کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتی بەڕێوەبەریی یەكیەتیی ژنان لە كۆبوونەوەی وەرزیی سۆسیالیست ئێنتێرناسیۆناڵ

17:59 - 5 رەشەمه 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی ڕەشەمە، هەیئەتێکی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێکهاتوو لە بەڕێزان گوڵاڵە شەرەفكەندی جێگری سەرۆكی ڕێكخراوی سۆسیالیست ئێنتێرناسیۆناڵ، مەحبوبە ڕەحیمی بەرپرسی یەكیەتیی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات و دوكتور سۆزان فەتحی، بەشدارییان لە کۆبوونەوەی وەرزانەی سۆسیالیست ئێنتێرناسیۆناڵدا کرد.

کۆبوونەوەی سۆسیالیست ئێنتێرناسیۆناڵی ژنان لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە بە میوانداریی پارتی سۆسیالیستی ئێسپانیا لە مادرید بەڕێوە چوو.

کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکەم بە وتەکانی ژانێت کامیلۆ سەرۆکی ڕێکخراوەکە دەستی پێکرد. بابەتی کۆبونەوەکە، ئەمڕۆ و داهاتووی سۆسیالیزم و کارتێکەرییەکەی لەسەر خەباتی ژنان بۆ بەهێزکردنی ژنان بوو.

ناوبراو باسی لەم ڕاستییە کرد کە ژنان لە دنیای سیاسەت و تەنانەت لەنێو حیزبەکانیشدا دەور و ڕۆڵی سەرەکییان نییە و دەنگیان نابیسرێ. بردنەسەری ڕێژەی بەشداریی ژنانی بەورە لە بڕیاردانی سیاسی لە ئاستی سیاسی وڵاتاندا و لەنێو حیزبەکاندا و پێویستیی کەڵکوەرگرتن لە ستراتێژیی دەنگنەدان بەو کەسانەی نێو حیزبەکان کە چ بە مەبەست و چ نائاگاهانە لەمپەر دەخەنە سەر ڕێگای ئەم خەباتە، پێداگریی لەسەر کرا.

لە پانێلی یەکەمی ڕۆژی یەکەمدا باسەکان لەسەر ئەوڕۆی سۆسیالیزم و پاشەکشە لە بنەماکانی فکری سۆسیالیزم لە دنیای سیاسەتی ئەمڕۆدا بوو.

پانێلی یەکەم لەلایەن خاتوو گوڵاڵە شەرەفکەندییەوە بەڕێوەچوو و لەو پانێلەدا لەمپەرەکانی سەر ڕێگای سیستەمی خۆشبژێویی وڵاتان، کارتێکەرییەکەی لەسەر ژیانی ژنان وەک قوربانییەکانی سەرەکیی ئەو سیاسەتە هەڵەیە و کارتێکەریی شەر، نەداری، بێدەرەتانی، بێکاری و داڕمانی ژینگە، پۆپولیسم لە دونیای سیاسەتدا، نەبوونی ژنانی بەورە لە بڕیاردانی سیاسی و نەبوونی بنەمای یاسایی بۆ بەشدارکردنی ژنان و زۆر هۆکاری دیکە کەوتنە بەر باس.