کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی کۆماری ئیسلامی بۆ کەم‌بایەخ نیشاندانی هێرشی ئیسرائیل

11:12 - 1 بانەمەڕ 2724

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لەبارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە کاناڵی ''ئێن بی سی نیووز''ی ئەمریکای وت: ئەوەی کە ڕووی دا هێرش نەبوو، ئەوان زیاتر وەکوو کەرەسەی یاریکردن بوون کە منداڵەکانمان یارییان پێ دەکەن، نەک دڕۆن.

حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکە، لەم چاوپێکەوتنەدا، لە هەوڵێکی ئاشکرا بۆ خۆبواردن لە پشتڕاستکردنەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ڕۆژی هەینیدا وتی: هەتا ئیسرائیل دەست بە هێرشێکی بەرچاو نەکات، کۆماری ئیسلامی بە نیاز نییە کاردانەوەی هەبێت .

بەڵام ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی سی ئێن ئێن دووپاتی کردەوە و وتی: ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆسەر کۆماری ئیسلامی وڵامدانەوەی خێرا و توندی بە دواوە دەبێ و ئەگەر ئیسرائیل هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە بەرامبەر ئێران بگرێتەبەر وڵامەکەمان خێرا و توند دەبێت و وایان لێ دەکات بە قووڵی پەشیمان ببنەوە.

ئەم بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی و میدیا و لایەنگرانی ڕێژیم هەوڵ دەدەن بایەخی هێرشی بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینیی ئیسرائیل بۆ سەر ئێسفەهان کەم بکەنەوە، هاوکاتیش بەرپرسانی ئیسرائیلی لەسەر ئەم  ڕووداوە بێدەنگیان کردووە.

بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا داوای هێوربوونەوەی دۆخەکەیان کردووە و ڕایانگەیاندووە نامانەوێت شایەتی پەرەسەندنی ئەم ململانێیە بین.

سەرچاوە باڵا سەربازییەکانی ئەمریکا ڕاگەیاندووە کە هێرشەکەی شەوی ڕابردووی ئیسرائیل سیستمی بەرگریی ئاسمانی بنکەیەکی سەربازیی ڕێژیمی ئێرانی کردووەتە ئامانج کە ئەرکی پاراستنی دامەزراوە ناوکییەکانی نەتەنزی لە ئەستۆیە و بەم هێرشەش ئیسرائیل پەیامێکی بە کۆماری ئیسلامی دا کە توانای هێرش بۆ سەر ئامانجەکانی لەنێو ئێران هەیە.