کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی مووشەکیی ئێران ئامانجە سەرەکییەکەی ڕووشاند

14:42 - 1 بانەمەڕ 2724

دارسمە

هێزی بێ‌ڕکابەری سوپای پاسدارانی ئێران لە کۆتایی شەوی شەممە و چرکەی یەکەمی ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ی کوردان هێرشێکی گەورە و مێژوویی و نازانم کێ‌تڕێنی کردە سەر ئیسرائیل. گەورەیی و مێژوویی‌بوونی ئەم هێرشە وەک مانۆڕی چەک‌وچۆڵ لەنێو ئێراندا بە هیچ جۆرێک نابێت گومانی لێ‌بکرێت. هەرکەس گومان لە گەورەیی و مێژوویی‌بوونی ئەم هێرشە بکات، بێ سێ‌ودوو لێکردن حوکمی بێدین‌بوونی دەدرێت و پێویستە وەک ئەوانە سەیری بکرێت بە هۆی فڕێدانی لەچکە و خواردنەوەی شەڕاب و داکۆکیکاری مافی ئایینی و بیروباوەڕی جودا و خوازیارانی ئازادی و مازادی بەرەو سێدارە دەبرێن.

بۆ ئەوەی بیسەلمێنین هێرشی ئێران بەرەو نازانم کوێ زۆر گەورە بووە، ئەوەندە بەسە ئاماژە بە لێدوانی گوتەبێژی دوژمن واتە لێدوانی "دانیال هاگاری"، گوتەبێژی سوپای ئسیرائیل بکەین. دانیال هاگاری دوای هێرشەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەوە ئیسرائیل گوتی: ئێران زیاتر لە ١٧٠ "دوورەفڕە" (فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان)، ٣٠ مووشەکی کڕووز و ١٢٠ مووشەکی دوورهاوێژی بالستیکی لە جێ‌وە هەڵداوە و ئەمەش گۆرانیی "لەجێ‌وە هەی لەجێ‌وە"ی بیر هێناینەوە.

باشترە لەم نێوەندە‌دا وەک نێوبڕیش بێت، ئاوڕێکی کورت و سنووردار لەم "دانیال هاگاری"یه بدەینەوە و بۆ خوێنەر دەریب خەین ئەوەی جێگەی گومانە پاشناوی ئەم دانیالە واتا "هاگاری"یەکەیەتی. "دانیال" ناوێکی سەیرو سەمەرە نییە و زۆر کەسی دیکەش بە تایبەت لەنێو ئایینەکانی دیکەدا خاوەنی ئەم ناوەن. بەڵام کێشەی ئێمە دەگەڵ پاشناوی "هاگاری"یە. ئەم هاگارییە گومانی لێ‌دەکرێت لەبنەڕەتدا "هەکاری" بووبێت و بەدووریشی مەزانن لە "هەکاری"ی باکووری کوردستانەوە چووبێتە ئێسرائیلی ئاوەدانکراو و لە وڵاتی جوولەکاندا پەرورەدە کرابێتەوە. ئەگەر ئەم شیمانەیە ڕاست بێت، "ڕێژێمی سەهیۆنیستی" دوو جاران مەترسیدارە.

لێرەدا نێوبڕی سەبارەت بە "دانیال هەکاری" دادەخەین و ئەم بەشەیان لەمە زیاتر دوو لە ڕووی تۆی خوێنەر بۆ خوێنەرانی گەمژە شی ناکەینەوە.

بێگومان هێرشەکە زۆر گەورە بوو. ئەم دوورەفڕە و موشەکانەی لە نێوەند و خۆرئاوای ئێرانەوە هەڵدران و پانتاییەکی بەرینیان گرتەوە و لە دوو ئامانجی سەرەکیی ئامانجیی نێوخۆییان بەتەواوی پێکا و وەک جوولەکە دەڵێن لە کۆی ئەم سێسەد و نازانم چە فڕۆکە و مووشەکە تەنیا یک لە سەدیان گەیشتوونەتە خاکی ئسیرائیل" ببوورن دەبوایە بڵێم "فەلەستینی داگیرکراو".

بۆ پێکانی ئامانجی نێوخۆیی دەکرێت بڵێین بەشی هەرەزۆری ئەم دوورەفڕە‌ و مووشەکانە لە ناوچەی باڵەکایەتیی ئەودیو سنووری دەستکرد و دەشتی سەرسەوزی مەرگەوەڕی پارێزگای ورمێ و تەنانەت هێندێکیان لە شاری شیراز کەوتوونە و لەنێو مێشکی هاووڵاتیاندا ئامانجی سەرەکییان پێکاوە و زۆربەی دانیشتووانی ئێران هەستیان بە دەستەڵاتی زل و قەبەی کۆماری ئیسلامی کرد و تێی‌گەیاندن ئێران چەندە چەک و تەقەمەنیی پێشکەوتووی هەیە و چۆن دەتوانێت ئاگربارانێک ساز بکات. ئەم شەوە بەهۆی گرمو‌هۆڕی زۆرەوە خەوی هەموو لایەک زڕا و سەگ خاوەنی خۆی نەدەناسیەوە. لەبەر ئەمەش بوو دوورەفڕە و مووشەکەکان بۆ هاویشتن لە زۆربەی شار و شارۆچکان دامەزرێندران و ئەوانەی دوای فڕاندن توانیان وەک مەلی تازە فێرەفڕین لە شەقەی باڵان بدەن و بگەنە بەرزایی، خۆیان بەگژ مووشەکی پاتریۆیت و هێزی بەرگریی فەرەنسە و ئامریکا و بریاتانیا و ئیسرائیل داکرد و بە تەقاندنەوەی خۆیان زیانێکی مادیی زۆریان بە مووشکی ئەم وڵاتانە گەیاند.

وەک نێوەندکانی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و تۆڕ و مۆڕی کۆمەڵایەتی لە زمان بەرپرسانی جوولەکەوە بڵاویان کردووەتەوە، لەم هێرشەی ئێران بۆ نێو خاکی ئیسڕائیلدا بە مەبەستی پێشگیری‌کردن لە خەیانەت کچیکی ٧ ساڵانی موسوڵمان لەنێو دڵی خاکی جوولەکەدا پێکرا. ئەمەش پەیامێکی زۆر گەورەی بۆ خائینان پێ‌بوو. پێکانی ئەم کچە بەڕەچەڵەک موسوڵمانە لە لێکدانەوەیەکی سیاسیی زۆر قووڵدا پێمان دەڵێت کۆماری ئیسلامی دەست لەو موسوڵمانە منداڵانەش ناپارێزت شیمانەی ئەوەیان لێ‌دکرێت دوای گەورە‌بوون ببن بە لایەنگری دوژمن و خەیانەت به دین و ئایین بکەن؛ ئەمە پێی دەڵێن سزادانی خائینان.

پێشتر کۆماری ئیسلامی لە نزیک هەولێریش کچیکی دایک و باوک موسوڵمانی تەمەن ١١ مانگیی خاوەنی ناسنامەی هولەندیی پێکا و بە سزای خەیانەتی خۆی گەیاند. ئەم کچەش شیمانەی ئەوەی لێ‌دەکرا دوای گەورە بوون ببێتە سەهیۆنیست و خەیانەت بە موسوڵمانان بکات.

بۆ تێگەیشتنی قووڵ قووڵ قووڵ یانی زۆر قووڵ لەم بابەتە پێویستە بگەڕێینەوە سەر ناوی "دانیال هاگاری" یان "دانیال هەکاری". خۆ ئەگەر دانیال، هەکاری بێت و ڕەچەڵەکی بۆ کوردان بگەڕێتەوە، هیچ گومانێک لە پێوەندیی نێوان کچە یازدە مانگییە مووشەکباران کراوەکەی هەولێر و کچە بریندارەکەی نێو خاکی ئیسرائیل و ئەو کچە سەقزییە ناکرێت دووساڵێک لەمەوبەر هەڵڵای گەورەی لە ئێران نایەوە و ئەوەی زۆر لە جوولەکە و ئەمریکا و هەموو دوژمنان مەترسیدارترە "ژن، ژیان، ئازادی" یه.