەی کرد؟

 گەشەکردنی ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵات بۆ ئەو دۆخە ئازادە دەگەڕێتەوە کە لە ماوەی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵانی (١٣٥٦-١٣٥٧) هەبوو. دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی بە سەر کوردستاندا زۆر لاواز بوو و ئەمەش وای کردبوو هەر لایەنێکی خاوەن بۆچوون بێتە مەیدان و موفتیزادەش کە پێشتر "مەکتەبی قورئان"ی دامەزراندبوو، و بە هۆی زاڵبوونی گوتاری نەتەوەیی و لایەنەکانی دیکە و پێگەی کۆمەڵایەتی ڕێبەرانی ئەو حیزبانە ئیمکانی دەرکەوتنی نەبوو؛ لەو پشێوپشێوییەی سەردەمی شۆرش کەڵکی وەرگرت. ئەو توانی خۆی زیاتر بناسێنێ و دواتریش بە پشتیوانیکردن لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بیری خودموختاریی ئیسلامیی هێنایە گۆڕێ کە دیارە ئەمەش زیانی زۆری بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد گەیاند.

دواتر ئیخوانی ڕۆژهەڵاتی بە سەرکردایەتیی "ناسر سوبحانی" لەژێر چەتری ئیخوانی نێونەتەوەییدا هەوڵی دامەزراندنی حکوومەتی ئیسلامی و پێکهێنانی ئۆمەتی ئیسلامیی دا. لە ڕاستیدا بیری ئیخوان لە ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوییەوە لە ڕێگەی باشووری کوردستانەوە گەیشتە ڕۆژهەڵات و لە ساڵی ١٣٥٨ وەک ڕێکخراوێک کە پێی دەگوترێ "دەعوەت و ئیسلاح" دەستی بە چالاکی کرد.

ئەدی بیری سەلەفیەت و سەلەفییەتی جیهادی چی؟ چۆن بوو بیری سەلەفیەتی جیهادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چێ بوو و گەشەی کرد؟

مێژووی سەلەفیزمیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مێژوویەکی زۆر دوور نییە. سەلەفیزمیزمیش لە ڕۆژهەڵات بەرهەمی سەلەفییەتی باشووری کوردستانە. شەڕی ئەمریکا و ئەفغانستان و دواتریش عێراق هۆکارێکی کاریگەر بوون بۆ بڵاوبوونەوەی بیری سەلەفییەتی جیهادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. سەلەفییەت لە سەرەتادا پشتیوانیی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە پشت بوو، واتە سەرهەڵدانی بیری سەلەفیی جیهادی لە ڕۆژهەڵات جگە لە دەرەنجامی سیاسەتە نێوخۆییەکان لێکەوتەی سیاسەتە ناوچەییەکانی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا بووە.

کاریگەرییە نەرێنییەکانی بزاڤە ئایینییە سیاسییەکانی کوردستان لەسەر پرسی نەتەوەیی و یەکگرتوویی کورد چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئیسلامیزم یان ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی دەرکەوتنیەوە کێشەی بۆ بیری ناسیونالیزمی کورد دروست کردوە و لە فەرهەنگی ئیسلامیزمدا شتێک بە ناوی بیری نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم نییە. بۆیە گوتاری هەموو لایەنە ئیسلامییەکان زیاتر نەیارەتیی ناسیۆنالیستە کوردەکانی لە هەگبەدا بووە. ڕەوتە ئیسلامییەکان هەر لە سەرەتاوە پشتیوانییان لە کۆماری ئیسلامی کرد و ڕێگای خۆیان لەگەڵ بیروبۆچوونی حیزبە ناسیۆنالیستەکان یان ڕەوتە ناسیۆنالیستەکانی کورد جیا کردەوە. ئەمەش بە نموونەوە لە چەندین قۆناغی جیاجیادا دەرکەوت بەتایبەتی لە شەڕی سێ مانگە و هەروەها دروستکردنی ڕێکخراوی "پێشمەرگەی موسوڵمان" کە کاریگەریی نەرێنیی یەکجار زۆری هەبوو لە سەر بزووتنەوەی ڕزگاریی خوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

یانی بەشداری ئایین لە سیاسەت و خەباتی کوردستان لە پێناو چەسپاندنی مافی نەتەوەییدا نەبووە؟

تا پێش دەرکەوتنی ئیسلامی سیاسی بەشداری ئایین لە سیاسەت و خەباتی کوردستاندا زیاتر لەپێناو مافی نەتەوایەتیدا بووە و ڕەنگ و بۆی کوردایەتیی پێوە دیار بووە. تەنانەت لە چەند قۆناغێکی مێژوودا سەرکردایەتیی زۆربەی هەرە زۆری بزووتنەوە یا دەبێ بڵێی ڕەوتە نەتەوایەتییەکان لە دەستی کەسانی ئایینیدا بووە. بەڵام کاریگەریی ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو کاتەە کە سەری هەڵداوە بۆ کوردستان و بۆ کۆمەڵگەی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا نەرێنی بووە و بە زیانی شکاوەتەوە. لەڕووی کۆمەڵایەتی هەوڵیان بۆ گۆڕینی کولتوور و فەرهەنگی کوردی داوە، لە ئاراستەی پێکهێنانی کولتووری هاوبەشی ئیسلامیدا هەوڵیان دا هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییەکان بگۆڕن و لە بواری سیاسییەوە باوەڕیان بە چەمکە مۆدێڕنەکانی وەکوو سێکۆلاریزم و دێموکراسی و ناسیۆنالیزم نییە و خوازیاری دامەزراندنی حکوومەتی ئیسلامین. بێگومان پاراستنی هەر نەتەوەیەک پێویستی بە زمانەکەیەتی بەڵام یەکێک لەو بابەتانەی ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵات کاریگەریی نەرێنی لەسەری هەبووە زمانە. ئیسلامییەکان کەش و هەوایەکیان ڕەخساندوە کە تێیدا ئەوەندەی بایەخ بە گەیاندنی پەیامە ئیسلامییەکان دراوە کەمتر گرنگی بە زمانی کوردی دراوە. هەربۆیە هەموو ئەم کاریگەرییانەش دەبنە هۆی دروستبوونی کەلێنی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات لێک دردۆنگ دەکەن و هەوڵ بۆ پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی نادەن.

وەک باس کرا زۆر نەتەوەی دیکەی موسوڵمان توانیویانە ئیسلام سیاسی بۆ ئامانجە نەتەوەییەکانیان بەکار بێنن، بەڵام کورد بۆ نەیتوانیوە؟

لە بنەڕەت‌ڕا و لە مێژووی بیری ئیسلامیدا پرسی ناسیۆنالیزم وەک دیاردە و پرسیار لە بەردەم زانا و ڕێبەرانی ئیسلامی کلاسیک نەبووە تاکوو هەڵوێستی هزری و شەرعیی لەسەر دیاری بکەن. بۆیە لە جیهانی سەردەمدا سەبارەت بە پێگەی ئایینی ناسیۆنالیزم لە ئیسلامدا ڕوانگەی جیاواز سەری هەڵدا و لە هەر وڵاتێک ئاراستەیەکی وەرگرتوە. هێندێک لە ئیسلامخوازان لەو باوەڕەدان ئیسلام و موسڵمانان یەک ئۆممەتن و نابێ باس لە نەتەوەی جیاواز بکرێت و تەنانەت پێداگری لە سەر یەک دەوڵەت بۆ هەموو موسوڵمانان دەکەن. ئەوەی ئاشکرایە هەر گرووپ و کۆمەڵێکی ئیسلامی کاتێک دەست بە بانگەواز دەکات یاخود بابەتێک یەکلا دەکاتەوە پێویستە لەسەریان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو ڕا و بۆچوونانەیان بەڵگە یان ئایەت و فەرموودە بهێننەوە بۆیە دەبینین کاتێک گرووپێک بە شێوەیەکی جیاواز بیری کردەوە بۆ نموونە نەتەوەییەکان هەمیشە ئەوەیان خستۆتە ڕوو کە لە دینی ئیسلام و یاساکاندا شتی لەو بابەتە ڕێگەپێدراو نییە. هەر بۆیە هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی هەستی نەتەوایەتی و بەرەبەرە بڵاوبوونەوەی ئەو ئایدیۆلۆژیا تازەیە لە سەرەتاکانی سەدەی بیست هەر زوو شارەزایانی ئیسلام و پێشەواکانیان دەستیان بە فتوای جۆراوجۆر کرد و تەنانەت ئایەتی قورئانیشیان بۆ دەهێناوە و پاڵپشت و پشتبەستوو بەو ئایەتەی لە سوورەتی "الحجرات" ئایەی ١٣دا هاتووە، هەڵگرانی بیری ئیسلامی جەخت لەوە دەکەنەوە مرۆڤ ئاساییە لە هەر نەتەوە و هۆز و ڕەگەزێک بێت و لای خودا ئەو کەسە پەسەندترینە کە خوداپەرستی دەکات و پارێزگاری ئایینەکەی بێت. گرینگ ئەوەیە هەستی نەتەوەیی پێش موسڵمانێتیی کەسەکە نەکەوێ و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نەدراوە هەستی نەتەوایەتی یاخود هیچ هەستێکی تر ببێتە ناوکی کۆبوونەوەی کۆمەڵە مرۆڤێکی موسوڵمان کە ببێتە هۆی دروستبوونی ترازان لە کۆمەڵە سەرەکییەکە ئەویش ئۆممەتی ئیسلامییە. ئەڵبەت دەبێ ئەوەش لەبەر چاو بگرین کە بەپێچەوانەی ئیسلامی سیاسی وەک ئاماژەی پێ درا بە پشتبەستن بە هێندێک گێڕانەوەی ئایینی کە پەیوەندییان بە واتای سیاسی و سەردەمی ناسیۆنیزمەوە نییە هەوڵیان بۆ ڕەتکردنەوەی ناسیۆنالیزم داوە لە کاتێکدا دۆخی سیاسیی سەردەم جیاوازە و نەک‌هەر بوونی یەک دەوڵەت بۆ هەموو نەتەوەکان جێبەجێ ناکرێ بەڵکوو خودی عەرەبەکانیش وەکوو نەتەوەیەک نەیانتوانیوە بە یەک دەوڵەت ڕازی بن. بۆیە نە ئایین پەسەندی دەکات و نە دۆخی نەتەوەیی بێ‌دەوڵەتەکانیش ئەوە قەبووڵ دەکات نەتەوەیەکی وەکوو عەرەب چەندین دەوڵەتی هەبێ و هێندکیش وەکوو کورد هیچ دەوڵەت و وڵاتێکیان نەبێ. هەربۆیە لەژێر کاریگەریی ئەم بۆچوون و بەڵگانەی ئیسلامییەکان دەیهێننەوە دەبینین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژی دەرکەوتنەوە هەمان کێشەی بۆ بیری ناسیۆنالیستی کورد دروست کردوە بەپێچەوانەی ئیسلامی نەریتی. چونکە ئیسلامی نەریتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەدەکانی ڕابردوو بە تایبەت لە سەدەی بیستەمدا شانبەشانی بزووتنەوەی نەتەوایەتی ڕۆڵی بینیوە، تەنانەت لە زۆر وێستگەدا خۆیان ئاڵاهەڵگری شۆڕش و بزووتنەوە نەتەوەیەتییەکان بوون. لە سەرەتای دەیەی حەفتای زایینییی سەدەی ڕابردوودا ئەو کوردانەی خەریکی داب‌ونەریتی ئیسلامخوازی بوون، شوناسی نەتەوەیی خۆیان وەلانا بوو، و لەڕاستیدا ئەمەش پڕۆژەیەکی ئاڵتێرناتیڤ و نەیار بوو لە بەرامبەر هەردوو ناسیۆنالیزمی کوردی و ڕەوگەی ئیسلامی نەریتخواز لە کوردستاندا.

دەتانەوێ بڵێن گوتاری ئیسلامی سیاسی لەگەڵ گوتاری مافخوازیی کورد یەکی نەدەگرتەوە؟

ڕێک وایە، بەو واتایەی لە بیری ئیسلامی سیاسیدا نەتەوەخوازی نابێ هەبێ. هەڵبەت ڕێکخراوێکی ئیسلامیی وەک مەکتەبی قورئان لە سەرەتای دامەزرانی و دوای قۆناغی شۆڕشی گەلانی ئێرانیش پرسی نەتەوایەتیی بە یەکێک لە سێ  داواکارییەکەی دادەنا کە مەزهەب، چینایەتی و نەتەوایەتی بوو، بەڵام لە کردەوەدا هیچ هەنگاوێکی بۆ بابەتی نەتەوایەتی هەڵنەدەهێنا و زۆر جاریش لەمپەریش بوو لە بەرامبەریدا. هەروەها ئەگەرچی بەشێکی کەم لە سەرکردایەتیی ڕێکخراوە ئیسلامییەکان پێشتر کەسانی نەتەوەیی بوون، بەڵام کاریگەرییان لەسەر کەسانێکی زۆر هەبوو کە لەدژی پرسی نەتەوەیی بجووڵێنەوە. ئەوان باوەڕیان بە خودموختاری بۆ کوردستان هەبوو بەڵام خودموختاریی ئیسلامی نەک خودموختاری نەتەوەیی، بۆیە پێیان وابوو گوتاری نەتەوەیی کێشەخوڵقێنە بۆ گوتاری ئیسلامی و مەسەلەی نەتەوایەتییان وەک بابەتێکی قێزەون سەیر کردوە. ئاکامگیری لەو باسەمان ئەوەیە گوتاری ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر نەیارێتیی ناسیۆنالیستە کوردییەکانی لە هەگبەدا بوو. ئێمە دەبینن لە کاتێکدا حیزبە کوردییەکان ڕیفراندۆمی بەڵێ یان نەخێری کۆماری ئیسلامییان بایکۆت کردبوو، ڕێکخراوە ئیسلامییەکان لە تارانەوە لە ڕێگای پەیامێکی ڕادیۆوە داوایان لە کوردەکان دەکرد بچن و بەشدار بن لە ڕیفراندۆمی حکوومەتی ناوەندی و بە بەڵێ دەنگ بە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بدەن. تەنانەت ئەوە گەیشتە ئاستێک کە ڕێکخراوە ئیسلامییەکان کوردیان بە ڕێگری سەرکەوتن و ڕزگاربوونی ئێران لە دەستی زلهێزەکان دەزانی و دەیانگوت هەرکات ئێران هەنگاوێک بۆ ڕزگاری دەنێتە پێش، زلهێزەکان کورد بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێ ڕزگار بێت لە دەستی داگیرکەران. لە قۆناغێکی دیکە سەلەفییەتی جیهادی دەبینین کە لە هەموو ڕێکخراوەکانی تر ڕادیکاڵانەتر بەرانبەر بە ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەجووڵێتەوە. ئەوان زۆربەیان دژی بیروبۆچوونی نەتەوایەتیی حیزبە ناسیۆنالیستەکانی دژبە کۆماری ئیسلامی بوون و بانگەشەی سەلەفیگەری، ڕەتکردنەوەی هەموو هەستێکی نەتەوەیی نیشتمانپەروەرانە و بەحەرام‌زانینی زۆربەی داب و نەریتەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری لایەنی سەرەکی بانگەشەی ئەم گرووپانەن. ئەوان جگە لە هەموو حیزبە سیاسی نەتەوەیی و چەپەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنانەت دەسەڵاتی سیاسی باشووری کوردستانیش بە کافر و دوژمنی ئیسلام و پەرەپێدەری کوفر و بێ‌ئیمانی دەزانن و دژی هەموو گرووپ و تاقمێکی کوردستانین بە تەریقەتی نەقشبەندی قادری و تەنات مەکتەبی قورئانیشەوە.

ئێمە دەبینین لە قۆناغی دوایی شۆڕشی گەلانی ئێران کە کورد پێویست بوو یەکگرتوو بێ بۆوەی بە مافەکانی خۆی بگات لەم قۆناغەدا هێزە ئیسلامییەکان کەوتنەوە بیری ڕەچەڵەکی ئایینیی خۆیان و بە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی و هێنانە ئارای چەمکی ئۆممەتی ئیسلامی لە بەرانبەر ناسیۆنالیزم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەستان. دەمەوێ بڵێم گوتاری ئیسلامی سیاسی لە هەر قەوارەیەکدا، چ لە قەوارەی نوێخوازی و چ لە قەوارەی فێندەمەنتاڵدا دەتوانێت پێش بەسازبوونی گوتاری هاوبەش بگرێت و لە گوتارێکی جیاواز لە چوارچێوەی هزری ئایینیدا هەوڵ دەدات کۆمەڵانی خەڵک لە خۆی کۆ بکاتەوە و لانیکەم تا ئێستا نەیتوانیوە لە چوارچێوەی گوتاری نەتەوەیی بزووتنەوەی سیاسی کورددا خۆی پێناسە بکات.

واتە دوو ڕاستەهیڵی جیاواز لەگەڵ دنیای سەردەم بەتایبەت لەلایەن سەلەفییەتەوە؟

ئیسلامی سیاسی هەر لە سەرەتای دەرکەوتنیەوە هەوڵی ئەوە بووە کۆمەڵگە لە هەموو داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان داببڕێ و بیخاتە ژێر هەژموونیی کولتووری ئیسلامی. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەم بیرە لە سەرەتای بڵاوبوونیەوە هەوڵی دا نەریتە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی کورد بسڕێتەوە. ڕەوتە ئیسلامییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاراستەی پێکهێنانی کولتووری هاوبەشی ئیسلامی هەوڵیان دا هەڵسووکەوتە کۆمەڵایەتییەکان بگۆڕن کە بۆ خۆی بووە هۆی پێکهێنانی کەلێنی کۆمەڵایەتیی زیاتر بە تایبەتی لە نێوان ئایین و کولتووردا. ئەم کردەوەیە پاشخانی مێژوویی هەیە و بە هێندێک جیاوازییەوە شێوازێکی نوێ بە خۆوە دەگرێت. هاتنی هەر ئایینێک بۆ ناوچەیەکی تازە بریتی بوو لە هاتنی داب‌ونەریتی نەتەوەی خاوەن ئایین بۆ ناوچەکە و سڕینەوەی بەشێکی زۆر لە کولتووری کۆمەڵایەتیی ناوچەکە. ئەمە ڕەنگە بەزۆرەملێش نەبووبێ، بەڵکوو زۆر جار ئایینەکە فرەچەشنیی کۆمەڵایەتی و کەلەپووریی قەبووڵ بووە، بەڵام خەڵک نائاگایانە خۆیان بەرەو گۆڕان چوون و هەندێ کەس کولتوور و کولتوور گۆڕین و زمان و پۆشینی جلووبەرگی بێ‌ئاگایانە بە نیشانەی موسڵمان بوون دەزانی. هەر لەم چوارچێوەیەدا دەتوانین بڵێین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا سەرهەڵدانی بیری نوێی ئایینی لەژێر کارتێکردنی ڕەوتە ئیسلامییەکانی سەردەمدا کاریگەریی کۆمەڵایەتی بە تایبەت لەسەر کەلەپووری نەتەوەیی هەبووە. پێش دەرکەوتنی ئەم ڕەوتانە ئایین و کەلەپووری کوردی وەها لەگەڵ یەکتر ڕاهاتبوون کە بە دووی سڕینەوە و لاوازکردنی یەکترەوە نەبوون کەلەپووری کوردی بۆ خۆی کەلەپوورێکی خاوەن خاوێن و دەوڵەمەند بووە و ڕێزی لە ئیمانداران و لە سەرووی هەموویانەوە زانایانی ئایینی دەگرت لە بنەڕەتدا ئەوانیش بەوپەڕی لێبووردەییەوە لەو کەلەپوورەدا دەژیان و ڕێزیان لێ دەگرت و خۆیان بە بەشێک لەوە دەزانی و بەشدارییان تێیدا دەکرد هەروەها خەڵک بە بیستنی دەنگی بانگ کۆڕی شایی خۆیان ڕادەگرت و ئەوانەی پێیان خۆش با دەچوونە مزگەوت و پاشان درێژەیان بە جێژنو شاییەکەیان دەدا و ئیمانداران و هێندێک جار زانایانی ئایینی خۆشیان لە کۆڕوشاییدا بەشدار دەبوون و ئەم دووانەیان بەدژی یەکتر نەدەزانی و هەرکام لەمانە لە جێی خۆیاندا ڕێزیان هەبو. بەڵام بە سەرهەڵدانی ڕەوتە نوێیە ئایینییەکان کەلێنی ئایینی و کولتووری و نەتەوەیی و ناکۆکییەکان زیاتر لە پێش خۆی دەرکەوت و ڕواڵەت و جلوبەرگ و شێوازی هەڵسوکەوت و قسەکردن و بەشداریی کۆمەڵایەتی لە کۆڕ و ڕێوڕەسمەکاندا لەلایەن کۆمەڵانی ڕاکێشراو بەرەو ئەم بزاڤانە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات و بە جۆرێک دابڕانێکی کۆمەڵایەتی لەو چەشنە و ناهاوسەنگێکی کۆمەڵایەتی لێ کەوتەوە. شتەکان لە جێی خۆیان نەمان و هێندێک جار وا بوووە کۆڕی شایی و زەماوەند بۆتە جێی چاوپێکەوتنی زانایانی ئایینی. ئەم ڕەوتانە هەموو هەوڵیان ئەوە بووە کولتووری نەتەوەیی بگۆڕن بەرەو کولتووری ئیسلامی و ئەڵبەت بە شێوەیەکی سەرەکی ئەم مەبەستە لەلایەن سەلەفییە جیهانییەکانەوە زەق و بەرچاوە و ڕەوتەکانی دیکەش بە پلە و چەند پلە لە خوار ئەوانەوە دێن. ئەم ڕێکخراوانە جگە لە دژایەتیکردنی نۆرمە کۆمەڵایەتییە نەتەوەیەکان بە هەموو شێوە دژی ئیسلامی نەریتی  تیژ وەستاونەوە و مەلاکانی مزگەوت بە نەزان و دواکەوتوو لە قەڵەم دەدەن و چوونە سەرقەبران و فاتیحاخوێنی بە کوفر دەزانن و دژی ئەو شێوە دینداریییەی تەریقەتەکانیشن. لە کاتێکدا تەریقەتەکان هەر زۆر زوو خۆیان لەگەڵ نیشتمانپەروەری یەکلا کردبۆوە.

 ئەو کۆمەڵگەیەی سەلەفییەکان دەیانهەوێ لەگەڵ ئەو کولتوور و فەرهەنگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ لە بواری ئایینی و چ لە بواری نەتەوەیییەوە یەک ناگرێتەوە. ئەوان باوەڕی سەرجەم موسوڵمانان بەتوندی ڕەت دەکەنەوە و بە کۆمەڵێک خورافات لە قەڵەمیان دەدەن و کۆی ئەو بیرکردنەوە و ڕەفتار و هەڵسوکەوتانە وایان کردوە سەلەفییەت لە کولتووری کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نامۆ بێت و کەمتر بگونجێت.

کاک سۆران زۆر سپاس بۆ بەشداریتان لەم دیمانە.

ئێوەش ماندوو نەبن