کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوکتور بێهروز چەمن‌ئارا: ڕوحێکی یەکدەست و گوتارێکی یەکگرتووخواز لە کوردستاندا گەشەی کردوە کە بەستێنەکەی فەرهەنگییە

13:45 - 17 رێبەندان 2723

دیمانە: دیاکۆدانا

بەرایی: لە وڵاتانی فرە نەتەوەی بندەستی نیزامی سیاسیی دیکتاتۆریدا نەتەوەی باندەست هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە مێژوو، زمان و کولتووری خۆی بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا بسەپێنێ و لە چوارچێوی خۆیدا بیانتوێنێتەوە. یەکێک لە ڕێکارەکانی نەتەوەی باندەست بۆ تواندنەوەی نەتەوەکانی دیکە، چەواشەکردنی مێژوو، شوناس و هۆییەتی ئەوان و زاڵکردنی مێژووی و شوناسی خۆیەتی. وڵاتێکی فرەنەتەوەی وەکوو ئێران کە تێیدا نەتەوەی فارس باندەستی خۆی سەپاندوە، کەوتووەتە ژێر هەژمۆنیی ئەندێشە ئێرانشاری و مێژووی نەتەوەکانی دیکەی ئەو چوارچێوە جوغرافیاییە کە بە قەوم و عەشیرە و تایفەی سەر بە فارس دەناسێندرێ، لە بەردەم تیغی تواندنەوەدایە. "کوردستان"، بۆ تاوتوێکردنی ڕەوتی ناسیۆنالیزمی فارس لە تواندنەوە و چەواشەکردنی مێژووی نەتەوەکانی دیکەی ئێران و کاریگەریی نەرێنی لەسەر شوناسی ئەو نەتەوانە و ڕۆڵی نەتەوەبندەستەکان بەتایبەت نەتەوەی کورد لە بەرنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم دیاردەیە دیمانەیەکی لەگەڵ د. بێهروز چەمن‌ئارا، مامۆستای زانکۆ و کارناسی بواری زمانەوانی و مێژوو پێک هێناوە. 

د. بێهروز هەروەک دەزانین لەو وڵاتانەی فرە نەتەوەن بەڵام حاکمییەتی سیاسی لەواندا دیکتاتۆری و نادێموکراتیکە، یەکێک لە ڕێکارەکانی تواندنەوەی نەتەوەی ژێردەست لەلایەن نەتەوەی بان‌دەستەوە چەواشەکردنی مێژووکەیەتی. جەنابتان چۆن باس لەو دیاردەیە لە مێژووی ئێراندا دەکەن؟

لێکدانەوەی ئەمە لە بەستێنی ئێراندا دەکرێ لە چوارچێوی هزری و بیرۆکەی لاکلاو و موفە کەلکی لێ وەرگرین. باس لەوە دەکەن دەزگای حاکم، دەزگایەکە هێزی پێیە و هێژمۆنی بەکار دێنێ و بەجۆرێک لە هێزی ئابووری، فەرهەنگی، سیاسیی، نیزامی، پەروەردە و هتد کەلک وەردەگرێ. لەڕاستیدا بۆ مسۆگەرکردنی هێزی خۆی و بە هەمووان وا پیشان بدا کە هێزەکەی هێزێکی ڕەوایە. یەکێک لەوانە کاتێک بیەوێ لەگەڵ ئەوی دیکە کە دژ بە دەسەڵاتی خۆین و دەتوانن، ئەو نیزامی حەقیقەتە و ئەو مێژووە مەبەستمانە، نیزامی حەقیقەتە کە خەریکە سەریەکی دەخا و دەستکردە، وەسەریەکی دەخا و دەیەوێ بیسەپێنێ، بیفرۆشێ بە بەردەنگ یان بە شاروومەندی وڵات کە لەژێر حاکمییەتی ئەودا خەریکن دەژین و دەتوانێ بە چەند جۆر مێژوو، بەهاکان و ئەزموونەکانی ئەوان چەواشە بکات. یەکێکی دیکە ئەوەیە لەڕاستیدا، دیگڕێتی دەکا، یانی بەهای فەرهەنگی ئەو نەتەوەیە دادەبەزێنێ. واتە هەوڵ دەدا لە ڕێگای دابەزاندنی شوناسی فەرهەنگی یان نەریتەکانیان، بەشێوەیەکی کرداری ئەو گرووپە یان ئەو دەستە مرۆییە و نەتەوەییە لە شوناسەکەی خۆی بێبەش بکات کە دیارە لە ڕێگای مێدیاکانەوە ئەو کارە دەکات، لە ڕێگای فەرهەنگی گشتییەوە، ڕەدکردنەوەی هەر جۆرە هاوبەشییەکیان لە بابەتگەلی فەرهەنگی، یان بێبەشکردنیان لە دەستگای پەروەردە دەتوانن ئەم کارە بکەن. هەڵبەت ئەمە تەنیا لەڕاستیدا وەکوو ئەو خاڵە کە دابەزاندنی بەهای شوناسی فەرهەنگییە. یەکی دیکە ئەوەیە کە مێژووی فەرهەنگییان بسڕێتەوە یان ئەگەر ناتوانێ تەنانەت بیسڕێتەوە، بتوانێ بە شێوەیەک چەواشەی تێدا دروست بکات. ئەوە دیسان لە ڕێگای ئەوەیە پێوەندی من لەگەڵ دەزگای پەروەردەیەک کە بتوانێ من لەگەڵ ئەزموونەکانی ڕابردوو یانی باوک و باپیرانم، من بە ئەوان پێوەند بدا، چی دەکا؟ دێت ئەم پێوەندییە دەبڕێ یان ناهێڵێت یان بەشگەلێکی وەکوو سانسۆڕ شیپیان بخاتە سەر کە من نەتوانم لەگەڵ ڕابردووی خۆم پێوەندی ڕاستەوخۆ یان ڕێکوپێکم هەبێ.

جۆری دیکەی سەرکوتکردن، بەیانی فەرهەنگییە. یانی سانسۆڕی تێدا هەبێ بە هەموو شێوەکان، لە فۆڕمگەلی هونەری، زمانی، فەرهەنگی هەر جۆرە بەشدارییەکی خەڵک لە داب و نەریتی خۆیان لە ڕێوڕەسمەکانیان، بەرهەمهێنانی زمانی شێعر، ئەدەب و هەر شتێک وەکوو ئەوە و لە هەر شتێک کە جێگای ڕاهێنانی فەرهەنگی هەبێ. قەدەغەکردنی زمانی یان دانانی سزا بۆ هێندێک لە پراگتیزگەلی فەرهەنگی، لەڕاستیدا هەر ئەو سەرکوتکردنی بەیانی فەرهەنگییە و سەرکوتکردنی پراکتیزی فەرهەنگی ئەو نەتەوەیەیە.

جۆری دیکە لەڕاستیدا نوێنەرایەتیی سنووردارە. یانی دێت تەواوی ئەو گرووپ و نەتەوەیە کە لە دڵی حاکمییەتەکەدا خەریکن دەژین، بەجۆرێک مێدیاکانیان سنووردار دەکاتەوە، بەجۆرێک کەشی فەرهەنگی و گشتیی هەوڵ دەدا لێیان بستێنێتەوە و بێبەشیان بکات بۆ ئەوەی کە نتوانن خۆیان نوێنەرایەتی بکەن یان نوێنەرایەتییەکەیان سنووردان بکەنەوە. یان بەشێوەی دیکە لێیان وەردەگرنەوە و یانی نوێنەرایەتی فەرهەنگیان لێ دەستێنەوە و کەسانی دیکە کە لە خۆیانن و لە حاکمییەتن دەیانکەن بە نوێنەری فەرهەنگیی ئەوان. یانی لە جێگای ئەوەی کورد نوێنەرە ڕاستەقینەکانی ئەوان ببنە هی ئێمە لە ئێران، هێندێک لەوانە بەهۆی سانسۆڕ بەهۆی جیاوازی فەرهەنگی و فیکریی و... بوونی دەزگاگەلی سانسۆڕی جۆراوجۆر  لە مەیدانی سیاسیی ئێران لادەبردێرن و کەسانی دیکەش کە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی خەڵک ناکەن، دەبن بە نوێنەریان. ئەمە دیسان یەکێک لەو ڕەوشگەلەیە کە "شانتاڵ موفە" باسی دەکا و ئێمە لە ئێران جۆرەکانی دەبینین. بەڵام شتێک کە زۆر سەیرە ئەوەیە کە گرووپگەلی مرۆیی لە تەواوی جیهاندا کە دەکەونە بەر ئەم چوار پێنج جۆرە لەڕاستیدا بێبەشی، سەرکوت و لابردن و هتد لە فۆڕمێک کە پێواژۆیەکی زۆر پێچاوپێچ و زۆر سەیر و سەرنجڕاکێش، هەوڵ دەدەن بەجۆرێک خۆڕاگری لە خۆیان پێشان بدەن. یانی جۆرێک بەرخۆدانی فەرهەنگی ئەگەر بتوانن سیاسی و گوتاری بێ باشە ئەگەر هەمیشە، بەجۆرێکی فەرهەنگی خۆیان لە سەنگەری بەرگریدا دەبینن. هەوڵ دەدەن بەشیوەی نەرم لەبەرانبەر حاکمدا خۆیان بپارێزن. واتە هەوڵ دەدەن، لە سەنگەری، فەرهەنگی، هونەری و ئەدەبی و بزووتنەوەگەلێک کە زۆرتر پاڵپشت و لەڕاستیدا دەرخەری جۆرێک لە بەرهەمی فەرهەنگییە خۆیان دەبینەوە و هەوڵ دەدەن لە بەرامبەر بێبەشبوونی فەرهەنگییە خۆیان بپارێزن.

لە ئێراندا، ئێمە لەگەڵ هەمووی ئەو شتانە کە باسم کرد، ڕووبەڕووین و بەڕەوڕووی هەموویان هێزێکی گەورەی بەرخۆدانی فەرهەنگی بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵات، چ لە حەوزەی زمان، چاپەمەنییەکانی کوردی کە دەبینین چەندە گەورەیە دیارە و چ لە حەوزەی دیاردەیەکی وەکوو نەورۆز دەبینین لە زۆربەی شارەکان لە کوردستان جێژنگەلی زۆر گەورە بەڕێوە دەچی و لە شارە کوردەکان لە نێوەڕاستی ئێران و شارەکانی دیکەوە، خەڵک لەوێ ڕادەکەن و بۆ نەورۆز دێن بۆ کوردستان، دێن بۆ ئەوەی کە ببینن خەڵکی کورد، چۆن خەریکن جێژنی نەورۆز دەگرن. ئەمە لەڕاستیدا بووە بە جۆرێک کە ئاڵاهەڵگری بەرخۆدان و ئەو خۆڕاگرییە لە بەرانبەر هەوڵی سیستماتیکی حاکمییەتی لەنێوبردنی مێژووی فەرهەنگی و مێژووی کوردی.

نووسینەوەی مێژووی چەواشە و هەوڵی تواندنەوەی ئەو نەتەوانە لە نەتەوەی سەردەستدا چەند توانیویەتی حاکمییەتی سیاسیی سەقامگیر بۆ ناوەند بەدیاری بێنیت؟ یان چ پێگەیەکی تایبەتتر بۆ ناسیۆنالیزمی فارس دەستەبەر کردوە؟

لەڕاستیدا هەر کەسێک کە خۆی لە حاکمییەت دایە، بەو سەریەکبەندی و ڕێکخستنی نیزامی مەعریفەتی و حەقیقەتی خۆی بۆ پاراستن و بۆ پێناسەی خۆی لە جیهانی سەردەم، کێشانی پێوەندییەکی مێژوویی بەرەو ڕابردوو یانی باوک و باپیرانی خۆیان هیچ کەسێک کە سەریەکبەندییە بە چەواشە نابینێ کاتێک کە بۆخۆی دەیکا. تەنیا ئەوانەی کە دژی ئەوەن و لە پەراوێزدان و بەشێوەیەکی زۆرەملی خراونەتە پەراوێزەوە، لە جۆری ئەم سەریەکبەندییە و وەکوو چەواشە ڕەخنە دەگرن. بەڵام ئەوەی کە لە دەسەڵاتی سیاسیی لە ئێران بۆ مێژووی خۆی دەیکا لەڕاستیدا جۆرێک لە مێژوو و نیزامی حەقیقەتییە، حاکمییەتی هێزی ئێستا و لەپێناوی قازانج و بەهرەی خۆیەتی. ئەگەر ئێمەی کوردیش دەسەڵاتمان هەبێ بمانەوێ ئاماژە بە مێژوو بکەین، بەدڵنیاییەوە ئێمەش دەست بۆ جۆرێک لە ڕێکخستن و سەریەکبەندی مێژوویی دەبەین کە لەگەڵ خۆمان بگونجێ. یانی بەشە مێژووییەکانی هەمیشە کەمێک کەمڕەنگتر دەکەینەوە و بەشە ڕوونەکانی گەورەتر و ڕەنگە سەدان ساڵ مێژووی بزر هەبێ بەسەریدا تێدەپەڕین وەکوو فارسەکان وایان کردوە بۆ ئەوەی کە زۆرینەی خەڵک وەدوای گێڕانەوەیەکی یەکدەست کە پاڵپشتی خەڵکەکە و ڕوحی گشتی هێزەکەی ناوەند بکات، بکەون. ئەمە شتێکە لە هەموو جیهان باوە و مێژوو هیچ‌کات وەکوو خۆی نانووسرێتەوە. مێژوو خاڵگەلی لێکبڕاو و لێکپچڕاون کە هەر یەک لە زەمانێک لەلایەن کەسێک یان کەسانێک کە پێوەندی تایبەت یان پێگەیەکی تایبەت لە دەستگای هێزدا هەبووە. بۆ مەبەستی تایبەت نوسراوە و ئێستا ئێمە لە دوای دەیان و سەدان ساڵ ئاماژە بە خاڵێک دەکەین کە ڕێک نازانین چۆن بووە و دەورووبەرەکەی چۆن بووە، ڕۆژەکانی پێش و پاشی ئەو چۆن بووە و خەڵکی ئەو سەردەم چۆن بووە. لەڕاستیدا ئێمە خەریکە ڕووداوێک لە بەستێنێکی زۆر ئاڵۆز کە هی هەزاران ساڵ لەوە پێشە، دێنین سەریەکبەندی دەکەین و دەیکەین بە بەشێک لە مێژوو. واتە چون مێژوو وەکوو خۆی نانوسرێتەوە و بە قسەی "میشێل فۆکۆ"، دوورینەوەی بۆشاییەکانە بە یەکەوە. بۆیە بەشی هەرەزۆری گێڕانەوەکانی ئێمە، بۆشاییەکانە. بەڵام ئێمە دێن پردیان بەسەردا دەبستین و دەیانکینە مێژوو. واتە ئەگەر زۆر زۆر چەپ و زۆر ڕەخنەگرانە بڕوانین بۆ مێژوو، یەک مێژوو بوونی نییە و هەموو مێژووییەک سانسۆڕ و چەواشەکاریان تێدایە. بەڵام حاکمییەتی سیاسیی بۆ سەقامگیرکردنی هێزی خۆی و بۆ یەکانگیرکردنی هێزی خۆی، پەیکەرەی گشتیی خەڵکەکە لەگەڵ دەزگای فیکری خۆی، ئەم کارە دەکا. ئێران توانیوییەتی، بەتایبەتی لە سەردەمی مۆدێڕن و  لە دوای مەشڕووتە، دەستڕاگیشتن بۆ بەشگەلێک لە مێژوو، وەرگرتن و ڕەدکردنی هێندێک لە مێژوو، یانی لە سیستەمێکی ڕەد و قبووڵ توانیوییەتی جۆرێک لە مێژوو پێشنیار بکات کە لە دەزگای پەروەردە و فێری ماڵەکان بکات کە ئێستا دەبینین لە دوای چەند دەیە، لەگەڵ ئەو نیزامی حەقیقەتە ڕاهاتوون و ئەوانەی کە ڕانەهاتوون، ئێمە دوور لە پەراوێز و دوور لە ناوەند و دوور لە گێڕانەوەی حاکمییەتی سیاسیی ئێستا و پێشوو یانی سەردەمی پاشایەتیی جێمان گرتووە و  خۆمان لە سەنگەرێک ڕووبەڕووی ئەواندا دەبنین. من لەسەر ئەو باوەڕەم سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی، پەروەردەیی لە ئێراندا توانیویەتی بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە بۆخۆی مێژووییەکی نەتەوەیی، لە فۆرمی پەروردەیی پێشنیار بکات. لە دەزگای پەروردە بتوانێ پەروردەی بکات و خەڵکەکەی خۆی فێر بکات و بتوانێ بە دەوری یەک گێڕانەوەی یەکانگیر کۆیان بکاتەوە. ئەگەرچی کارێکی زۆر زۆر ئاستەم بووە و ئێران وڵاتێکی چەند نەتەوەییە و عەڕەب، کورد، تورکی، تێدایە کە ئێرانی نین و بەڕاستی لە سەردەمی شا و ئێستاش لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی، کارێکی زۆر زۆر ئاستەم کراوە و ڕەخنەکان خەریکن خۆیان پیشان دەدەن و گێڕانەوەکان خەریکن ڕاست دەبن و گوتاری سیاسیی و دابەزینی ڕەوایی سیاسی بۆتە هۆی دابەزینی ئەساسیی گێڕانەوەکەیان و ئێستا دەبنین هەر یەک و لە گۆشەیەک، دەنگی جیاوازی خەریکن هەڵدێنن و هەر یەک لە بەشەکان خەریکن دەنگی خۆیان هەڵدەبڕن و گێڕانەوەکی خۆیان خەریکن یەکدەست دەکەن.

بە باوەڕی ئێوە ناسیۆنالیزمی ئێرانی و ئێرانیگەری و هەروەها مێژوونووسیی ئێرانی چەندە ئیدئۆلۆژیک و دەمارگڕژە؟

گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی بە سەرچاوە و نێوەڕاست و سەر لووتکەی، نەزەرکەردەی خەڵک و سەر گۆی زەوی چاو لێ دەکا. واتە خاکی ئێران بە ناوی ئێران‌ویچ و ئێرانشار پیرۆزترین خاکی جیهانە، چاوی جیهانە و، پادشای ئێران گەورەترین پادشای جیهانە و خەڵکی ئێران باشترین و پاکترینن، نەجیبترینن و ئەوە جۆرێکە لە شۆڤنیزمێکی مێژوویی کە لە ئەدەبیاتی کلاسیکدا بوونی هەبووە و لە سەردەمی مۆدێڕنیشدا لە ئەدەبیاتی مۆدێڕندا هەیە. لە شاهنامەی فێردوسیدا دەتوانین ئەوە ببنین. لە دەقگەلی پەهلەویی سەردەمی ساسانی کە بە واستە بە دەست ئێمە گەیشتوون دەتوانین بیبینین. هەروەها لە مێژووی سەردەمی مەشڕووتە لە مێژوونووسی سەرەتای مەشڕووتە و دوای ئەوە، سەردەمی پەهلەوی و هەنووکە کۆماری ئیسلامی ئەوە دەبینین. ئێستا ئەگەر سەرنج بدەن ئێران نەک لە ڕووی پیرۆزییەوە ئێران بەڵکوو لە ڕووی ئیسلامییەوە گوتارێکی دیکە پێەوە زیاد کردوە و، ئێران وەکوو "ام القری" ئیسلامی دایکی موسڵمانانی جیهان ناو دەبات و دیسان هەموو جیهان ئیسلام وەکوو مەکە، مەدەینە، نەجف و... هیچیان نەمێنن هیچ خەسارێک بە جیهانی ئیسلام ناگات، بەڵام ئەگەر تاران نەمێنێت هەموو جیهانی ئیسلام لەنێو دەچێ. بەڵام ئەم وێنە دەمارگڕژانە و ئەم جۆرە لە نەخشاندنی ئێران وەکوو سەر لووتکە و ناوەندی هەموو جیهان، وەکوو ئەوانە کە هەمیشە سەروگەردنێک لە هەموو جیهان بەرزترن، هەمیشە هەر بووە و لە ئەدەبیاتیشدا وەکوو ئاوێک لە هەمان گۆزە دێ، ڕەنگی گۆزەکە و تامی گۆزەکە دەگۆڕێ و زۆر ئیدیۆلۆژیک دیارە.

مێژوونووسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چ دۆخێک‌دایە؟

لە مێژوونووسی و چەمکی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن من وەکوو مێژوو نە وەکوو جۆرێک لە بەرگریی فەرهەنگی زۆر زۆر بەهێزی دەبینم لە گوتاری کوردیدا، بەڵام نەوەک مێژوونووسی. ئێمە بەڕاستی یەکێک لە کێشەکانمان، ئەوە بووە کە لە ڕووی خەباتی زمانی، سیاسی و فەرهەنگی زۆر زۆر بەهێز بووین. یانی پراکتیسی فەرهەنگیی ئێمە زۆر زۆر باش بووە و پێوەندییەک کە بۆ ساڵانێکی زۆر لە سەردەمی شاوە بڕیار بوو، نەبوونی مێدیا و سانسۆڕ شیپی زۆر بەهێزی عەقیدەتی ئەوانە سەپێندراوە بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا، لەلایەن حاکمییەتی ناوەندی لە تاران، جیاوازیی خستن لەنێو کورد وەکوو شیعە و سووننی و ئەم پارێزگا و ئەو پارێزگا، یان ئەوە کوردی ئەسڵە و ئەوی دیکە کوردی کاغەزییە و هتد ئەم وێنەگەلە هەر بووە. بەڵام ڕوحێکی یەکدەست و گوتارێکی یەکگرتووخواز لە کوردستان گەشەی کردوە کە بەستێنەکەی بەستێنێکی فەرهەنگی بووە. بەڵام ئەگەر واش تەماشای بکەین، کە ئەم ڕوحە و ئەم گەشەکردنە ئەم بەرخۆدانە فەرهەنگییە تا چەندە سەرکەوتوو بووە لە نووسینی مێژووی کورد کە بتوانێ ڕووبەڕووی یەکدەستی ئەوان بێتنەوە من زۆر بە سەرکەوتووی نابینم. یەک، ئێمە ئێستا کەسانێکمان هەن کە کتێبی مێژووی کورد دەنووسن، یان مێژووی بزرکراوی کورد، بەڵام بەداخێکی زۆر گرانەوە، پسپۆری ئەم بوارە نین و بابەتگەلێک دەنووسن و لە چاپی دەدەن و دەیخەنە بەر دەستی خەڵکەوە، ڕەنگە بۆ ماوەیەک خەڵک دڵخۆش کەن و کتێبەکان بفرۆشن و لە میدیاکان دەربکەون. بەڵام ئەوە خۆی دیسترۆشنێکە کە لە داهاتوودا دیسان بەرۆکی خەڵکەکە دەگرێ. خەڵکەکە خەریکن بە زانیاری ناڕاست تێر دەبن. هەست بە خۆشحاڵی، هەست بە ئەو مێژووی بەر لە خۆیان نییە و خەریکە لەلایەن دەزگای سیاسییەوە بەسەریاندا دەسەپێ و، بەوە دڵخۆش دەبن و، ئەمە هەڵەیە. چەند دەستەمان هەن، دەستەیەک زۆر نیزیک لە مێژووی دەستکردی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران کار لەسەرمێژووی کوردی دەکەن. هێندێک کەس لە فۆڕمی داڕشتنی مێژووی نەتەوەیی ئەوان کەلک وەردەگرن و کۆپی دەکەن، هەوڵ دەدەن مێژووی کورد وەکوو ئەوان بنووسن. هێندێک کەس دێن بەتەواوی ئەوە دەسڕنەوە و دەڵێن من مێژووی خۆم دەنووسم، بەڵام بەداخەوە بەشێوەیەک کە بڵێی نە زمانە کۆنەکان دەناسن، نە دەتوانن ئاسەوارە کۆنەکان بخوێننەوە و نە دەتوانن بەباشی بەرنگاری ئەو ڕەخنەگەلە ببنەوە کە ئاکادیمیسیەنەکان ئەو ڕەخنانەیان لێ دەگرن و نە دەتوانن ڕەخنەی جیددی بگرن. بەشێوەیەک کە دەتوانن ئەوان ڕێژیم بڕووخێنن و بە ڕەخنەکانی خۆیان، دایبزێنن. بۆیە ئەمن مێژوونووسیی کوردی بەتایبەت لە ڕۆژهەڵات زۆر سەرکەوتوو نابینم، لە نەزەری من بەشی هەرە زۆر و بەشی زۆر پڕبایەخ و گرینگی بزووتنەوە و بەرگریی فەرهەنگیی ئێمە، هەر نووسینەوەی ئەو مێژووی کە لەگەڵ ڕێکخستن و سەریەکبەندی سەروەری ئێمە بەڵام هاوکات بە ئینتیباق لەگەڵ ڕووداوەکان و کتێبگەلێک کە چ لە جیهانی عەڕەب و چ لە یۆنانییەکان و چ لە خودی زمانی فارسی و دەزگای مەعریفی لە خودی زمانی کوردی چی بەجێ مابێ دەبێ هەمووی ئەوانە یەک بگرێتەوە و ئێمە لە پێکهێنان و ڕێکخستنی و پێشنیارکردنی مێژووییەکی بەهێز و بە بەڵگە تاوەکوو ئێستا بەو جۆرە کە چاوەڕوانی دەکرێ سەرکەوتوو نەبووین.

جیا لە سیاسەتی ڕەسمیی حاکمییەت و گێڕانەوەی دەسەڵات لە مێژوو، بەڵام کۆسپەکانی دیکەی بەردەم  مێژوونووسیی کورد لە ئێران کامانەن؟

  ئێمە لە هەرێمی کوردستان دەزگای پەروەردەیەکمان هەیە کە بەشەکانی لێکۆڵینەوەی کوردی لە کەم بایەخترینەکانن بەداخەوە. بەشی مێژوو زۆر زۆر کەمڕەنگ و بێ نوور و بێ‌بەرنامەیە. حاکمییەتی کوردی، لە باشوور بەرنامەی تایبەت و گرینگایەتییەک کە شایانی ئەوە بێت نەیداوە بە ڕێژیمی حەقیقەتی کوردی بۆ بەرنگاربوونەوە لەگەڵ ڕێژیمەکانی دەورووبەرمان. ئەوەی کە لە ئێران دەیبینین، نووسینی مێژووییەک کە لەژێر تیغی سانسۆڕ دەربچێ، زۆر زۆر سەخت و ئاستەمە. زۆرێک لە کەسان هەن لە ئێران، دەتوانن بنووسن بەڵام لە ترسی سانسۆڕ نانووسن. زۆری دیکە دەنووسن بەڵام دەستیان بە شوێنێک ناگا. دەستڕاگەیشتنی کورد بە ئاسەوارەکانی کەمە. زۆر قەتیسە و هەروەک گوتم ئەو بەشی، سانسۆڕ شیپە کە لە چوارچێوی فیکرییەکەی، لە ڕوانگەی لاکلە و موفە هەروەک باسم کرد، یەکێکیان ئەوە بوو کە حاکمییەت ڕێگەی دەستڕاگەیشتنی لێ دەبڕێ و سنووردارت دەکاتەوە و ناهێڵێ تۆ خۆت ببینییەوە خۆت پەیدا بکەی. ئێستا زۆرێک لە بەڵگەکان لە ئاڕشیوی میللیی ئێران و لە کتێبخانەی مەجلیس و شوێنەکانی دیکەدا هەن. کوردەکانی خۆمان یان دەستڕاگەیشتنیان پێیان نییە، یان ئەوەی کە نازانن ئەسڵەن چی هەیە. من بۆخۆم زۆرجار هەوڵم داوە، لە گەنجینەی "آثار ملی" لە تاران دەستنووسێکی کوردی ببینمەوە. لە ڕووی نووسیویەتی "متن شعر بە زبان ناشناس". من دەزانم ئەوە کوردییە و بە زاراوەی گۆڕانی نووسراوە بەڵام نایدەن بە من. یان پارێزگاری سنە لە ئێران سەندێکی لە بارەی کوردستان لە خودی پارێزگای کوردستان، بەشێوەی فەرمی نییە. تەواوی ئاسەواری مێژوویی ئێمە لەبەردەستی تاران دان و ئێمە ئەگەر بمانەوێ دەستڕاگەیشتنمان پێی هەبێ دەبێ لە ڕێگای هەمەدانەوە داوا بکەین بینێرن بۆ هەمەدان و ئێمە لە هەمەدان بینینین. واتە ئێمە دەستڕاگەیشتنمان بە ڕابردووی خۆمان ڕاستەوخۆ نییە و ئەوەش کە هەیە توانای مێتۆدولۆژیکی باشمان نییە، دیوی فیکرییەکی باش کە بتوانن وەکوو ئەندێشکەدەیک لەسەر کۆسپەکان و کێشەکان بیر بکەنەوە، بە مێتۆدۆلۆژییەک ئێمە بتوانین هەوڵ بدەین بۆ خوێندنەوەی تازە و ڕەخنەگرانە بۆ پێشگرتنی مێژووییەکی تازە بەداخەوە، ئاکادیمیای کوردیمان فەشەلە، زانکۆکانمان بەداخەوە بە هەندی وەرناگرن، دەزگای سیاسیمان کە کاری ئێمە نییە. ئەگەر بەرهەم‌گەلێک و هەوڵ‌گەلێک دەبینین ئەوانە دەبێ لەژێر سانسۆڕ دەربچن. دەبێ ئەوەندە بەهێز و ئەوەندە وردبین بن کە لە پرۆسەی یەکسانسازی و پرۆسەی دیگرێنت و بێ ئەرزشسازی بەهاکانەوە لە هەموویان بتوانن گیان بدەر ببن و ئەوەندەش توانایان بێ کە بتوانن خۆیان دابنیشین مێژوو بنووسن و ساڵیانێکی ساڵ دابنیشن کاتی خۆیان دابنن بۆ نووسینی مێژووییەک و ئەوکات پێشنیاری بکەن. ئەوانە هەمووی کێشەکانی ئێمەن و هیوادارم داهاتوو ڕوونتر بێت و بتوانین بەشێ خۆمان ئەوەی لە ئەستۆمانە پێشکەشی کەین و بەجێی بێنین.