کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهید بە ژیانی نیشتمانێک بونیات دەنێ

18:49 - 8 خاکەلێوه 2724

کەریم پەرویزی

ئەو رۆژەی کە لە بێدادگایەکی رژیمی ملهوڕی پاشایەتیدا، حوکمی دژە مرۆڤایەتیی ئێعدامیان بەسەر پێشەوای نەمردا سەپاند، پێشەوا گوتی ئێوە قازی موحەمەدێک لەدار دەدەن، بەڵام ئەم کوردستانە پڕ دەبێ لە هەزاران قازی موحەمەد!

دوکتور قاسملووی نەمریش بە هاوڕێیانی گوت کە دوای مەرگم لەسەر کێلەکەم بنووسن: کە من مردم کورد نامرێ! دوکتور سەعیدی نەمریش لە رێورەسمی تایبەت بە یادی دوکتور قاسملوودا گوتی کە ئێمە بەڵێنمان لەگەڵ رێبەرانی شەهید نوێ دەکەینەوە و لەو رێگایەدا یان سەر دەکەوین یان سەردادەنێین!

رۆژی ١٠ی خاکەلێوە، ساڵرۆژی لەسێدارەدانی پێشەوای نەمر و هاوڕێیانی لە لایەن دەسەڵاتی خۆسپێن و ملهوڕی پاشایەتییەوەیە و لە درێژەی بزووتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتیکی کورددا بە هەزاران کەس لەو رێبازەدا گیانیان بەختی سەروەری و بەختەوەریی کوردستان و نەتەوەی کورد کردوە و لە پێناوی بونیاتنانی نیشتمانێکی پڕ لە ئاوەدانی و یەکسانی و دادپەروەریدا گەورەترین سەرمایەی ژیانیان پێشکەش کردوەو هەر بۆیە و بۆ رێزدانان و یادکردنەوە و بەردەوامیدان بە یاد و رێبازی هەموو شەهیدانی کوردستان، ١٠ی خاکەلێوە وەکوو رۆژی شەهیدانی کوردستان ناسێندراوە.

شەهید بوون لە رێبازێکی پڕ لە شانازی و سەروەریدا، لەو هزرە قووڵەوە مانا وەر دەگرێ کە رێبەرانی شەهید وانەبێژی بوون. لەو وانە مێژووییەدا کە بە درێژایی تەمەنێک لە خەبات و قوربانیدان و گیانفیدایی لە کوردستاندا وەدی هاتوە و رێبەرانی ئەم گەلە باسیان لێ کردوە، شەهید بوون یانێ هەزاران پاتبوونەوەی تاکی خەباتکار، بەو واتایەی کە پێشەوای نەمر دەڵێ، مەرگ و لەسێدارەدان کۆتایی شەهید نیە بەڵکوو سەرتایەکی دیکەیە بۆ ئەوەی بەهەزاران تاکی دیکە لەو رێگایەدا هەنگاو هەڵدەگرن و لەراستیدا وێنەی خەباتکاری بە هەزاران هەزاران لێی هەڵدەگیرێتەوەو  لە نێو قووڵایی کۆمەڵگادا تۆی خەبات و گیانفیدایی دەچێندرێ و نەوە بە دوای نەوە، تێکۆشەری مافویستی دیکە سەر ههەڵدەدەنەوە و هەر بۆیە دەڵێ کە بە لەسێدارەدانی قازی موحەمەد، هەزاران قازی موحەمەدی دیکە لەدایک دەبن و ئەمە هەمان وانەیە کە لە قۆناخی دیکەدا دوکتور قاسملووی درێژدەری رێبازی پێشەوا دەڵێ کە بە مەرگی من کورد نامرێ! بەو واتایە کە شەهیدبوون مەرگی نەتەوەیەک نیە، بەڵکوو لەدایکبوونەوەی بەهەزاران پاتەکراوی ئیرادەی خەباتکارییە کە نەتەوەیەک بە زیندوویی رادەگرێ و زیندوو بوونی و زیندوو مانەوەو بەردەوامیی خەباتی نەتەوەیەک ئەو وانە گرنگەیە کە خوێنی شەهید دەیبەخشێتەوەو دەیڵێتەوە. هەر بۆیە وانەی تێکۆشان و کاروانی خەبات لە زاری دوکتور سەعیددا درێژەی پێ دەدرێ و دەڵێ کە یان سەر دادەنێین لە پێناوی سەربەرزیدا یان سەردەکەوین لە هەورازی سەرفرازیدا! ئەمە پەیامی گرنگی درێژەدەریی خەبات و لەدایکبوونەوەی ئیرادە و سەلماندنەوەی بوونی نەتەوەیە کە دەڵێ بە شەهیدبوونی رۆڵە بژاردە و تەڵچنەکانم، نەک بەچۆکدانایەم بەڵکوو ئیرادەی سەلماندنی بوونم  وبونیاتنانی نیشتمانێکی ئاوەدان بۆ رۆڵەکانم بە پانتایی جوغرافیای کوردستان و بە قوڵایی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان بڵاو دەکەمەوە.

پەیامێک کە لە شەهیدانی کوردستانەوە وەری دەگرین، هەمان وانەی پڕ گەوهەر و هەتاهەتاییە کە رێبەری شەهیدمان دەڵێ: باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژەدانی رێگایانە.

لەمێژە پەیمانمان داوە کە لە شەهیدبوونی شەهیدەکانماندا گریان و شێوەن ناکەین و دەستەوئەژنۆ و بە خەم و پەژارەوە دەستەوەستان دانانیشین. لەهەمانکاتدا درێژەدان بە رێبازی شەهدیان تەنیا لە تۆڵە و تۆڵەسەندنەوە دا قەتیس ناکەینەوە؛ هەرچەند دەستی تاوانباران دەبێ رۆژێ کورت بکرێتەوە و تاوانباران لە دادگایەکی دادپەروەردا سزا بدرێن بەڵام بۆ شەهیدەکانمان لەباتی تۆڵە بیر لە درێژەدانی رێگایان دەکەینەوە، چوونکە شەهید لە تێکهەڵچوونێکی شەخسیدا ژیانی لێ نەستێندراوە تا بە تۆڵەیەک کۆتایی بە بابەتەکە بێ، بەڵکوو شەهید گیانی لە پێناوی بونیاتنانی نیشتمانێک بۆ یەکسانی و دادپەروەری و ئازادیدا بەخت کردوە و تەنیا بە درێژەدانی رێگایان تا وەدیهاتنی ئاواتەکانیان تۆڵەی راستەقینە جێ دەگرێ.

هەربۆیە و بەم فەلسەفەی خەباتکاری و درێژەدان بە رێگایەیە کە دەبینین، کاروانی خەباتی کوردستان گەیشتوەتە ئەو جێگایەی کە لە شۆڕشی ژینادا نەتەوەیەک بەتێکڕا لەسەر هەستە و بەهەڵوێستە و سەرهەڵدان لە بەرامبەر ستەمکاریدا بۆتە ئەرکی رۆژانەی؛ ئەمە پەیامی گرنگی رێبەرانی شەهدی کوردستانە کە گەیشتۆتە هەموو کونج و قوژبنێکی نیشتمان و بە سەدان کەس لە شۆڕشی ژینادا  گیانیان دەکەنە فیدای گەیشتن بە ئاواتی ئازادی و سەربەستی و دادپەروەری و غەریب نەبوون لەسەر خاکی خۆت!

هەر بۆیەشە کە دەبینین لە درێژەی شۆرشێ ژینادا لە نەورۆزی مەشخەڵانی رزگاریدا، ئەوە باوک و دایک و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانن کە داگرسێنەری ئاگری نەورۆز و لە راستیدا هەڵگیرسێنەری مەشخەڵانی رزگاریی دەستی لاوان و ژنان و جوامێرانی وڵاتن و ئاگری کوانووی درێژەدان بە رێبازی شەهیدان گەشاوە رادەگرن.

ئاوڕدانەوەیەکی کورت و خێرا بە رەوتی خەباتی نەتەوەیی دێموکراتیکی کوردستان لە کۆمارەوە تاکوو ئێستا پێمان دەڵێتەوە کە گەر گیانبازی و گیانفیدایی رۆڵە بە ئەمەگ و خاوەن هەڵوێستەکانی نیشتمان و پێشەنگیی رێبەرانی وریا و گیان لەسەردەستی کوردستان نەبوایە ئەم خەباتە ئەوەندە بەرفراوان نەدەبوو و ئەو دڵنیاییەی لای نەتەوەیەک دروست نەدەکرد کە وەدوای پەیامی گرنگی پاداش بۆ شەهدیان واتە درێژەدانی رێگایان بکەون و بۆیە دەبینین کە بەخۆشیەوە ئێستا ئیدی ئەرکی خەبات و تێکۆشان لە پێناوی ئاوات و ئارمانەکاندا تەنیا و تەنیا لەسەر شانی ژمارەیەکی تایبەت لە تێکۆشەران نیە و خەباتی کوردستان بۆ بونیاتنانی نیشتمانێک تەژی لە ئاوەدانی و دادپەروەری و ئازادی، بۆتە خەباتێکی جەماوەری بە پانتایی کوردستان.

لە کۆتاییدا و وێرای بەرزراگرتنی یادی هەموو شەهیدانی کوردستان، هەموو ئەوانەی گیانیان لە پێناوی ئازادیدا بەخت کرد، لە شەهیدانی کۆماری کوردستانەوە تاکوو دواهەمین شەهیدان لە رۆژان و مانگەکانی ئەم دواییەدا، وێڕای سڵاو  دەنێرین بۆ هەموو ئەو بنەماڵە سەربەرزەی شەهیدان کە بوونە سەمبۆلی خەبات و گیانفیدایی لە کوردستان، هەروەها بەڵێنی درێژەدان بە رێبازی شەهیدانی کرودستان دووپات دەکەینەوە.

شەهیدبوون لای ئێمە بەپیرۆزکردنی مەرگ نیە، بەڵکوو خۆبەختکردن و گیانفیداییە لە پێناوی تێکۆشانی سەربەرزانەی ئەمڕۆ و ژیانێکی ئازاد و بەختەوەر بۆ نەوەی داهاتوو.

یادی شەهیدان بەرز و کوردستان سەرفراز