کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترس لە زانایی

00:18 - 4 بانەمەڕ 2724

ئاسۆ مینبەری

لەو کۆمەڵگەیانەدا کە دەسەڵاتی حاکم، دەسەڵاتێکی خۆسەپێن و دیکتاتۆر بێت، هەموو ڕێگاکان بۆ زانین بەسەر تاکەکاندا دەبەسترێت و ناهێڵن هیچ تیشکێکی هیوا لەمبارەوە بگاتە کۆمەڵگەکە؛ لەم کاتەدایە کە تاکی ڕووناکبیری کۆمەڵگە ئەرکی قورستری دەکەوێتە سەر شانی و هەموو هەوڵەکانی لەپێناو تێگەیاندنی کۆمەڵگە دەخاتە گەڕ و ئەرکی پێشەنگایەتی دەگرێتە ئەستۆ. ئەم بابەتە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کە دەسەڵاتی حاکم، هاوکات هەم دیکتاتۆر و هەم تۆتالیتەرە و دەستێوەردان لە هەموو کاروباری تاکەکان و تەنانەت ژیانی تاکەکەسیشیاندا دەکات، بابەتێکی گرینگترە.

کۆمەڵگەی کوردستان بە هۆی ژێردەستەبوون لە زۆر بوارەوە دواکەتوویی بەسەردا سەپاوە و ئەم دواکەوتووییە ئەگەر بە زانست و تێگەیشتنێکی ئەمڕۆییانە نەبێ هەر بەردەوام دەبێت و نەوەکانی داهاتووش تووشی خەساری قووڵ بەتایبەت لە بواری شوناسەوە دەکات. هاوکات لەگەڵ دەستێوەردان و خۆسەپاندنی دەسەڵاتی حاكم، هەوڵی کەسانی ڕووناکبیر لە کۆمەڵگەی کوردستان بۆ گۆڕینی ئاراستەی ڕووداوەکان بەردەوام بووە، لەم نێوانەدا کەم نین ئەو ژنانەی کە ئەرکی پێشەنگایەتییان لە ئەستۆ گرتوە و بە کردەوەی خۆیان توانیویانە کۆمەڵگە وە جووڵە بخەن تاکوو بەرەنگاری دەسەڵات و داگیرکاری ببێتەوە. نموونە بۆ ئەم بابەتە بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرە و کەسانێکی وەک موژگان کاوسی، زارا محەممەدی، فەریدە وەیسی، ژینا مودەڕس گورجی تەنیا چەند نموونە لەو کەسانەن.

هاوکات لەگەڵ پێداگریی زارا محەممەدی لەسەر پەروەردە بە زمانی دایکی، شەپۆلێکی بەرین لە پشتگیری لە کۆمەڵگەی کوردستاندا سەری هەڵدا، نادادپەروەرانەبوونی یاساکان و سەپاندنی سزای چەند ساڵ بەندکران بە سەر زارادا وای کرد بەشێکی دیکەی کۆمەڵگەش کە ڕەنگە تاکوو ئەو کات گرینگییان بە پرسی زمان و شوناسی نەتەوەیی نەدابێ، پاڵپشتی زارایان کرد و بە بەخشینی نازناوی زارای نیشتمان بەم ژنە کوردە، وێڕای پشتیوانی لە خواستی تاکی کورد بۆ لانیکەمی مافی پەروەردە بە زمانی دایکی، پێداگرییان لەسەر شوناسێک بکردەوە کە پاراستنی زمان یەکێک لە کۆڵەکە گرینگەکانیەتی. ئەم بوون بە سیمبولە، لای دەسەڵاتی تۆتالیتەر مەترسیدارە هەر بۆیە هەوڵەکانی چڕ دەکاتەوە تاکوو بە هەر جۆرێک بووە لێێ بدات و نەهێڵێ پرسی نەتەوەیی بەتایبەت لە نێو توێژی ژناندا گەشە بکات.

لە ڕاستیدا دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەر هێزێک لەو کۆمەڵگەیەدا لە هێزی ژنان دەترسێت، چونکە زیاتر لە ٤٥ ساڵە هەوڵی چەوساندنەوەی داون و تێکۆشاوە لە ڕێگەی پەروەردەی ئیدئۆلۆژیکەوە لە سووچی ماڵەوە دایانبنێت و لە هەموو کاروبارێکی کۆمەڵگە دووریان بخاتەوە. هۆکارەکەش ڕوونە، دوورخستنەوەی ژنان لە کۆمەڵگە بە قازانجی دەسەڵاتە چونکە لانیکەم نیوەی هێزی کۆمەڵگە تووشی ناچالاک بوون دەکات و ئەمەش وا دەکا هێزی بەرەنگاربوونەوە لەم نیوەیەدا بمرێ. هەر بۆیە خودی دەسەلات باشتر دەزانێ ئەگەر هێزی ژنان یەک بگرێت دەتوانێ کۆڵەکەکانی بوونی لەرزۆک بکا، هەروا کە لە درێژەی شۆڕشی ژینادا بەڕوونی بینیمان.

هەر لەم ڕاستایەدا هەبوونی هەندێک لە ژنان دەتوانێ کاتالیزۆرێکی باش بۆ وەجووڵەخستنی باقی توێژەکە و کۆمەڵگە بێت، چونکە هەبوونی ژنی ڕووناکبیر و تێگەیشتوو دەتوانێ ئاقاری ڕوووداوەکان بگۆڕێ و دەسەڵات تووشی دەستەوەستانی بکات. لێرەدایە کە دەسەڵات هەوڵ دەدات ناوەندەکانی گەشەی بیر و تێگەیشتنی ژنان بکاتە ئامانج، لەلایەکەوە زارای مامۆستا دەخاتە بەندیخانە تاکوو قوتابییەکانی چیدیکە بە زمانی خۆیان نەخوێنن و لەلایەکی دیکەوە کتێبفرۆشیی ژیرا دادەخات تاکوو ژینا مودەڕس گورجی وەکوو کچێکی چالاک لە بواری ژنان، نەتوانێ بە کەلک‌وەرگرتن لەم ناوەندە ئەرکی تێگەیاندنی ژنان لە جیهانی مودێڕن و داخوازە ڕەواکانیان بەجێ بگەینێ.

بە سەرنجدان بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەتایبەت بەرانبەر بە ژنان دەتوانین لەم ڕاستییە تێبگەین کە ئەوەی کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لێی دەترسێ ژنی زانایە! لە ڕاستیدا دەسەڵات باش تێگەیشتوە کە ژنی زانا دەتوانێ چەندە کاریگەریی لەسەر دەوروبەری خۆی هەبێت و لە گەشەی کۆمەڵگەدا ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕێ.

ڕێژیم پێی وایە بە بەندکردنی ژنان و داخستنی کتێبفرۆشییەکان و قەدەغەکردنی چالاکییە مەدەنی و فەرهەنگییەکان دەتوانێ کۆمەڵگە کۆنتڕۆڵ بکا، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە قەت لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕوو نادات.

هەوڵەکانی ڕێژیم لە هەموو ماوەی دەسەڵاتدارێتی خۆیدا بۆ سەرکوتی ژنان، هاوارێکی پەنگخواردووی لەگەڵ بوو کە ئەم هاوارە لە دوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا گەیشتە گوێی جیهانییان و کۆماری ئیسلامیی تووشی نسکۆیەکی گەورە کرد.

 بە چاوخشاندنێک بەسەر ڕووداوەکانی ساڵەکانی ڕابردوودا کە بە دەیان نموونە لە دەسبەسەرکران و سزادرانی ژنانی کوردی تێدا بەدی دەکرێ، ڕەنگە یەکێک لە وانەکان بۆ فێربوون هەر ئەمە بێت کە هێزی ژنان دەتوانێ هێزی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی بێت و هیچ هێزێک ناتوانێت لە بەرانبەر هێزی زانست و تێگەیشتن بەردەوام بێ.

گرینگە لەم سەردەمەدا کە سەردەمی زانیاری و زانستە، ژنان زیاتر لە ڕابردوو هەوڵ بۆ پێگەیاندنی خۆیان لە بواری زانست و تێگەیشتن لە کۆمەڵگە و ڕووداوەکانی دەوروبەریان بدەن، تاکوو لەم ڕاستایەشدا بتوانن هەنگاوی کردەیی و باشتر و سەرکەوتووتر هەڵ‌بگرن.