کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلیسی ڕێژیم لە بەرانبەر ڕەچاونەکردنی حیجابدا کاردانەوەی دەبێ

11:49 - 26 خاکەلێوه 2724

عەباس عەلی محەممەدیان فەرماندەی پۆلیسی تاران ڕایگەیاندووە کە "لەسەر داوای خەڵکی ئیماندار و ئایینی"، پۆلیسی تاران لە ڕۆژی شەممە ٢٥ی خاکەلێوەوە مامەڵە لەگەڵ بێ حیجابی دەکات، جەختیشی لەوە کردەوە کە بێ حیجابی سەرپێچی یاسایە و پۆلیس بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ سەرپێچیکاران دەکات.

هەروەها ناوبراو جەختی لەوە کردەوە ئەو کەسانەی کە گرینگییان بە هۆشدارییەکانی پێشووی پۆلیس نەداوە، لە ئەمڕۆوە بە شێوەیەکی تایبەت ئاگادار دەکرێنەوە و ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.

هەروەها وتیشی: چاوەڕێی ئەوە دەکەین خەڵک لە بواری حیجابەوە هاوکاریی پۆلیس بکەن بۆ ئەوەی پێویست بە پۆلیس و ڕێکاری دادوەری نەکات.

لە ئێستادا کە کۆمەڵگای ئێران لە دۆخێکی قەیراناویدایە و بێکاری و گرانی و هەڵاوسان ژیانی خەڵکیان تاڵ کردووە هیج بەرپرسێک وڵامدەری ئەو خەڵکە نییە، کاربەدەستانی ڕێژیم هەر ڕۆژ بە ناوێک و پیلانێک لەژێر ناوی حیجاب، هەڕەشەی جۆراوجۆر لە خەڵک دەکەن.

هەڕەشەکانی بەرپرسانی ریژیم لە خەڵک سەبارەت بە پرسی حیجاب لەکاتێکدایە کە قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لەسەر ئەم پرسە و لەلایەن گەشتی ئێرشادەوە، کۆڵەکەکانی ڕێژیمی لەرزۆک کرد و ئەم ڕێژیمەی لە لێواری ڕووخان نزیک کردەوە.