کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم ناردنی کورتەنامەی ئاگادارکردنەوە بۆ خەڵکیان ڕەت کردەوە

11:52 - 26 خاکەلێوه 2724

ڕێکخراوی پەدافەندی غەیرەعاملی ڕێژیم سەبارەت بە کورتەنامەی ئاگادارکردنەوە کە لە کاتژمێرەکانی پێشوودا بە ناوی ئەم ڕێکخراوەوە بۆ هاووڵاتیان نێردراوە، ڕایگەیاند کە ئەم کورتەنامە "ساختەیە".

ڕۆژی شەممە ٢٥ی خاکەلێوە، پێوەندییە گشتییەکانی ئەم ڕێکخراوە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئەو کورتەنامەی کە بۆ بەشێک لە هاووڵاتیان نێردراوە ساختەیە و سەر بە پێوەندییە گشتییەکانی ڕێکخراوی پەدافەندی غەیرەعاملی نییە و ناوەڕۆکەکەی درۆیە.

ڕەتکردنەوەی ئەوەیکە ئەم کورتەنامە ساختە بووە لەحاڵێکدا بووە کە غوڵامڕەزا جەلالی سەرۆکی ڕێکخراوی پەدافەندی غەیرەعامل بە کاناڵی ''شەرقی"ی ڕاگەیاندووە کە ئەم کورتەنامە لە ئەنجامی هاککردنی سیستمی ناردنی نامە بووە.

بەڵام پێوەندییە گشتییەکانی ڕێکخراوی پەدافەندی غەیرەعامل لە بەیاننامەکەیدا ڕوونی کردەوە کە مەسەلەی هاککردن ڕووی نەداوە و ڕەتی کردەوە کە لەلایەن سیستمی ناردنی پەیامی ئەم ڕێکخراوەوە بڵاو کرابێتەوە.

ڕۆژی شەممەی کۆمەڵێک لە شارۆمەندان کورتەنامەیەکیان پێگەیشت کە ناوی ئەم ڕێکخراوەیان لەسەر بوو و  تێیدا هاتبوو: "لە ڕۆژانی داهاتوودا دەبێت خۆمان لە هەڕەشەکان بپارێزین. بۆیە لە سەروبەندی بارودۆخێکی نائاساییدا داوا دەکرێت دەستبەجێ ئاوی خواردنەوە و خواردنی وشک دابین بکەن.''

لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەگەری ململانێی ڕاستەوخۆی نێوان ئەم دوو وڵاتە، ناردنی ئەم کورتەنامە نیگەرانی بەشێک لە خەڵکی ئێرانی لێکەوتەوە.