کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جامانە سەروێنی یەکسانی و بەرابەریخوازی

01:08 - 5 خاکەلێوه 2724

تاهیر قاسمی

جامانە، جامەدانە، جامەدانێ، جەمەدانە یان ئاغابانوو پارچەیەکی سپیی بە دەزووی ڕەش و هێندێکجاریش بە ڕەنگی دیکەی وەک سوور یان سەوز چندراوە. بە جۆرێک کە پارچەکە ڕەنگی ڕەش و سپی بە خۆوە دەگرێ. تا ئاستێک کە ڕادەی هەردوو ڕەنگ تێیدا یەکسان دەبن و دەبێ سەروێن و وەک پێچ، شەدە، مشکی و.. لەگەڵ کڵاو، لە دەوری سەری دەهاڵێنن و لەسەری دەبەستن.

جامانە وەک ڕەنگ تایبەت بە کورد نییە و لەنێو نەتەوەکانی دەوروبەریش بەتایبەت لەنێو عەرەبدا بەشێوە و ڕەنگی جیاواز، کەم و زۆر دەبیندرێ. دیارە لەنێو کوردیشدا نە ڕەنگەکەی و نە شێوەی بەستنەکەی وەک یەک نییە. لەهێندێک ناوچەدا بەتایبەت لە بارزان و بادینان زیاتر ڕەنگە سوورەکەی باوە لەحاڵێکدا لەناوچە سۆرانی نشینەکاندا ڕەنگە ڕەش و سپییەکەی برەوی زیاتری هەیە.

سەبارەت بە جۆری بەستن یان لەسەرنانی، وەک هەر سەروێنێکی دیکە، پیاوان لە دەوری سەری دەهاڵێنن و ژنان وەک لەچکە لەسەری دەبەستن. لەهێندێک ناوچەدا ڕیشۆڵی وێدەخەن و هێندێکجاریش لەگەڵ شەدە و مشکی تێکەڵی دەکەن.

 لەباری مێژوویی‌یەوە ڕوون نییە کە جامانە لە کەیەوە لەنێو کورددا داکەوتووە. کۆنترین وێنەگەلێ کەم لەم بارەوە بەردەستن، وێنەی زێوەری شاعیر (١٨٧٥ - ١٩٤٨) بە تەمەنی پیری و شێخ مەحموودی حەفید (١٨٧٨ - ١٩٦٥) لە نێونجی تەمەنیدایە. بەو پێیەش دەبێ جامانە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا لانیکەم لە دەڤەری سلێمانی و دەوروبەردا سەروێنێکی باو و جێکەوتوو بووبێ.

سەبارەت بە بنەمای وشەی جامانە و لق و پۆپەکانی دوو بۆچوون هەیە؛ بۆچوونی باو پێیوایە کە جامانە هەمان جامەدانی و ئەویش لە دوو پاژی جامە بە واتای جل و دان یان دانی بەواتای شوێنی هەڵگرتنە کە لەسەر یەک واتای شوێن یان کەرەسەی هەڵگرتنی جامە و جلە. بەڵام بۆچوونێکی دیکە پێی وایە جامانە دەگەڕێتەوە سەر وشەی جەم بەواتای لێک کۆبوونەوە کە وشەیەکی کەوناری ئایینی‌یە بەو جۆرەی لە جەم و جەمخانە و جومعەدا هەیە. ئەوەش بەسەرنجدان بە لێک کۆبوونەوە و یەکتر گرتنەوەی دوو ڕەنگی ناتەبا و دژ بە یەکی ڕەش و سپی وەک نەخشی سەر ئەم پارچەیە. ئەم واتایە بەجۆرێک لە وشەی ئاغابانووشدا هەیە کە لە دوو بەشی ئاغا وەک پیاو و بانوو وەک ژن پێکهاتووە. دوو توخمی نالێک کە لە ڕاستیدا تەواوکەری یەکترن. 

 لە سەدەی ڕابردوودا، لەگەڵ پەرەگرتنی یەک لە دوای یەکی خەباتی چەکداری لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، جامانە زیاتر وەک سەروێنێکی پێشمەرگانە خۆی نواند. بە تایبەتیش کە پیاوان بەشی هەرە سەرەکیی هێزی پێشمەرگەیان پێکدەهێنا، وای کرد کە لە هزر و ڕوانینی خەڵکدا جامانە بە بەشێک لە جلی پیاوانە هەژمار بکرێ. بەڵام ئەو بۆچوونە درووست نییە و جامانە سەروێن و هێمای هاوبەشی نێوان ژن و پیاوی کوردە، چونکە؛

١- لە ڕابردوودا هەر دوو جنسی ژن و پیاو ئەم سەروێنەیان بەستووە. تایبەتیش نەبووە بەو ژن و پیاوانەی چەکیان لە شان بووە یان تەنیا ئەوانەی پێشمەرگە بوون. لەنێو خەڵکی ئاساییدا بە شێوە بەستنی جیاواز، بۆ هەر دوو ڕەگەز باو و برەوی هەبووە. پیاوان زیاتر وەک سەروێن لە سەریان هاڵاندووە و ژنان وەک لەچکە لە سەریان بەستووە. هاوکات هەردوو ڕەگەز لە ملیان هاڵاندووە و تەنانەت هەبووە کە وەک پشتێندیش لە کەمەریان بەستووە.

٢- لە جامانەدا ڕادەی دوو ڕەنگی سپی و ڕەش یان سپی و سوور بەرابەرن. ئەوە دەکرێ وەک هێمایەکی بەرابەریی کۆمەڵگا و بەرابەری لە نێوان دوو ڕەگەزی ژن و پیاو دا سەیر بکرێ.

٣- یەک لە ناوەکانی دیکەی جامانە، ئاغابانوویە کە لەو وشەیەشدا هەر دوو ڕەگەزی پیاو (ئاغا) و ژن (بانوو) حزووریان هەیە.

٤- وشەی جامانە دەکرێ لە جامەدانەوە نەهاتبێ کە لە بنەڕەتیشدا کەمتر بۆ هەڵگرتنی جلوبەرگ بەکار دێ. بەو پێیە وەک باس کرا، جامانە لە ڕەگی جەم بە واتای هێما و نیشانەی جەمبوون و لێک نیزیکبوونەوەی جیاوازیەکان و پەرت و پەڕەوازەکان لەگەڵ یەکترە. جەمخانە بە واتای شوێنی کۆبوونەوە بۆ نوێژ و خوێندنی سروودە ئایینیەکان هەتا ئێستاش ناوی پیرۆزترین ماڵی پێڕەوانی ئایینی یارسانە.

٥- دانانی دوو ڕەنگی ڕەش و سپی لە پەنا یەکتر ڕەگی لە باوەڕە مێژووییەکانی کورددا هەیە. ئەم باوەڕە بۆ وێنە لە بیناسازیدا؛ (بورجا بەلەک)، لە ڕستن و چنیندا؛ (بەرماڵ و دووگورد)، لە جلوبەرگ دا؛ (گۆرەویی میرزایی، چۆغەی بەختیاری و کڵاو) و بوارگەلی دیکەشدا ڕەنگی داوەتەوە.

٦- وشەی "ڕەشبەڵەک" کە بە هەڵپەڕینی هاوبەشی ژن و پیاو، دەستی یەک گرتنی کچ و کوڕ و لە پەنا یەک قەرارگرتنی ژن و پیاو لە گەڕی هەڵپەڕکێدا دەگوترێ، بە واتای لەپاڵ یەکدا بوونی دوو ڕەنگی ڕەش و سپی‌یە. مەبەست لەو دوو ڕەنگەش یەکیان ژن و ئەویدی پیاوە. جامانەش هەڵگری ئەو پێکهاتەیە.