کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵە شێعری کناچەیێک لە ئاورێشمی ئاگر چاپ و بڵاو کرایەوە

18:05 - 3 بانەمەڕ 2724

کۆمەڵە شێعری "کناچەیێک لە ئاورێشمی ئاگر" تازەترین کۆمەڵە شێعری شاعێری دیار و نوێخوازی ڕۆژهەڵات، ئاکۆ ئەلیاسی، لەلایەن وەشانخانەی ٤٩ کتێب لە دەرەوەی وڵات چاپ و بڵاو کرایەوە.

دیوانی "کناچەیێک لە ئاورێشمی ئاگر" کە شەشەمین دیوانەشێعری ئاکۆ ئەلیاسییە، هاوکات لە ڕۆهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستانیش بڵاو کرایەوە.

ژن، لەم دیوانە شێعرەی شاعێردا، بوونێکی بەرچاو و چالاکی هەیە و بەگشتی کۆی ئەو هەڵبەست و قەسیدانەیە، کە بۆ شۆڕشی "ژن، ژیان ئازادی"، واتا شۆڕشی "ژینا" نووسراون.

نێوەڕۆکی ئەم هەڵبەستانە، ڕۆحێکی بەرگریکارانە و داکۆکیکارانەیان تێدایە و سەرجەمی مۆتیڤی هەڵبەستەکان، لە دەوری  بازنەی شۆڕش و خۆشەویستیی نیشتمان و ڕۆڵ و کاریگەریی ژنان، لە ئاڵوگۆڕە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریی و یەکسانیخوازەکانی نێو کۆمەڵگای کوردستان و ئێران بەگشتی، دەخولێنەوە.

لە کۆمەڵە شێعری "کناچەیێک لە ئاورێشمی ئاگر"، ژیان و شێعر، جارێکی دیکەش پێکەوە ئاشت دەبنەوە و لێرەدا شێعر دەستەوملانی شۆڕشێکی مەزن، بە دروشمێکی مۆدێڕینی وەک ژن، ژیان، ئازادی دەبێت و خۆشەویستیی نیشتمان و ئازادی، پێکەوە گرێ دەدرێن.

دوکتۆر هاشم ئەحمەدزادە، پێشەکییەکی کورتی بۆ ئەم کۆمەڵە شێعرە نووسیوە و  دیاکۆ ئیبراهیمیان، دیزانینی ڕووبەرگەکەی لە ئەستۆ گرتووە و مامۆستا ڕەشید حەیدەری پێیدا چووەتەوە و فەرهەنگۆکی بۆ ڕێک خستووە.