ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی ڕێبەندان (١٣ی فێوریەی ٢٠٢٤)، بەڕێز مەلوود سوارە ئەندامی ڕێبەریی حیزب و نوێنەری حیزب لە ئێس ئای، لە دەفتەری ئەم ڕێکخراوەیە لە لەندەن، لەگەڵ خاتوو بێنێدیکتا لاسی سکرتێری سۆسیالیست ئەنترناسیوناڵ دیدار و چاوپێکەوتنی کرد.
سەرەتا خاتوو لاسی لەسەر ئێس ئای و کۆبوونەوە و دەسپێکی کارەکانیان لە ئێس ئای و دوایین کار و چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە قسەی کرد.
پاشان نوێنەری حیزب لەسەر دوایین ڕووداوەکانی ناوچە و بەتایبەت هەڵسوکەوتی ڕێژیم لەگەڵ کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت بەشداربووانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و سەپاندنی سزا بەسەر بەشداربووانی ئەم شۆڕشە و سزادران و بەندکردنی کەسوکار و بنەماڵەی ژینا ئەمینی قسەی کرد.
ئێعدامی ٤ لاوی کورد لە ڕۆژی ٩ی ڕێبەندانی ئەمساڵ لە بەندیخانەی قزلحساری شاری کەرەج بەشێکی تری باسەکانی ئەم دانیشتنە بوون.
تەوەرێکی دیکەی باسەکان لەسەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها حیزبەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەکە و هەروەها هەڵسوکەوتی ڕێژیم و تێرۆر، تۆقاندن و گوشارهێنانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنەماڵەی کادر و پێشمەرگە و تێکۆشەرانی کورد لە باشووری کوردستان بوو.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەندامی تەواوەختی ئەم ڕێکخراوەیە و لەسەر داخوازییەکانی کورد بەگشتی و بەتایبەت کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم ڕێکخراوەیەدا ڕۆڵی بەرچاوی هەیە.