کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بە شێوەیەکی بەرفراوانتر زیادی کردووە

12:12 - 4 بانەمەڕ 2724

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، سزای لەسێدارەدان لە ئێران بە ڕێژەی ٣٧ لەسەد زیادی کردووە و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و ئازادییە کەسیی و کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لەم وڵاتەدا خراپتر بووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە ساڵانە بە پشتبەستن بە کۆنواسیۆنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوەی وڵاتانی جیاجیای جیهان دەپێوێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣دا، ٧٩٨ کەسی لە سێدارە داوە؛ ئامارێک کە ئاماژە بە زیادبوونی ٣٧ لەسەدی بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٢٢ دەکات.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، دەیان هەزار کەس لە دوای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران لە ساڵانی ١٤٠١ و ١٤٠٢ دەسبەسەر کران، ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانە ناچار بە  دانپێدانان و بەڵین وەرگرتن کران کە لە ناڕەزایەتییەکانی داهاتوودا بەشداریی نەکەن و زۆرێکیان دوای ماوەیەک جارێکی دیکە دەسبەسەر کرانەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا تیشک خراوەتە سەر لیستێکی زۆر درێژ لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیم و دەستوپێوەندییەکانییەوە کە بریتین لە: کوشتنی سەرەڕۆیانە یان نایاسایی، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجەدان یان سزادانی دڕندانە و نامرۆڤانە، دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، سزادانی بنەماڵەی زیندانیان و... .

لەم ڕاپۆرتەدا بە ئاماژەدان بەوەی کە سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندییەکانی لە سنوورەکانی ئەم وڵاتە تێپەڕیوە، باس لە هەوڵی سەرکوتکردنی ئێرانییە دوو ڕەگەزییەکان لە وڵاتانی دیکە کراوە.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژی ڕابردوو ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ساڵی ١٤٠١دا دەستدرێژییان کردووەتە سەر دەسبەسەرکراوان و  ئەشکەنجە یان ئازاری سێکسییان داون.