کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامەتیی بەسیج مەرجی هەڵبژاردن بۆ دامەزراندنی مامۆستایان لە قوتابخانەکان

12:24 - 4 بانەمەڕ 2724

ماڵپەڕی "شناسنامەی قانون"، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک سەبارەت بە چۆنیەتیی هەڵسەنگاندن و دامەزراندنی مامۆستایان لە بواری پەروەردە و ڕاهێنان ڕایگەیاند، بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، چالاکی لە ڕێکخراوە سەربازییەکان، ئەندامەتی لە بەسیج و ڕاهێنانی قورئانی و دینی، یەکێک لە مەرجەکانی دامەزراندن دەبێت.

ئەم ئاگادارییە ئاراستەی ئەو کەسانە کراوە کە لە تاقیکردنەوەی دامەزراندنی وەزارەتی پەروەردە بۆ پیشەی مامۆستایی لە ساڵی ١٤٠٣دا بەشدارییان کردووە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، جگە لە تۆمارکردنی زانیاریی کەسی و تۆمارکردنی بەڵگەنامەی پێویست، بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە بەدەستهێنانی پۆست و پلە ئایینی و قورئانییەکان و وێنەی پێشینەی چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە دامەزراوە سەربازییەکان و بەسیجیش تۆمار بکەن.

لەم ئاگادارییەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە کاندیدەکان بۆ کاری وانەوتنەوە دەبێت بڕوانامەیان هەبێت کە پەیوەندی بە چالاکییەکانی پەروەردەیی و توێژینەوە و جیهادەوە هەبێت.

ڕاپۆرتەکان ئەوە دەردەخەن کە لە دوای هاتنەسەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسی بەدواداچوونی جیددی بۆ هاتنەسەرکاری ئاخوندەکان و کەسە ئایینی و بەسیجیەکان لە قوتابخانەکاندا کراوە و ڕێوشوێنی بۆ گیراوەتە بەر.