کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهۆ: زیادکردنی گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئیسرائیل کار ناکات

11:36 - 9 خاکەلێوه 2724

بێنیامین نێتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خاکەلێوە ڕایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی سەفەرێک کە بڕیار بوو لەم حەوتوویەدا یاریدەدەرە باڵاکانی بۆ واشنگتۆن بیکەن، بەو ئامانجە بوو کە پەیامێک بە حەماس بگەیێنین کە ئیسرائیل بە چڕکردنەوەی گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆیە ڕاگرتنی شەڕی غەززە، کۆتا نایەت.

نێتانیاهۆ لە قسەکانیدا لە میانەی دیدارێکدا لەگەڵ سیناتۆری ئەمریکا ڕیک ئیسکات، کە سەردانی ئیسرائیلی کردبوو، ڕایگەیاند: هەڵوەشاندنەوەی سەفەری شاندی ئیسرائیل بۆ ئەمریکا پێش هەموو شتێک پەیامێک بوو بۆ حەماس کە گرەو لەسەر ئەو گوشارانە نەکات، چونکە هیچ کاریگەرییەکی نابێت.

بڕیار بوو شاندێکی ئیسرائیلی سەردانی واشنگتۆن بکەن و نیگەرانییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە پلانەکانی نتانیاهۆ بۆ هێرشکردنە سەر شاری ڕەفەح بخەنە بەرباس، بەڵام ئیسرائیل دوای پەسەندکرانی بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەت، نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ ئاگربەست لە غەززە و خۆبواردنی ئەمریکا لە ڤێتۆکردنی ئەو بڕیارنامەیە، سەفەری گەشتی شاندی ئیسرائیلی هەڵوەشاندەوە.

بێنیامین نێتانیاهۆ، دوای پەسەندکردنی ئەو بڕیارنامەیە لەلایەن شۆرای ئەمنییەتەوە، بەڵێنی دا هەڵمەتی سەربازی بۆ لەنێوبردنی گرووپی حەماس درێژە پێ بدات.

جێگەی ئاماژەیە کە ئەمریکا لە شەڕی غەززەدا لە ڕووی سەربازی و دیپلۆماسییەوە پشتیوانیی ئیسرائیلی کرد، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی کوژرانی خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەززە و تێکچوونی دۆخی مرۆیی، ئەمریکا وردەوردە هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە و چەندین جار ڕەخنەی لە کوشتنی خەڵکی مەدەنی گرتووە.