کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆترە سیخوڕەکەی هیندوستان و "کۆترەباریکە" و "کەڤووکێ" لە کوردستان

00:36 - 19 رێبەندان 2723

دارسمە

 

هیندوستان کۆترێکی بە گومانی سیخوڕی‌کردن بۆ لایەنی نەناسراو بۆ ماوەی ٨ مانگ لە قەفەسی تاکەکەسیی دەست‌بەسەر کرد و دوای ئەوەی ئەم کۆترە گومانلێکراوە، دانی بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ هیچ لایەنێکی بێگانەدا نەنا، لەلایەن دەستەڵاتی هیندوستانەوە ئازاد کرا.

پۆلیسی هیندوستان ٨ مانگ لەمەوبەر دوای ئەوەی چاوی به دو ئاڵقەی بەستراو بە دوو پێی ئەم باڵندەیەوە کەوت، لە نزیک ڕۆخی شاری "مۆمبای" دایبەزاندە خوارەوە و گرتی.  ئەو ڕاپۆرتانەی سەرچاوەی هەواڵی خۆجێی بڵاویان ‌کردوونەوە دەڵێن: چەند هێڵێکی نووسراوی وەک ئەوەی پیتی چینی بن، بەسەر باڵی ئەم کۆترە تۆمەتبارەوە دۆزراونەتەوە و کۆتری گومانلێکراو، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە بەخێرایی بۆ قەفەسێکی تاکەکەسی گوازراوەتەوە.

هاوکات لەگەڵ کۆتربازیی سیاسیی هندوستان، دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هەواڵێکی "سیخوڕاوی"ی گرینگی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند تۆڕێکی سیخووڕیی سەر بە مووسادیان لە ٢٨ وڵاتی جیهاندا دۆزیوەتەوە. هیچ بە دوور نیە ئەم تۆڕە پێوەندیی بە "کۆتر"ـه‌وە هەبیت.

لێرەدا نێوبڕێک دەخەینە نێو ئەم نووسینە کورتە و دوای ئەوەی پێتان دەڵێین مەبەست لە "سیخوڕاوی" ئەو دەستەواژەیەیە ماموستایانی ئەکادیمسیەنی کوردیزانی خۆمان پێی دەڵێن "سیخوڕئامێز". دەگەڕێینەوە سەر باسی سەرەکیمان. دیارە بۆ ئەم مەبەستە ڕەخنەیەکی توند لە ماموستا گۆرانی شاعیر دەگرین. ماموستا گۆران لە شێعرە بە ناوبانگەکەیدا لە جیات وشەی "خەیاڵاوی"یی دەستەواژەی "خەیاڵ‌ئامێز"ی دانەناوە و گوتوویەتی:

"جادە چۆڵ و سێبەر بوو کاتی بەیانی

ئەڕۆیشتم "خەیاڵاوی" ئەمڕوانی

دوای "قوڕاوی‌کردن" و "تۆزاوی‌کردن" و "خۆڵاوی‌کردن"ی لایەنگرانی شێوە ئاخافتنی کەسانی وه‌ک ماموستا گۆران و "قوڕئامێزکردن" و "تۆزئامێزکردن" و "خۆڵ‌ئامێزکردن"ی کەسانێکی دیکە، لەم نێوبڕە دێینە دەرەوە و بە دەم گوتنەوەی گۆرانیی: "کۆترەباریکە من چیم پێ وتی/ داو لە شەقەی باڵ لێم دوورەو کەوتی"،

دەگەڕێینەوە سەر بابەتی سیخوڕی.

هەتا کاتی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم چەند دێڕە، هیچ هەواڵێک سەبارەت بە ئەشکەنجەکردن و خۆڕاگریی کۆترەکەی نێو قەفەسی تاکەکەسی لە هیندوستان لە مێدیای خۆجێی و جیهانیدا سەبارەت بەم بابەتە بڵاو نەکراوتەوە. بەڵام ئەوەی بەرچاوە، دەگوترێت پۆلیس و دەزگای هەواڵگریی هیندوستان هیچ تۆمەتێکی بەدرۆیان بۆ ئەم کۆترە هەڵنەبەستوە. پۆلیس و دەزگای هەواڵگریی هیندوستان دەیانتوانی دوور لە چاوی ڕێکخراو و دامەزراوەی لایەنگری ژینگە و مافی ئاژەڵان سەری کۆترەکە ببرن و بیکوڵێنن و بیکەن بە چەلاو. دیارە چونکە کۆتر مرۆڤ نیە، دەزگا و مەزگای بەرگریکردن لە مافی مرۆڤی خوجێی و ناخۆجێیش ڕاگەیەندراوی دوورودرێژی "غیر التزام‌آور"یان بڵاو نەدەکردەوە و لەسەر شاشەی کامپیوتێر و سۆشیال میدیا بە توندییەکی زۆر توند شەرمەزاریان نەدەکرد.

 جا کۆتر چیە؟ ئەم خەڵکە زۆر سەیرە باس لە گرتن و بەردانی "کۆترۆکە"یەک یان "کەڤووک"ێک دەکات. سیخۆڕی سەرکی لەم ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە ئەوانەن گۆرانیی "کۆترەباریکە" و "کەڤووکێ" دەڵێنەوە:

کەڤووکێ لێ‌لێ لێللێ لێللێ لێللێ بووکا شینم وای وای

ئەز ئاشقێ لێلێ چاڤێ شینم وای وای.

ئەمە مەترسیە بۆسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. کێ دەتوانێت وردە کۆدی نێو ئەم گۆرانیانە بکاتەوە. ڕەنگە سیخوڕی سەرەکی ئەم  "کۆترۆک" و"کەڤووک"ـه‌ی کوردان بێت. هیچ بە دووری مەزانن ئەم گۆرانیە پڕ لە لێ‌لێ و لۆلۆیە و وشەی بووک و باسکردن لە ڕەنگان و گلەیی و گازندە لە فڕینی کۆترە باریکە هەموو کۆد و شەفرە و ڕەمز بن و تەنانەت بە دووری مەزانن بەرزی و نزمیی دەنگی ئەو کەسانەی گۆرانیی "کۆترەباریکە" و "کەڤووکێ" دەڵێنەوە پێوەندیی بە کۆمەڵێک کۆدی سیخوڕی‌کردنەوە هەبێت.

بەم ڕوونکردنەوەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت، دەستەڵاتی هەواڵگری و سیخۆڕیی هیندوستان وەک دەستەڵاتی هەواڵگریی ئەو وڵاتانەی کوردیان بەسەردا دابەش کراوە، وریا و لێهاتوو نین.

هیندووستان لە کاتێکدا لە نێوان پاکستانی جودایی‌خواز و نەیار و چینی دەستەڵاتخوازدا دەژیێت، چۆن کۆترێکی مەترسیداری سیخووڕ دوای ٨ مانگ لێکۆڵینەوە بەرهەڵا دەکات؟

هەر لەم ئێرانە‌ی بەشێک لە ئێمە کوردان لێی دەژیێن، دەستەڵاتی هەواڵگری ئەوەندە وشیارە، لە کاتێکدا لا لە کۆتران ناکاتەوە، ئەوانەی باسی کۆتر یان کەڤووک دەکەن، بە وردی دەیانخاتە ژێر چاودێرییەوە، دەست‌بەسەریان دەکات و دەیانباتە بەندیخانە و ئەگەر حەزی لێ بێت بە تۆمەتی گوتنی گۆرانیی "کۆترەباریکە" و "کەڤووکێ" و هەوڵدان بۆ بەڕێکردنی کۆدی هەرکام لە پیت و وشە و ڕستە و تەنانەت شێوازی گوتنەوەی گۆرانییەکە، پێوەندیی دەستبەسەر کراوان دەگەڵ "سەهیونیزم" و "استکبار"ی جەهانی ئاشکرا دەکات.

لێرەدا لەبەرئەوەی زیاتر لە پەنجا میلیۆن کەسێک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەزانن هەر نەبێت یەکێک له دوو گۆرانیی "کۆترەباریکە" و "کەڤووکێ" بڵێنەوە و تێیان بگەن، ئەرکی پیرۆزی دەستەڵاتدارانی ئەم دەڤەڕە بۆ لەنێوبردنی ئەم هەموو سیخووڕە ئاستەمتر دەبێتن.

هیچ بە دووری مەزانن "تن"ی "دەبێتن"یش کۆد بێت.

کۆترە سیخوڕەکەی هیندوستان و "کۆترەباریکە" و "کەڤووکێ" لە کوردستان