کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دلێرەکەی مەڵبەندی پیران (شەهید برایم شێخاڵی)

00:41 - 19 رێبەندان 2723

برایم چووکەڵی

لە یەک سەدەی ڕابردوودا بە هەزاران هەزار لاوی ئەم نیشتمانە لە ڕەوتی خەباتی ڕزگاریخوازانه‌ی‌ گەلی كورد له‌ هه‌ركام له‌ به‌شه‌كانی‌ كوردستاندا گیانی خۆیان بەختی بارەگای ئازادی کردوە. هاوکات چەند ئەوەندەش بە گیران، ئه‌شكه‌نجه و ‌کێشانی زیندان، دوور خرانه‌وه، ئاواره‌یی‌‌ و ده‌ربه‌ده‌ری‌، سووتانی ماڵ‌وحاڵیان تێچووی خەبات و خۆڕاگریی نەتەوەکەی خۆیانیان داوە. لە گۆشەی "هەگبەی شاخ‌وشۆڕش"ی ئەمجارەدا یادی شەهید برایم شیخاڵی، قارەمانێکی ئەم مەیدانی خەبات و نەبەردییە دەکەینەوە.

شەهید برایم شێخاڵی ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی لە گوندی پەسوێی سەر بە شاری پیرانشار چاوی بە دنیای ڕوون کردەوە. ئەو پێ‌بەپێی گەورەبوونی دەردی گەلی کوردی چەوساوە و هەژارانی کوردستانی نەک بە درووشم و قسە، بەڵکوو بە گیان‌ودڵ چێشت. هەربۆیە لەسەرەتای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئیراندا بۆ خەبات و وەدیهێنانی ماف و ئازادییەکانی خۆی و گەلەکەی هاتە نێو ڕیزی پیشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە.

شەهید برایم شێخاڵی زۆر زوو نیشانی‌ دا کە کوڕێکی ئازا و بەهیممەت و ڕۆڵەیەکی هەڵكەووتووی گەلی کوردە، بۆیە پاش ماوەیەک کار و تێکۆشان توانی وەک کادرێکی سیاسی لە ناوچەی پیرانشار و نە‌غەدەدا جێگای خۆی لەنێو دڵی پێشمەرگەکان و خەڵکی ناوچەدا بکاتەوە.

برایم شێخاڵی نەک هەر کادرێکی سیاسیی باشی نێو کۆمەڵانی خەڵک بەڵکوو لە بەرەی شەڕ و تێکهەڵچوونەکان لەگەڵ ڕێژیمیشدا وەک پێشمەرگەیەکی قارەمان لە مەیداندا بوو. ئەو پاش ماوەیەک لە سۆنگەی لێزانی و ئەزموونەکانی بە فەرماندەری لکی شەهید "مراد شیرێژ" لە ‌هێزی شەهید ئەفشین دیاری کرا و ئەو بەرپرسایەتییە بوو بە هۆی ئەوە لە مەیدانێکی پان‌وبەریندا تێکۆشانی خۆی بەربڵاوتر بکا. هیندەی نەبرد کارزانی ‌و لێهاتوویی برایم شێخاڵی بوو بە هۆی ئەوەی لەلایەن دەفتەری سیاسیی حیزبەوە وەک فەرماندەری هێزی شەهیدانی دیواندەرە دیاری بکری و ئەمجارەیان لە ناوچەی دیواندەرە دەرسی لەبیرنەکراو بە هیزەکانی کۆماری ئیسلامی ‌بدا و زەبری گورچووبڕیان لێ بدات. پاش ماوەیەک کار لە ناوچەی دیواندەرە، لە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاویدا لەلایەن حیزبەوە بە فەرماندەری هێزی شەهید نەحۆ لە ناوچەی ورمێ دیاری کرا و بەمجۆرە لە ناوچەیەکی دیکەی کوردستان ئەزموونەکانی خستە خزمەت سەرکەوتنی حیزب و هێزی پێشمەرگەوە.

شەهید برایم شێخاڵی لەهەر شوینێک ‌و لەهەر دەرفەتێکدا بەرامبەر بە دوژمن قورس‌ و قایم بوو. ئەو ئیمانێکی قوڵی بە سەرکەوتنی خەباتی خەڵکی کوردستان بوو، هەر بۆیەش گیان ‌و ژیانی لەپێناوی بەختەوەریی نەتەوەکەیدا بەخت کرد. شەهید برایم لە حاند هاوسەنگەران و هاوڕێیانی و خەڵكدا ‌‌هێدی و لەسەرخۆ و بەرانبەر دوژمنانی گەلی کورد لێبراو خۆڕاگڕ و نەترس بوو. حیزبی دێموکرات شانازیی بە خۆی دەکرد کە ڕۆڵەی وەک برایم شێخاڵیی لە ڕیزەکانی خۆیدا پەروەردە کردوە.

شەهید برایم بایەخێکی زۆری به هێزی خه‌ڵك و پشتیوانی ڕاسته‌قینه‌ی جووڵانه‌وه‌ ده‌دا و زۆر جاران به‌ هاوسه‌نگه‌رانی ده‌گوت: شۆڕش و جووڵانه‌وه‌ کاتێک سه‌ر ده‌که‌وێ که‌ ڕێشه‌ی له‌نێو دڵی زه‌حمه‌تکێشان داکوتابێ، بۆیه‌ ‌گرینگییه‌کی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری به‌ پێوه‌ندیی نێوان خه‌ڵک ‌و پێشمه‌رگه‌ ده‌دا و هه‌میشه‌ هه‌وڵی ده‌دا ئه‌و پێوه‌ندییه‌ قایم ‌و پته‌وتر بکا، هه‌ر بۆیه‌ش خه‌ڵک ئه‌ویان وه‌ک کوڕی خۆیان چاو لێ ده‌کرد و خۆشیان ده‌ویست و ڕێزیان لێ ده‌گرت، مخابن کە حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد زۆر زوو ئەو ڕۆڵەیەی خۆی لەدەست دا. با چۆنیەتی شەهیدبوونی برایم شێخاڵی لە دەفتەری بیرەوەریی هاوسەنگەرێکیدا بخوێنینەوە:

"ڕۆژی ٧ی جۆزەردانی ١٣٦٤ی هەتاوی لە گوندی جیرمێ لە ناوچەی تەرگەوەر، بۆ حەسانەوە لامان دا. هەر ئێواڕی کاک برایم فەرماندە لکەکانی کۆ کردەوە و بەرزاییەکانی پی سپاردن. سەعات ٤ی بەیانیی ڕۆژی دواتر گرمەی ئارپیجی ‌و قریشکەی بیکەیسی ‌و قرمەی کلاشینکۆف بێدەنگیی ناوچەکەیان شکاند. ئەمن‌ و کاک برایم لەگەڵ چەند پێشمەرگە بەرەو بەرزاییەکان هەڵگەڕاین. شەڕێکی نابەرابەر لەنێوان ئێمە و دوژمنانی ئازادی دەستی پێ کردبوو. لەگەل کاک برایم شێخاڵی لە بن بنچکە شیلانێک سەنگەرمان گرتبوو کە چەند جاشمان لێ وەدەر کەوتن. جێگای ئەوان قایم و شوێنی ئێمە ڕووتەن بوو. چەند هەنگاوێک مابوو بگەنێ لەپڕ دەسرێژیان لێ کردین و ئێمەش وڵاممان دانەوە. مخابن لەو کاتەدا گوللەی جینایەتکاریک سینگی پڕ لە تاسەی برایمی شێخاڵیی پێکا. گوللە وەک تەرزە بە سەرماندا دەباری، کۆڵەپشتییە دەرمانییەکەم کردەوە تا بتوانم دەرزییەکی خوێنبەستی لێ بدەم. گوتم کاک برایم تا دەرزییەکە ئامادە دەکەم دەسڕێژێک بکە با نەگەنە سەرمان، بەڵام بەداخەوە ئەو کە بە هۆی خوینڕێژی برستی لێ بڕابوو تەنیا توانی چەند گوللەیەک بتەقێنێ. لەودەمەدا سەری هەڵێنا و گوتی لێم نیزیک بەوە. مۆری هێز و چەند بەڵگەی لەنێو جانتابچووکە دەستییەکی دەرهێنا و گوتی ئاگات لێیان بێ نەکەونە دەست دوژمن. شەڕ تا دەهات گەرم ‌و گەرمتر دەبوو. کاک برایم سەری هەڵێنا تا دەورووبەری خۆی تاقی بکاتەوە و ئاگاداری وەزعەکە بێ، بەڵام سەد مخابن لەو کاتەدا گوللەیەکی دیکە سەری گرت ‌و بۆ هەمیشە دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.