کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سویس/ بەڕێوەچوونی سێمینارێکی سیاسی لەلایەن ڕێکخراوی ئاشتی

18:06 - 21 رێبەندان 2723

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی ڕێبەندان(٩ی فێوریەی ٢٠٢٤)، سێمیناریکی سیاسی لەلایەن ڕێکخراوی ئاشتی لە شاری زوریخ بەڕێوە چوو.

چەند کەسایەتییەکی دیاری بیانی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پیتر پیلتس سیاسەتمەداری ناوداری ئوتریشی و دۆستی دوکتور قاسملوو و حیزبی دیمۆکرات، فابیان مۆلینیۆ پارلمانتار لە پارلمانی سوئیس و ئەندامی لیژنەی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارلمانی سویس،  خاتوو کەژاڵ حاجی عەباسی چالاکی سیاسی و هەروەها نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستان لەم سێمینارەدا بەشدار بوون.

سێمینارەکە بە ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

سێمینارەکە بە نمایشکردنی کورتە فیلمێکی دێکومنیتاری لەسەر ژیان و کەسایەتیی شەهید د.قاسملوو کە بە زمانی ئینگلیسی ئامادە کرا بوو دەستی پێ کرد.

دواتر خاتوو میدیا پیرۆتی وەک بەڕێوەبەری پانێلی سێمینارەکە، بەشدارانی پانێلەکانی بە بەشداربووان ناساند.

بەڕێز پیتر پیلتس سیاسەتمەداری ئوتریشی باسێکی وردی لەسەر کەسایەتیی شەهید د.قاسملوو پێشکەش کرد. ناوبراو ئاماژەی بە سیاسەت و هەڵوێستی کاربەدەستانی ئەو کاتی ئوتریش کرد کە بە خەمساردی و بەبێ گوێدان بەوەی کە جینایەتێکی سامناک لە وڵاتی ئەوان ڕووی داوە دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیان بۆ تاران گەڕاندەوە. پیلتس لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا ڕەخنەی لە هەڵوێست و سیاسەتی وڵاتانی ئورووپایی گرت کە لەبەر بەرژەوەندیی ئابووریی خۆیان چاویان لە ئاست تێرۆر و جینایەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نوقاندووە.

لە پانێلێکی دیکەدا، بەڕێز فواد خاکی بەیگی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسێکی وردی لەسەر کەسایەتی بەرزی قاسملووی نەمر پێشکەش کرد.

خاکی بەیگی ئاماژەی بە ڕۆڵی سپای تێرۆریستیی ڕێژیم لە خولقاندنی دەیان جینایەت و تیرۆر لە دەروەی سنوورەکانی ئێران و بەتایبەتی لە سنوورەکانی یەکیەتیی ئورووپا دژی ئازادیخوازنی کورد و ئێرانی کرد.

خاکی بەیگی قامکی خستە سەر کەسایەتیی بەرزی قاسملوو و وتی قاسملوو وەک ڕێبەڕی بزاڤێکی ئازادیخواز بوو کە ئەخلاقی هێنایە نێو سیاسەت و یەک لەو ڕێبەرانەی کورد بوو کە باوەڕی وا بوو کە مرۆڤی سیاسی دەبیت خاوەن ئەخلاقێکی شۆڕشگیرانە بیت، بەڵام بەداخەوە دۆسیییەکەی دوای شەهیدبوونەکەی بووە قوربانیی سیاسەتی داماڵدراو لە ئەخلاقی سیاسیی سیاسەتمەدارانی ئورووپایی.

خاکی بەیگی وتی بەداخەوە سیاسەتی ناڕوونی ئوروپاییەکیان لەهەمبەر ئێران وای کردووە کە ئەو ڕێژیمە لە ڕێگای گرووپە نیابەتییەکانی خۆیەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی جینایەتی سامناک بخولقێنێت و بەداخەوە وڵاتانی ئورووپایی و تەنانەت ئەمریکا بە خەمساردیەوە لە گەڵ ئەو ڕێژیمە دەجووڵنەوە.

نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران داوای کرد کە سیاسەتمەدارانی ئورووپایی و بەتاێبەت دۆستە سویسی و ئوتریشییەکانی حیزب هەوڵەکانیان چرتر بکەنەوە بۆ ئەوەی کە بتوانن سپای پاسداران بخەنە نێو لیستی تێرۆری ئورووپاوە و تاکوو ئورووپا و ئەمریکا ڕێژیمی ئێران وەک سەری مارەکە نەکەنە ئامانج، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەناتەت ئوروپاییەکانیش ڕۆژی ئارام بە خۆیانەوە نابین.

لە درێژەدا بەڕێز فابیان مۆلینی ئەندامی  پارلمانی سوئیس باسێکی لەسەر سیاسەت و هەڵوێستی دەوڵەتی سویس کرد و وتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سویس وەک تاکە وڵاتێک کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئێران و ئەمریکا هەیە بەردەوام وەک پارلمانتارانی سویسی هەوڵمان ئەوە بووە کە دەوڵەتی سویس پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران نەکاتە قوربانیی پێوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە. ناوبراو رایگەیاند کە بەردەوام بەدواداچوونی ورد تەنانەت بۆ هەژمارە بانکییەکانی بەرپرسانی ئێران و تەنانەت بەرپرسانی سپای پاسداران لەنێو بانکەکانی سویس دەکەن و لە ئەگەری هەبوونی هەر هەژمارێکی بانکی وەک ئۆلیگاری ڕووسەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن و بلۆکیان دەکەن.

مۆلینا هەروەها وتی کە دەبیت پاڵپشتیی زیاتری کوردەکان بکریت تاکوو خەباتەکەیان بگاتە ئامانج.

لە درێژەی پانیلەکەدا کەژاڵ حاجی عەباسی وەک ژنێکی چالاکی کورد و هاوژینی شەهید فەتاح عەبدولی باسێکی لەسەر ئەو جینایەتی میکۆنۆس و کاریگەرییە دەروونییەکانی لەسەر ژیانی خۆی و منداڵەکەی کرد و وتی دوای ساڵانێکی زۆر هیشتا بە ترسەوە هاتوچۆ دەکەین و لە کاتی هەر سەفەریک بۆ وڵاتانی دیکە لەلایەن مندالەکانمانەوە ڕووبەرووی پرسیار دەبمەوە کە پێوەندی ئەو وڵاتانە لە گەڵ ئێران چۆنە؟

حاجی عەباسی لە درێژەی  قسەکانیدا باسی لەو چرکەساتی راگەیاندنی هەواڵی شەهیدبوونی د. قاسملوو کرد کە خۆی ئەوکات وەکوو کادری ڕاگەیاندنی حیزب کاری کردووە.

برگەی کۆتایی پانێلەکە پارچە موزێکیک بوو کە لەلایەن هۆنەرمەند کاوە ئوروومیەوە پێشکەش کرا.