کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی دایکی کەیوان ڕەشۆزادە لە دۆخی کوڕەکەی لە یازدەهەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا

11:45 - 11 بانەمەڕ 2724

دوابەدوای لێدان و توندوتیژیی گاردی تایبەت دژی کەیوان ڕەشۆزادە، بەندکراوی سیاسیی سزادراو بە ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و ڕاگواستنی بۆ ژووری تاکەکەسی و مانگرتنی ناوبراو لە خواردن لە ماوەی ١١ڕۆژی ڕابردوودا، ئێستا دایکی بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی ڤیدیۆیی سەبارەت بە دۆخی ناوبراو و گرینگینەدانی بەرپرسان نیگەرانیی دەربڕیوە.

نازدار ڕوودساز، دایکی کەیوان ڕەشۆزادە بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی ڤیدیۆیی وێڕای ئاماژە بە لێدان و توندوتیژی بەرانبەر بە کوڕەکەی لەلایەن بەرپرسان و گاردی تایبەتی بەندیخانەی ورمێوە بە دەست و لاقی بەستراو، سەبارەت بە مانگرتنی کوڕەکەی لە خواردن و دۆخی تەندروستیی ناوبراو، نیگەرانیی خۆی دەربڕی.

نازدار ڕوودساز لەم پەیامە ڤیدیۆییەدا لەکاتێکدا کە منداڵی بچووکی کەیوانی لە باوەش گرتووە دەڵێ: چوومەتە لای دادوەری چاوەدێر، هیچ گرینگی نادا. چوومەتە ئیتلاعات و دەڵێن ئێمە زانیاریمان نییە و لەمبارەوە دەستێوەردان ناکەین، بەرپرسی بەندیخانە و دادوەری چاوەدێر ئاگادارن. لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کوڕەکەم بەدواداچوونی بۆ دۆخی خۆی کردووە بەڵام بەرپرسانی بەندیخانە لێیان داوە.

ناوبراو لە دریژەدا دەڵێت، لەو کاتەوە نان و ئاو ناخوا، باوکی کەیوان نەخۆشە، کەیوانیش لە بەندیخانەیە و دایکی ئەم منداڵەش نەخۆشە و کەس نییە سەرپەرستیمان بکات. ئێمە بێتاوانین و کەسێک ئازارەکانمان نابینێ، نازانین دەبێ چی بکەین."

ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشتریش بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە ناڕوونیی چارەنووسی لە بەندیخانەی ورمێ و دژایەتیی بەرپرسان لەگەڵ مورەخەسییەکەی، مانی لە خواردن گرتبوو.

کەیوان ڕەشۆزادە، ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨ لەگەڵ چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ئومید سەعیدی، عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی، کامران قاسمی و نایب حاجیپوور لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و پاش یەک مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزران.

کەیوان ڕەشۆزادە، کوڕی عوسمان، خەڵکی گوندی "سیناوا" سەر بە ناوچەی سۆما برادۆست و دانیشتووی شارەکی ئیسلام ئابادی ورمێیە.