کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەی نوور بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرە ملێ و توندوتیژی دژی ژنان

17:05 - 1 بانەمەڕ 2724

ناوەندی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی هێزی ئینتزامی ڕێژیم ڕۆژی هەینی ٣١ی خاکەلێوە ڕایگەیاند: جێبەجێکردنی گەڵاڵەی نوور بەپێی خواستی گشتی کۆمەڵگە و دەسەڵاتدارانی جێبەجێکاری ئێران بەردەوام دەبێت.

 

جێبەجێکردنی گەڵاڵەی نوور بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی پێی دەڵێن "بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بێ حیجابی" لە ڕۆژی شەممە ٢٥ی خاکەلێوەوە دەستی پێکردووە .

فەرماندەیی پۆلیسی ئینتزامی ئێران ڕایگەیاندووە، دۆخی عیفاف و حیجاب لە ئێراندا دوای جێبەجێکردنی پلانەکە باشتر بووە و ئەم دۆخەش لە ڕۆژان و حەفتەکانی داهاتوودا ڕەوتێکی باشتری دەبێت .

جێبەجێکردنی گەڵاڵەی نوور لە حەفتەی ڕابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کاردانەوەی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

وێنە و ڤیدیۆی توندوتیژیی هێزەکانی گەشتی ئیرشادی ڕێژیمی ئێران بەرامبەر بەو ژنانەی کە حیجابی زۆرەملێ ڕەچاو ناکەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە .

لەحاڵێکدا کە فەرماندەی هێزی ئینتزامیی ئێران جەختی لەسەر بەردەوامیی ئەو پرۆژەیە کردووەتەوە، لەلایەکی دیکەوە پێشبینی ئەوە کراوە کە بەهۆی زۆریی توندوتیژیی دژی ژنان لەلایەن گەشتی ئێرشادی ڕێژیمی ئيرانەوە ئه‌گه‌ری لابردنی ئه‌و گەڵاڵەیە‌ هه‌یه‌.

ڕووبەڕووبوونەوەی نوێ هێزەکانی ئینتزامی لە کاتێکدا دەستی پێکردووە کە  "پرۆژە یاسای حیجاب و عیفاف" هێشتا لەلایەن شۆرای نگابانی ڕێژیمەوە پەسەند نەکراوە.

لەو پێوەندییەدا چەندین ناوەندی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا ڕایانگەیاندووە کە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لەم چەند ڕۆژانەی ڕابردوودا  ڕاگه‌یاندنی شەڕ دژی ژنان و ئازادییە و دەرفەتێکە بۆ هێرشکردنه سەر تەواوی کۆمەڵگە.

 

گوشار و توندوتیژی لەنێو گۆمەڵگەدا لەلایەن هێزەکانی ئینتزامی و ناوەندە پێوەندیدارەکان دوای فەرمانی عەلی خامنەیی لە وتاری نوێژی جەژنی ڕەمەزان سەبارەت بە پێویستیی مامەڵەکردن لەگەڵ پێشێلکردنی نۆرمەئایینیەکان لە کۆمەڵگەدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.