کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووخاندنی مزگەوتی ئاوایی وێسەر کاردانەوەی خەڵکی بەدواوە بوو

16:48 - 4 بانەمەڕ 2724

بەپێی ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان، ڕۆژی دووشەممە ٣ی بانەمەڕ، فەرمانداری فەرمانی ڕووخاندنی مزگەوتێکی لە ئاوایی وێسەری سنە داوە.

بەپێی زانیارییەکان ڕووخاندنی مزگەوتی ئاوایی وێسەر ناڕەزایەتیی خەڵكی ئەم ئاواییەی بەدواوە بووە و ئەوان بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لەم کاولکارییە، کاردانەوەیان نیشان داوە.

هاووڵاتییەکی خەڵكی ئەم ئاواییە، ڤیدیۆیەکی بڵاو کردوەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە فەرمانداریی سنە بە بێ هیچ هۆکارێک ئەم مزگەوتەی ڕووخاندووە و تەنانەت قورئانەکەشینا دەرنەهێناوە و کەتووەتە ژێر داروپەردووە ڕووخاوەکانەوە کە ئەمە لەلایەن خەڵكی ئاوایی وێسەرەوە بە بێڕێزی بە باوەڕەکانیان لە قەڵەم دراوە.

ئەم مزگەوتە چوار ساڵە دروست کراوە و دەکەوێتە سەر ڕێگای سنە ـ مەریوان و لە ئاوایی سۆفیانەوە نزیکە.

پێشتر فەرمانداری بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت دەستی بە وێرانکردنی خانەباخی خەڵك دەکرد، بەڵام کاولکردنی ئەم مزگەوتە هۆکارەکەی ڕوون نییە و نیگەرانیی خەڵکی بەدواوە بووە.