کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەورۆز لە تانوپۆی نیشتماندا

13:29 - 1 خاکەلێوه 2724

کەریم پەرویزی

زەوی بە دەوری خۆردا دەورێکی تەواوی لێ دایەوە و دووبارە لە نوختەیەکی تایبەتدا سرووشتی سەر زەوی بەرەوڕووی گۆڕانێکی دیکە دەبێتەوە. لە نوختەی ناسراو بە پێگەی بەهاری لە بازنەی زەوی بە دەوری خۆردا، ژیان لەسەر زەوی لە ناخەوە دەگۆڕێ و بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان، لە بەرزاییەکانی زاگرۆسدا سەهۆڵ و شەختە دەتوێنەوە و گوڵی پەیامهێنەری کۆتایی زستان سەر هەڵ دەدەن. نەورۆزی سروشت ژیانەوە بە مزگێنی دێنێ و نەورۆزی کۆمەڵگەش ژیانەوەی سروشت دەکا بە هێمای هیوا بە ڕۆژێکی نوێ!

لەوەتەی خەڵکی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵ شارستانیەتی مێزووپۆتامیا ئاشنا بوون، ڕێورەسمە تایبەتەکانی نوێبوونەوەی ساڵی سرووشت و ژیان پێکەوە دەگرن و سەری ساڵ لەم ناوچەیەدا لەگەڵ ڕووداوە سرووشتیەکان یەکانگیر بوون و هەر بۆیە سەری ساڵ لە کوردستان  پڕ بە پێستی نوێبوونەوەیە.

ئەم ڕەمزی نوێبوونەوەیە، بەتایبەت لەم سەردەمەدا کە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەژێر ستەمکاریی دڕندانەی ڕێژیمێکی سەرەڕۆدایە، مانایەکی قووڵتر دەگرێتە خۆ و هەر بۆیە دەبینین کە لە کوردستانی هەمیشە لەسەر پێ، خەڵک بە گوڕ و تینەوە بەرەو پێشوازیی نەورۆز دەچن. ڕێورەسمە بەرفراوانەکانی پێشوازیی نەورۆز لە شوێنە جیاجیاکانی کوردستان، نیشانەی ڕوونی زیندوویی ئەم گەلە و لەسەرهەست بوونیان و هەروەها هێمابەخشیی نەورۆز و ئاگری پیرۆزی نەورۆزن بۆ نیشتمانی کوردستان.

لەوەتەی لە تارانەوە سیستمی سیاسی هەوڵی داوە کە ڕەنگ و بۆ و تام وچێژی جیاوازی نەتەوەیی لە ئێران بسڕێتەوە و هەمووی لە زەرفێکی دەسکرد بە ناوی نەتەوەی ئێرانیدا بتوێنێتەوە، تاکوو ئێستا بەردەوام هێما و ڕەمز و پارامێترە کولتووری و ناسنامەییەکانی کوردستان و  کورد بەتاڵان براوە و هەوڵیان داوە بەرگێکی دیکەی بە بەردا بکەن و بە ڕەنگ و بۆنی دیکەوە بە کوردستانی بفرۆشنەوە.

لە ڕێورەسم و یادەکانی نەورۆزیشدا هەوڵیان داوە ئاگری نەورۆز داگیر بکەن و بیکەن بە شتێکی لاوەکی و نەورۆز تەنیا لە دانیشتن لە ماڵەوە بە دەوری سفرەیەک بەناو حەوت سیندا کورت بکەنەوە کە نە ڕەسەنە و نە لە هیچ مێژوویەکدا ئاماژەی پێ کراوە!

بەڵام ڕێورەسمە نەورۆزییەکان و هەڵکردنی ئاگر لەسەر بەرزاییەکان و پێشوازی لە نوێبوونەوەی ساڵ و هەروەها کۆبوونەوەی خەڵکی شار و گوند بە دەوری یەکەوە و پێکەوە شایی کردن و بە تێکڕا سەردانکردنی ئەو ماڵانەی ئازیزێکیان لەم ساڵدا لەدەست داوە، لە پارامێترە ناسێنەرەکانی نەورۆزی کوردەوارین!

ساڵانێکی زۆر دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستیی پاڵەوی و دوایەش خومەینی هەوڵیان دا هێما فەرهەنگییەکانمان بدزن و لە نێوەڕۆک بەتاڵی بکەنەوە و چەندین دەیەشە ڕێژیمی خومەینی دژی نەورۆزی کوردستان بووە و تەنانەت ئاگرکردنەوەشی بە گوناح ناودێر دەکرد. بەڵام مێژوو نیشانی داوە و دووبارەش کوردستان سەلماندیەوە کە ئەوە دەسەڵاتدارانن کە دەبێ ملکەچی ڕەوڕەوەی مێژوو ببن و نەتەوەکان هەر دەمێنن. بۆیە دەبینین کە دوای چەندین دەیە دژایەتیی دەسەڵاتی ملهوڕی تاران لەگەڵ نەورۆزی کوردەواری، ئێستە ئیدی بە فراوانی ڕێورەسمی نەورۆزی لە کوردستان بەڕێوە دەچێ و هێما خەباتکارانەکانیشێ تێدا بەرز دەکرێتەوە و دەسەڵاتی ملهوڕ تەنیا ڕووڕەشییەکەی بۆ دەمێنێتەوە!

نەورۆز وەکوو یادێکی سەری ساڵ ڕەنگە کورتماوە بێ و بە هەڵکردنی ئاگر و بەرزکردنەوەی هێما نەتەوەیی و خەباتکارانەکان، خەڵک هیوایەکی دووبارەیان پێ ببەخشرێ و دەسەڵاتیش پێی وابێ بە کۆتاییهاتنی ئەو ڕۆژە، ئیدی دۆخەکە وەکوو خۆی لێ دێتەوە و دووبارە زاڵ دەبێتەوە بەسەر کۆمەڵگەدا! بەڵام ئەوەی لێی نازانێ و خەڵک لەوێشدا بەپێچەوانەی ویستی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و ئینکارگەر دەجووڵێنەو، بریتیە لەوەی کە نەورۆز دەکەن بە بناخەیەک بۆ هیوا بەخشێن و هەروەها توندکردنەوەی گرێچنە کۆمەڵایەتییەکان.

کاتێک ڕێورەسمی نەورۆز لە کوردستان بەڕێوە دەچێ، بە تێکڕای نەتەوەیەک بەرەوپیری دەچن و پێی شاد دەبنەوە و بە دەوری ئاگرەکەیەوە شایی دەگێڕن و ئەمە ڕۆحی نەتەوەییان دووبارە دەر دەخاتەوە و دەیسەلمێنێتەوە. سنوورێک کە تێیدا ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە و خەڵکێک کە بە دەوری ئەو ئاگرەوە شایی دەگێڕن و هێما نەتەوەیی و خەباتکارانەکان بەرز دەکەنەوە لە ڕاستیدا سنووری نیشتمان دەر دەخا!

لەنێو ئەم نیشتمانەدا، هەن کەسانێک کە گرانبەهاترین سەرمایەیان واتە گیانیان پێشکەشی ڕووسووریی نیشتمان کردوە. شەهیدانی کوردستان ئەوانەن کە بە خوێنیان نیشتمانیان بونیات ناوە و هەر بۆیە ڕەمزی سەربەرزیی گەلن و لە نەورۆزدا، کۆمەڵگە بەرەو سەر مەزارەکەیان و سەردانی بنەماڵەکانیان دەچێ تاکوو ڕایبگەیەنێتەوە کە ئەم نیشتمانە و ئەم ڕێورەسمانە و ئەم زیندوومانەوەی هێما و ئاڵای نەتەوەیی و خۆڕاگرییانە و گەشاوە بوونی ئەم ئاگرانە، بەرهەم و قەرزارباری خوێنی شەهیدان و ئەم ڕۆڵە نەمرانەن کە ئێستا ئیدی مەشخەڵانی ڕزگاریی نیشتمانن.