کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەبەستە سیاسییەکانی پشتی پەردەی هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر هەولێر

12:30 - 4 رێبەندان 2723

مستەفا مەولوودی:

ئێران دەیەوێ ئەمریکا وەک چۆن ئەفغانستانی بەجێ هێشت هەرێم و عێراقیش بەجێ بێڵێ

ئاماژە: کاک مستەفا مەولوودی، ئەندامی بەڕێوەبەری و بەرپرسی ناوەندی ئیداریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ کوردکاناڵ تیشکی خستە سەر لێکەوتەکانی هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەولێر. بەڕێزیان پێی‌وایە ئەم دەستدرێژی و کردەوە تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی گوشارخستنە سەر هەولێر بۆ گۆڕینی هەڵوێستی سیاسی حکوومەتی هەرێم بووە کە سەرکەوتوو نابێت. هەروەها لەگەڵ ئەوەی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا توانیویانە ململانێ و کێشەکانی خۆیان بۆ خۆبواردن لە بەرەوڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ مودیرییەت بکەن، بەڵام لە نیهایەتدا ئەم دوو وڵاتە لە جێیەک لەگەڵ یەکتری یەکلا دەکەنەوە.

"کوردستان" پوختەی چەند تەوەرێکی ئەو وتوێژەی بۆ خوێنەرانی دابەزاندوە:

 

ئامانجی ڕێژیم لەو کردەوە تێرۆریستی و دەستدرێژییە

کۆماری ئیسلامی ئیدیعا دەکا لە هەرێمی کوردستان ناوەندی جاسووسی لەدژی ئەوان هەن و ئەوانیش بۆ بەرنگاربوونەوە لەگەڵ ئەوە هێرشەکەیان کردوە. بەڵام، لەڕاستیدا ئەوە سووڕەتی مەسەلەکەیە و پاساوێکە کۆماری ئیسلامی دەیهێنێەوە بۆ بردنەپێشی ئامانجە سیاسی و ئەمنیەتییەکانی. لەڕاستیدا کۆماری ئیسلامی ماکەی سەرەکی دروستکردنی قەیران و کێشەیە و ئەو قەیرانەشی بۆ شاردنەوەی قەیرانە نێوخۆیی و شکستەکانی لە سیاسەتی دەرەوەیدا خوڵقاندوە. ڕێژیمی ئێران بۆ دەربازبوونی خۆی دەیەوێ دەوڵەتان و ڕەوتە سیاسییەکانی ناوچە، بە جۆرێک لە جۆرەکان بێنێتە نێو کێشەکانەوە و دەبینێ کە هەولێر وەکوو پێتەختی هەرێمی کوردستان، ئەمنیەتێکی ڕێژەیی لەچاو جێگاکانی دیکە هەیە و ناچێتە نێو ئەو بازنە و هاوکێشەیەی کە ئێران مەبەستیەتی، بۆیە دەیهەوێ قەیران و بشێویی تێدا دروست بکات. ئەگینا لە کاتێکدا دەڵێ مووشەکانی خاڵکوتن، ئەدی بۆ ماڵێکی ئاسایی و ژن و منداڵی کردووەتە ئامانج؟ کام ئامانج؟ کەواتە ئێران دەیەوێ بەجۆرێک لە جۆرەکان هەولێریش لەگەڵ ئاراستەی سیاسیی خۆی بخا، بەڵام هەولێر بەخۆشیەوە هەتا ئێستا بەدەم ئەو سیاسەتەوە نەچووە. ئەوە کە ئێستا کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستانی هەڵپێچاوە بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی بەشێک لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی نیزیک لە ئێران کە هەڵمەتی دەرکردنی ئەمریکا لە عێڕاقیان دەست پێ کردوە، لای وایە کە بوون و مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمان بە قازانجی عێڕاق و هەرێمی کوردستان و سەقامگیری لەو وڵاتەیە.

هەڵوێستی ئەمریکا و ئەو پرسیارانەی لەسەری دروست بوون

ئەو ئاڵۆزییانەی کۆماری ئیسلامی دروستیان دەکا و تەنانەت ئەو کێشانەی لە نێوخۆی وڵاتیشدا بۆ خەڵک و کۆمەڵگەی دەنێتەوە، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی سازانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران. ڕوونە کە ئەمریکا دەیەوێ شەڕەکە لە خۆی دوور بخاتەوە، شەڕێک کە ئەگەری هەڵگیرسانی هەیە بەبێ ئەوەی داهاتوویەکی ڕوونی هەبێت. هەروەها دەشزانین کە ئەمساڵی زایینی یان ساڵی هەڵبژاردنە و پرسی هەڵبژاردن لەنێوان دوو حیزبی دیاری ئەمریکا پرسێکی جیددییە. هاتنی ئەمریکا بۆ ناوچە و ئەوەی لە ئەفغانستان بینیمان و ئەوەی کە لە ٢٠٠٣ بەولاوە لە عێڕاق ڕوو دەدا پێمان دەڵێ ئەمریکا نایەوێ لە ناوچەدا تووشی کێشەیەکی دیکە بێت، بۆیە لە ڕاستیدا نەوی دەکێشێ و خۆ لە بەرەوڕووبوونەوە دەبوێرێ و ئێرانیش زۆر باش کەلک لەو دۆخە وەردەگرێ. ئەگینا ئەوەی ئێران دەیکا بە جۆرێک ڕاگەیاندنی شەڕە لەدژی ئەمریکا لە عێڕاق کە هەر بوونەکەی لەو وڵاتە بە هێزی سەربازییەوە بەرپرسایەتیی پاراستنی ئەمنیەتی وڵاتەکەش دەخاتە ئەستۆی. کەواتە لە دۆخێکدا کە

هیچ هێزێک بە ئەندازەی ئێران بیر لە نائەمنکردنی ئەو ناوچەتە ناکاتەوە، ئەمریکا بەرپرسە کەچی خۆ لە بەرپرسایەتییەکەی دەدزێتەوە و بەمجۆرە دووکەڵەکەی دەچێتە چاوی خەڵکی عێڕاق و هەرێمی کوردستان.

تەعامولی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر

یەکەم ئەوە یەکەم جار نییە کۆماری ئیسلامی هێرشی تێرۆریستی دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان. ڕاست بەو مەبەستە و، بەو ناوە و بەو هۆکارە و هەر لەو ناوچەیە، نیزیک بە دوو ساڵێک لەوە پێش، لە ماڵی "شیخ باز"یان دا کە دوایە دەرکەوت بنکەی و دامودەزگای هیچ دەوڵەتێک نەبووە. بۆیە پاساوەکانی کۆماری ئیسلامی هەمووی بێ‌جێن و نە خەڵکی ئێران، عێراق، هەرێم و ناوچە باوەڕ بەو ئیدیعاکانی کۆماری ئیسلامی ناکەن. پاشان ئەگەر کۆماری ئیسلامی پێوەندی یاسایی و مەیدانیی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و باڵوێزخانە وکۆنسوولخانەشی لە بەغدا و هەولێر هەن. باشە ئەگەر دەزانێ لە عێراق یان هەرێمی کوردستان شوێنێک هەیە خۆی گوتەنی کاری هەواڵگری و دوژمنکارانەی لەدژی دەکا، باشە بۆچی وەکوو دەوڵەتێکی قانوونی نایە ڕەفتار بکا و دوای لێدان و ئەنگاوتنەکە دێ ئیدیعایەکی ئاوا دەکا. بۆیە ئەوە جیا لە ئاژاوەگێڕی و قەیرانخوڵقێنی لە ناوچە و بەزاندنی سەروەریی سیاسیی وڵاتێکی دراوسێ بەولاوەتر نییە.

کێ براوەیە؟ ئایا ئەم سیاسەتە بۆ کۆماری ئیسلامی دەسکەوتە؟

مەرج نییە ئەو هاوکێشەیە دواجار بە قازانجی کۆماری ئیسلامی بشکێتەوە. ئەمن پێم‌وایە بەپێی لێدوانەکانی بەرپرسانی هەرێم، هەرێمی کوردستان دەیەوێ ئەو سیاسەتە دروستەی خۆی کە هەتا ئێستا پاراستنی شوناسی سیاسی، نەتەوەیی و ئیداریی خۆیانە بیپارێزن. ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی کاریگەریی نەرێنیشی لەسەر ڕوانگەی خەڵکی عێراق و هەرێم دەبێ، چونکی دەپرسن ئەمە چ حکوومەتێک و دەراوسێیەکی باشە کە ئەو کردەوەیە. ڕوون و ئاشکرایە کۆماری ئیسلامی دەیەوێ هەرێمی کوردستان تووشی کێشەیەکی سیاسیی قورستر بکات کە من لام وایە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، لەوە بە ئەزموونتر و وشیارترن بکەونە داوی هاوکێشەیەکی وا کە کۆماری ئیسلامی بۆیانی ناوەتەوە.

کاریگەریی ملبەملەی ئێران و ئەمریکا لەسەر خەباتی خەڵکی ئێران بەدژی ڕێژیم

پێش هەموو شتێک دیارە کە دەوڵەتان لە ناوچەدا بەرژەوەندییەکانی خۆیانیان دەوێت دیارە کە ئەمریکاش هەر لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەگەرێ وئێرانیش زۆر سروشتییە بەرژەوەندیی خۆی مەبەست بێت. لە ٤٥ ساڵی ڕابردووشدا ئەم دوو حکوومەتە ئەگەرچی لەگەڵ یەکتر کێشەیان هەبووە و پێوەندی ڕاستەخۆی سیاسییان لەگەڵ یەکتری نەبووە، بەڵام ناڕاستەخۆ لە بابەت پرسەکانی ناوچەدا، زۆرجار لەگەڵ یەکتر ڕا و ڕاوێژیان بە یەکتر هەبوو و لەسەر زۆر شت لەگەڵ یەکتری سازاون. لە کێشەکانی ئەفغانستان، عێراق، هێندێک بابەتی پێوندیدار لە کەنداو و تەنانەت ئەو دۆخەی ئێستا لە غەززە دروست بووە، ئێمە ئاستێک لەو هاوئاهەنگی و تەعامەلە لەگەڵ یەکترییە دەبینین. مەسەلەن ئەوەی کە حەماس لە ئیسرائیل کردی و ئەو وێرانییەی بۆ خەڵکی غەززە دروستی کرد، هەمووان دەزانن کە کۆماری ئیسلامیی لە پشتە. کەچی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دێتە عێراق و دوایە سەرۆک‌وەزیری عێراق دەچێتە تاران تا پەیامەکەی ئەمریکا بگەیەنێت کە ئەم شەڕە با لەوە زیاتر تەشەنە نەکات. کەواتە ئەو دوو وڵاتە هەتا ئێستا ناکۆکییەکانی خۆیانیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان مودیرییەت کردوە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا و دەوڵەتانی ناوچە، ئەگەر بیانەوێ ئەو ناوچە ئاڵۆزە ئەمنیەت و سەقامگیرییەک بەخۆیەوە ببینێ و لەکۆڵ ئەم شەڕ و دوژمنایەتییە بێتەوە، دەبێ بیر لە ویشکردنی ماکەی قەیران و ناسەقامگیرییەکان بکەنەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و پێویستە چارەنووسی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران یەکلا کەنەوە. ئەمن پێموایە ئەو حاڵەتە هەتا سەر ناتوانێ هەر ئاوا دەرێژەی هەبێ و لە کۆتاییدا ئێران و ئەمریکا لە جێگایەک لەگەڵ یەکتری یەکلای دەکەنەوە. ئێران دەیەوێ ئەمریکا وەک چۆن ئەفغانستانی بەجێ هێشت ئێرەی بۆ بەجێ بێڵێ، کە من پێم‌وانییە ئەمریکا ئەوە بکات و ڕەنگبێ بۆ بەرژەوەندی خۆی و خەڵکی ناوچەکە، جۆرێکی دیکە لەگەڵ ئێران هەڵسوکەوت بکات کە ئەوەش یەکێک لە ئەگەرەکانە.