کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل داوای لە یەکیەتیی ئورووپا کردووە کە سپای پاسداران بخاتە نێو لیستی تێرۆریستییەوە

10:33 - 26 خاکەلێوه 2724

دوابەدوای دەسبەسەرداگرتنی کەشتییەکی بارهەڵگر لە گەرووی هۆرمۆز کە هی سەرمایەدارانی ئیسرائیلە، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە کەشتییەکە ئاڵای پۆرتغاڵی لەسەرە، داوای لە یەکیەتیی ئورووپا کرد کە سپای پاسداران بخاتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

ڕۆژی شەممە ٢٥ی خاکەلێوە، کاتژمێرێک دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەسبەسەرداگرتنی کەشتییەکی بارهەڵگر لەلایەن سپای پاسدارانەوە، یسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە تۆڕی ئێکس نووسی: ''داوا لە یەکیەتیی ئورووپا و جیهانی ئازاد دەکەم دەستبەجێ سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنن و  لەمەو بەدوا ئێران سزای بدەن."

هەواڵدەریی ''ئیرنا'' لەبارەی کەشتی بارهەڵگری "MSC ARIES" کە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران لە گەرووی هۆرمۆز دەستی بەسەردا گیرا، نووسیویەتی: "خاوەنەکەی سەرمایەدارێکی ئیسرائیلییە". هەروەها کاناڵی هەواڵی ئای ٢٤ پشتڕاستی کردەوە کە بەشێک لەم کەشتییە هی ئیال ئۆفەر میلیاردێری ئیسرائیلیە.

بەڵام وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە کەشتییەکە سەر بە ئەندامێکی یەکیەتیی ئورووپایە، ئەم کەشتییە لەژێر ئاڵای پۆرتغاڵدا کار دەکات.

لە دوو حەوتوو لەمەوبەرەوە کە کونسوڵخانەی ڕێژیمی ئێران لە دەمیشق کرایە ئامانج، ڕێژیمی ئێران لە ڕاستای تۆڵەکردنەوە دەیهەوێت بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە بکاتە ئامانج.