کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داگیرکاریی دارستانەکانی ئاوایی مەحمەیە لەلایەن کەسانی هەلپەرستەوە

16:45 - 4 بانەمەڕ 2724

بەپێی زانیارییەکانی ئەنجومەنی سەوز چیای مەریوان لە سەردانێکیان بۆ دارستانەکانی ئاوایی مەحمەیەی سەر بە شاری مەریوان، کەسانێکی هەلپەرست و کاولکار لە کەمیندان تاکوو بەشێک لەم دارستانانە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بکەن بە باخ.

بەپێی گرتە ڤیدیۆی بڵاوکراو لەلایەن ئەنجومەنی سەوزەوە دەردەکەوێت کە لە دارستانەکانی مەحمەیە بەرەو بناوەچڵە و مەحمەیە بەرەو کانی قوڵەجان، کەسانێکی داگیرکەر و هەلپەرست لە درێژەی سیاسەتە کاولکارانەکەی ڕێژیمدا جووڵاونەتەوە و بە پەرژینکردنی بەشێک لە دارستانەکە خۆیان حەشار داوە تاکوو لە دەرفەتێکدا دارەکان بنبڕ بکەن و باخی لێ دروست بکەن.

ئەم پێشێلکاری و کاولکردنانەی دارستانەکان و سروسشتی کوردستان لەکاتێکدایە کە لایەنە پێوەندیدارەکان بەم پرسەوە هیچ ڕێگرییەک لەم جۆرە کەسانە ناکەن و بەپێی یاسا ژینگەییەکانی خودی ڕێژیم لەگەڵیاندا هەڵسوکەوت ناکەن و هەر ئەوەش بووەتە چراسەوزێک بۆ تاقمێکی هەلپەرست و بەرژەوندیخواز تاکوو بە بێ لە بەرچاوگرتنی بەها نەتەوەییەکان، بکەونە گیانی سروشتەکانی کوردستان و لە درێژەی سیاسەتە کاولکارانەکەی ڕێژیم بە دژی کوردستان، بجووڵنەوە.

ساڵانێکە کە ڕیژیم بە ئاگرتێبەردان و دروستکردنی ڕێگە و هەروەها دەرهێنانی کانگاکان کەوتووەتە گیانی دارستانەکان و سروشتی کوردستان و لە ئێستادا و لە  درێژەی ئەم هەوڵانەیدا دەستوپێوەندییەکانی بۆ داگیرکردنی سامانە سروشتییەکان لە کوردستان هان داوە.