کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆروێژ/ کۆبوونەوەی بەشی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

00:18 - 6 رەشەمه 2723

ڕۆژی پێنجشەممە، ٣ی ڕەشەمە(٢٢ی فێوریەی ٢٠٢٤)، بەشی پێوەندییە نێونەتەەییەکانی حیزب پێکهاتوو لە ئیدریس ئابدە و گەلاوێژ محەممەدی، سەردانی پارتی کۆنسێرڤاتێڤی نۆروێژیان کرد و لەلایەن بەڕێزان ئێریک سەلە سکرتێر و ناسر قادرپوور ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەو حیزبەوە پێشوازییان لێ کرا.

لەم کۆبوونەوەیەدا باس لە ئامانج و سیاسەتەکانی حیزب بۆ کاری هاوبەش لەگەڵ پارتی کۆنسێرڤاتیڤ کرا و بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کار و چالاکییەکانی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەندامانی پارتی میواندار تاووتوێ کرا و ئامانج و سیاسەتە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی حیزب باس کران کە جێگای سەرنجی ئەندامانی پارتی کۆنسێرڤاتیڤی  بۆ لای خۆی ڕاکێشا.

 لە درێژەی باسەکەدا بەڕێز ئێریک سەلە بەرپرسی پارتی کۆنسێرڤاتیڤ وێڕای پشتیوانیی پارتەکەی بۆ کێشەی گەلی کورد بەگشتی، ئاماژەی بەوە کرد کە حیزبی ئەوان هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە پشتیوانیی خۆی لە کێشەی کوردستان وەک ئەسڵێکی بەرنامە و ئەساسنامەی خۆی پەسەند کردووە و و لە پشتیوانیی خۆیان لە کوردستان ئامادەی هەر چەشنە هاوکارییەکن. هەر لەم پەیوەندیانەشدا پارتی کۆنسێرڤاتیڤ بەڵێنی دا کە لە هەموو توانا و کاناڵەکانی خۆی بۆ باشتر ناساندنی کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بۆ پشتیوانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کەڵک وەرگرێ.

هەردووک لایەن لەسەر مەترسیی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک خەتەرێک بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دونیا بیروڕایان گۆڕییەوە و بریاریشیان دا کە بۆ لەقاودانی سیاسەتی گەندەڵیی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەت لەسەر گەلی کورد، کار و چالاکیی هاوبەش لەنێو کۆمەڵگەی نۆروێژی لەم وڵاتەدا بەڕێوە بەرن.