کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا ڕوو بە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان: پێویستە گرینگی بە حەماس و گرووپەکانی هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی بدرێت

11:12 - 11 بانەمەڕ 2724

مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بانەمەڕ، هەواڵی ئەم دواییەی میدیاکانی سەبارەت بەوەی کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەنیازە فەرمانی دەسبەسەرکردن بۆ بێنیامین نێتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە دەربکات، بەتوندی مەحکووم کرد و دەرکردنی ئەو حوکمەی بە نایاسایی ناو برد.

بەپێی ڕاپۆرتی گۆڤاری هیڵ، مایک جانسۆن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەبری ئەوەی بە درۆ ئیسرائیل بکاتە ئامانج، پێویستە سەرنجی خۆی بخاتە سەر حەماس و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکەی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بەهۆی بەشداریکردن لە تاوانەکانی شەڕ دادگایییان بکات.

ئەم قسانەی مایک جانسۆن لەکاتێکدایە کە ئەم دواییانە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان وایە دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی بۆ دەرکردنی فەرمانی دەسبەسەرکردن بۆ بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و هەروەها بەرپرسانی باڵای گرووپی حەماس ئامادەکاری دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ''نیویۆرک تایمز''، دەکرێ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بە "پێشگیری لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە" و "بەدواداچوون بۆ وەڵامدانەوەی لە ڕادەبەدەر توند" بۆ حەماس لە دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی ١٥ی ڕەزبەر تۆمەتبار بکرێن.