کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزەرەکانی تووماج ساڵحی: تووماج دەبێت وەبەر لێبوردن بکەوێت

10:59 - 9 بانەمەڕ 2724

پارێزەرەکانی تووماج ساڵحی ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو ساڵی ڕابردوو لە تۆمەتی "افساد فی الارض" بە بێ تاوان ناسراوە و وەبەر لێخۆشبوون دەکەوت.

ئەمیر ڕەئیسییان پارێزەری تووماج ساڵحی ڕۆژی شەممە ٨ی خاکەلێوە لە هەژماری ئیکسی خۆیدا ڕایگەیاندووە "تووماج وەبەر لێخۆشبوونی ساڵی ١٤٠١ کەوتووە بەڵام نە تەنیا لێی خۆش نەبوون بەڵکوو حوکمی لەسێدارەدانیشیان بۆ دەرکردووە".

هەروەها مستەفا نیلی یەکێکی دیکە لە پارێزەرانی تووماج لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە تووماج ساڵی ڕابردوو لە تۆمەتی "افساد فی الارض" بێبەری کراوە و بەر لێبوردنی ڕێبەرییش کەوتووە، بەڵام لە ئێستادا دادگا بڕیاری خۆی دیسان بەو تۆمەتە داوەتەوە.

نیلی زیادی کردووە کە تۆمەتی "افساد فی الارض" پێوەندیی بە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٤٠١ ـەوە بووە و دەبوو لێبوردنی ڕێبەری لە دۆسییەکەیدا لەبەرچاو بگیرابایە. ناوبراو ڕایگەیاندووە دۆسییەی دیکە کە بۆی کراوەتەوە پێوەندیی بە قسەکانییەوە هەیە کە پاش  ئازادکردنی بە بارمتە وتبووی، کە بەم هۆیەوە بە یەک ساڵ بەندکران حوکم دراوە و ئیتر هیچ بابەتێکی دیکە لە دۆسییەکەیدا بوونی نییە.

تووماج ساڵحی هونەرمەندی دژبەری ڕێژیم لە خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١ و لە پێوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

ناوبراو پاش ساڵێک بە بارمتە ئازاد کرا بەڵام بۆ جارێکی دیکە دەنگی ناڕەزایەتیی خۆی بە دژی ڕێژیم هەڵبڕی و تەنیا پاش چەند ڕۆژێک لە ئازادکرانی بۆ جارێکی دیکە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئێسفەهان کرا و لە ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمە لەسێدارەدانی بە سەردا سەپا.