کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سویس/ بەشداریی هەیئەتی حیزب لە کۆبوونەوەی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان

22:18 - 29 رەشەمه 2723

رۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەشەمە(١٨ی مارسی ٢٠٢٤)، هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئیس پێکهاتوو له خاتوو چیمەن بارام میرزا، کاک عوسمان یاری و کاک ڕەحیم موحەممەدی و کاک ئەحمەد تەیمووری بەشدارییان لە ٥٥ـەمین خولی کۆبوونەوەکانی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بنکەی سەرەکیی ئەو ڕێکخراوە لە ژنێڤ کرد.

 ئەم کۆبوونەوەیە بە بەشداریی جاوید ڕەحمان سەرۆکی گشتیی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستیەکان و سارا حوسێن سەرۆکی کۆمسیۆنی ناوەندی سەربەخۆیی بەڕێوە چوو.

 جاوید ڕحمان دوای ٦ سال لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەمەڕ پێشێلکاری و سەرکوت و ئیعدام و ئەشکەنجە، ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

جاوید ڕەحمان لە ڕاپۆرتی کۆتاییدا دۆخی مافی مرۆڤی لە ئێرانی "زۆر نیگەرانکەر" وەسف کرد و ئاماژەی بە زیادبوونی ٤٣٪ی ڕێژەی ئێعدامەکان لە ساڵی ٢٠٢٣کرد. ڕوونیشی کردەوە کە سەرەڕای نیگەرانییە جیددییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەسێدارەدانی منداڵان بەردەوامە ونلە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٢٢ ژن لە  سێدارە دراون.

 هەروەها ڕیپۆرتەری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران بە ڕوونی ئاماژەی بە دەرکردنی حوکمی نایاسایی دژی هاووڵاتییان، ئەشکەنجەدان لە زیندانەکان و بێبەشکردنی زیندانیان لە دەستڕاگەیشتن بە مافی هەبوونی پارێزەر وەک کردەوەی بەرتەسککەرەوەی دەزگای قەزایی ئێران بەرامبەر بە هاووڵاتیان کرد.

 ناوبراو ڕەخنەی لە بارودۆخی کەمینه نەتەوەیی و ئایینییەکان، چالاکانی مافی مرۆڤ، چالاکانی سیاسی، مەدەنی و کرێکاری و ژنان له ئێران گرت و نیگەرانیی خۆی لە ئێعدامی هاووڵاتییانی کورد و بەلووچ بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر و ئەمنییەتی و سیاسی و هەروەها کوشتنی نایاسایی هەڵگرانی سووتەمەنی بەلووچ و کڵلبەرە کوردییەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەربڕی.

 لەم ڕاپۆرتەدا، ئەو سنووردارکردنانەی کە بەسەر ژنان لە ئێراندا سەپێنراون، بە ڕوونی لەژێر سەردێڕی "ئاپارتایدی ڕەگەزی" و "یاسای حیجابی زۆرەملێ" و هەروەها "سەرکوتکردن، هەڵاواردنی بەردەوام و بەکارهێنانی شێوازی زاڵمانە و توندوتیژیانەی پۆلیس لە دژی کچان و ژنان" هاتووە.

 

 هاوکات ٤٣ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران و جیهان داوایان لەم ئەنجومەنە کرد کە ئەرکی جاوید ڕەحمان، ڕیپۆرتەری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها لیژنەی نێودەوڵەتیی دۆزینەوەی ڕاستییەکان لە ئێران درێژ بکاتەوە.

 لە نێو واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، کۆمەڵەی قەڵەمی ئەمریکی، ڕێکخراوی گەلان و گەلانی نافەرمی (UNPO) و ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران هەن.  ئەم ڕێکخراوانە ڕایانگەیاندووە کە درێژەدان بە هەر دوو نوێنەرایەتی "جیاواز و تەواوکەری یەکتر" بە بابەتێکی گرینگ دادەنرێت کە هاوتەریب لەگەڵ ئەرکی ئەنجومەن بۆ باشترکردن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندایە.

لە پەراوێزی ٥٥ـەمین خولی کۆبوونەوەکانی شۆرای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان سێمینارێک لەسەر پرسی نەتەوەکان و پرسی ژنان و پرسی عەداڵەت و بەدواداچوون لەسەر ئێران بە بەشداریی سارا حوسێن سەرۆکی کۆمسیۆنی لێپرسینەوەی ناوەندی سەربەخۆیی و تەیموور ئەلیاسی سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ژێنێڤ و مۆنیرە شیرازی لە گرووپی مافی مرۆڤی بەلووچ، نووسین ساراکاتی پارێزەری مافی مرۆڤ و ڕافایێل هازان بەڕێوەبەری پرۆژەی دژ بە سزای سێدارە پێک هاتبوو. بەشداربووان پێشوازییان لە ڕاپۆرتی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان لەمەڕ جینایەتی دژەمرۆیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە نەتەوەی کورد و بەلووچ کرد و ئاماژەیان بە کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی لەم دوو ناوچەیە کرد.

زانیار توندڕەو یەکیک لە بریندارانی شۆڕشی ژینا کە چاوێکی لەدەست داوە وەکوو  شایەتحاڵێک بەشداری سێمینارەکە بوو.