کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا دەستدرێژیی ڕەگەزی کراوەتە سەر دەسبەسەرکراوان

17:59 - 3 بانەمەڕ 2724

ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ لە نوێترین ڕاپۆڕتی خۆی سەبارەت بە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران ڕایگەیاندووە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەرکراوانیان ئەشکەنجە داوە و دەستدرێژیی ڕەگەزییان کردووەتە سەریان.
لەم ڕاپۆڕتەدا هاتووە کە دەسترێژیی ڕەگەزی بەشێک لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بۆ سەرکوتی ناڕازییان و دژبەران لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدایە.

چاوەدێری مافی مرۆڤ بەپێی لێکۆڵینەوەکانی لە ١٠ بەندکراوی کورد و بەلووچ و تورک لە پاییزی ساڵی ١٤٠١دا گەیشتووەتە ئەم ئەنجامە و ئەمڕۆ ٣ی بانەمەڕ لە چوارچێوەی ڕاپۆڕتێکدا بڵاوی کردووەتەوە.

ئەم ڕێکخراوە سەبارەت بە دەستکەوتەکانی خۆی لەم لێکۆڵینەوەدا ڕایگەیاندووە کە ژنێکی کورد لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٤٠١ لەکاتێکدا کە مەئموورێکی ژن بە زۆر ڕایگرتووە، لەلایەن دوو کەس لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەستدرێژیی ڕەگەزیی کراوەتە سەر.

ڕاپۆڕتەکە زیادی دەکات کە کوڕێکی تەمەن ٢٤ ساڵ لە پارێزگای ورمێ
بۆ ئەم ڕێکخراوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە نێو وەندا "دەستدڕێژیی بە کۆمەڵ" کراوەتە سەری و پاشان لە گرتووخانەیەکی ڕیژیم بە باتووم ئەشکەنجە دراوە و دەستدرێژیی توندوتیژانە کراوەتە سەری.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆڕتەکە و لێکۆڵینەوە لە ژنێکی بەلووچ هاتووە کە ناوبراو جگە لەوەی کە دەستدرێژیی کراوەتە سەر خۆی و لێی دراوە، شایەتحاڵی دەستدرێژیکردنە سەر دوو ژنی دیکەی بەلووچ لە گرووخانەیەک لە بەلووچستان بووە.

هەروەها ڕاپۆڕتەکە لە زاری خوێندکارێکی زانکۆی بەلووچستانەوە ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی سپای پاسداران ناوبراویان لەگەڵ ٢٠ ژنی دیکە دەسبەسەر کردووە و لە ماوەی یەک مانگ دەسبەسەرکرانیاندا، خراونەتە ژێر ئەشکەنجە و توندوتیژیی ڕەگەزییەوە.

لە بەشێکی دیکەدا و سەبارەت بە دۆخی منداڵانی دەسبەسەرکراو لەلایەن ڕێژیمەوە هاتووە کە هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ سەرکوتی خۆپیشاندانەکان لە ئێران منداڵانی دەسبەسەرکراویان کوشتووە یان ئەشکەنجەیان داون و دەستدرێژیی ڕەگەزییان کردووەتە سەریان و لە هەندێک حاڵەتیشدا بێسەروشوێنیان کردوون.

ناهید نەقشبەندی توێژەری ئێران لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ سەبارەت بەم ڕاپۆڕتە ڕایگەیاندووە توندوتیژی هێزە سەرکوتکەرەکان لە ئێران و دەستدرێژی و ئەشکەنجە بە دژی دەسبەسەرکراوان نە تەنیا تاوانێکی گەورەیە بەڵکوو چەکێکی نادادپەروەرانە بە دژی دەسبەسەرکراوانە تاکوو بە ناچاردانپێدانانی زۆرەملێیان بکەن.

پێشتریش کاناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی، ژمارەیەک بەڵگەی بەدەست هێناوە کە دەریدەخات کۆماری ئیسلامی دەستدرێژیی ڕەگەزی وەک ئامرازێک بۆ ئەشکەنجەی دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکان بە دژی ڕێژیم بەکار دێنێت.

چاوەدێری مافی مرۆڤ لە بەشێک لە ڕاپۆڕتەکەیدا داوای لە کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە تاکوو لێکۆڵینەوەکانی ئەم ڕاپۆڕتە وەک بەشێک لە ڕاپۆڕتی سەرەکیی خۆی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە بەکار بێنێت.

هەر لەم پێوەندییەدا جاوید ڕەحمان ڕاپۆڕتنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤ، ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بە ئاماژەدان بە کوشتن، بێسەروشوێن کردن، ئەشکەنجە و دەستدرێژیی ڕەگەزی بۆ سەر خۆپیشاندەران ڕایگەیاندبوو کە
ئەگەری هەیە کۆماری ئیسلامی تاوانی بە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دابێت.

شایانی باسە کە ئەشکەنجە، دەستدرێژیی ڕەگەزی، کوشتن، بێسەروشووێنکردن و تێرۆری دژبەران و بیرجیاکان لە سەرەتای دامەزراندنی ڕێژیمی ئیسلامییەوە وەک ئامرازێک بۆ سەرکوت و کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتی بە دژی دەسەڵات بەکار هاتووە و بەپێی یاسای دادگا نێونەتەوەییەکان ئەمانە تاوان بە دژی مرۆڤایەتی بە ئەژمار دێت.