کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەی یەکگرتووی کورد: نەورۆز سەمبولی ئاشتی و تەباییە و ئاگری نەورۆز مەشخەڵانی ڕزگاریی نەتەوەیەکی کەونارایە

12:28 - 24 رەشەمه 2723

بەرەی یەکگرتووی کورد بەبۆنەی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێ، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

نەورۆز، هەر ئەو جۆرە کە ژیانەوە و سەرهەڵدانەوە دوای خەوێکی درێژخایەنی سروشتییە، مزگێنی وەرزێکی نوێ و ھێمای بوژانەوە و بەهێزترکردنی ڕۆحی نەتەوەییە بۆ کورد.

ساڵی ڕابردوو، شاهیدی درێژەی یەکێک لە کاریگەرترین بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران لە ژێر دروشمی ژن- ژیان- ئازادیدا بووین. بزووتنەوەیەک کە پێکهاتووە لە ژنان، پەراوێزخراوەکان و چینەکان کە بە  مودیریەتی غەڵەتی دەسەڵاتداران بەرەو هەژاری دەبرێن. ئەم بزووتنەوەیە کە لە کوردستانەوە سەری هەڵدا توانیویەتی گوتار و کولتوورێکی نوێ، داهێنەرانە و شۆڕشگێڕانە لە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەی ئێراندا بەڕێوە ببات.

ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەت لە ساڵی ٢٧٢٣دا، بە ڕەوتێکی ناهەمواردا تێپەڕیوە، سەدان ڕۆڵەی ئەم گەلە گیانیان بەخت کرد، هەزاران کەس بریندار و دەسبەسەر کران، ھەڵاوسان و ڕکوودی ئابووری، بێکاری، گرانی، گەندەڵی و تەڵاق و ماددە هۆشبەرەکان بەردەوام لە زیادبووندا بووە. زیندانەکان ھەروا قەرەباڵغن و چالاکانی سیاسی، مەدەنی و ژینگەپارێزی ھەروا لەژێر گوشاردان و ئێعدام ھەر بەردەوامە. کورد و داواکارییەکانی وەک هەموو کات، پشتگوێ خراون. کوردستانیش وێڕای کۆی ئێران تووشی ھەموو ئەو قەیرانە گشتییانەیە و کێشەکانی وەک بێکاری و نەبوونی پلانی پیشەسازی و ژێرخانە ئابوورییەکان، ھەر وەک پێشوو، لە پلەی ئاخری ئێراندان، سەرەڕای ئەوەی کە کێشە تایبەتییەکانی کوردستان وەک کێشەی کۆڵبەری و بێکاری زیاد لە ڕادە و ھەڵاواردنی نەتەوەیی و مەزھەبی دەردی سەرووی دەردانن، مافی کلتووری و سیاسیش بە ھێند ناگیرێن و ئاوڕێکی جیدیش لە زمانی کوردی نەدراوەتەوە و نوخبە و خوێندکاری کورد ھەر لە پەراوێزدایە. ئەوە لەحاڵێکدایە سەرەڕای ئەم ھەموو کێشەیە، بە خۆشییەوە کۆمەڵگەی مەدەنی کورد، زیندوو، خۆڕاگر و وشیار، درێژە بە چالاکی و گەورە بوونەوە دەدات و بۆتە ھێمایەکی سەرکەوتوو.

"بەرەی یەکگرتووی کورد"یش وەک بەشێ لە بزووتنەوەی کوردی، وێڕای زیندانیکردنی دەبیری بەرە، لەم ساڵەدا هەوڵەکانی خۆی چڕ کردووەتەوە و خەریکە وەک چەترێک بۆ گوتارێکی ھاوبەشی ناوخۆی کوردی هەوڵ دەدات و داواکارییەکانی کورد دەکاتە واتا سەرەکییەکانی ئەم گوتارە ھاوبەشە نێوخۆییە.

"بەرەی یەکگرتووی کورد" پیرۆزبایی نەورۆز و ساڵی ٢٧٢٤ی کوردی لە گەلی کورد دەکات و ھیوای بەئامانج‌گەیشتنی ئاواتە لەمێژینەکەی کورد واتە "مافی چارەی خۆنووسین"ی ھەیە و ئاواتەخوازی ژیان لە وڵاتێکی ئارام و ئاوەداندایە و ھیوادارە ساڵی تازە ببێتە ساڵی بە فەرعانە گەیشتنی خەڵکی کورد لە کوردستاندا.

"بەرەی یەکگرتووی کورد" بەبۆنەی ساڵی نوێ و نەورۆزی پیرۆزی کوردەواریەوە داوا لە ھەموو چین و توێژەکانی کوردستان دەکات بە یەکگرتووییەوە بەشداری لە ئاھەنگەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا بکەن و بیسەلمێنن کە بۆ کورد نەورۆز سەمبولی ئاشتی و تەباییە و ئاگری نەورۆز- مەشخەڵانی- ڕزگاریی نەتەوەیەکی کەونارایە.

 

بەرەی یەکگرتووی کورد

نەورۆزی 2724ی کوردی