کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکاڵای هونەرمەند حوسێن سەفامەنش لە فیلمی دژە کوردی "نون. خ"

12:49 - 11 بانەمەڕ 2724

هونەرمەندی ناوداری کوردستان، "حوسێن سەفامەنش" لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، بەهۆی بەکارهێنانی بێ مۆڵەتی بەرهەمەکانی لە فیلمی دژە کوردی "نون. خ"، سکاڵا لە بەڕێوبەرانی ئەم پرۆژەیە دەکات.

ناوبراو لەم پەیامە ڤیدیۆییەدا و لە کاردانەوەیەکی تونددا بەرامبەر بە بەکارهێنانی بەرهەمەکانی لەم فیلمەدا، ڕایگەیاند کە گۆرانییەکانی بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت و گرێبەست لەگەڵ خۆی یان بەڕێوەبەری بەرنامەکەی بووە.

هەروەها بەڕێوەبەری بەرنامەکانی حوسێن سەفامەنش ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بانەمەڕ، سکاڵای فەرمی و یاسایی خۆی لەسەر ئەم پرۆژە نایاساییە لە دژی سەعید ئاقاخانی دەرهێنەری ئەم فیلمە دژە کوردە تۆمار کردووە.

فیلمی دژە کوردی "نون.خ" بە سووکایەتیکردن بە جلوبەرگی کوردی و بە داهێنانی زمان و زاراوەی دەسکرد، بە ئامانجی تواندنەوەی زمانی کوردی لە زمانی فارسیدا و لە ئەنجامدا لەبیرکردن و سڕینەوەی ئەو زمانە لە تلویزیۆنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاو دەکرێتەوە کە ناڕەزایەتی بەربڵاوی خەڵکی کوردستانی لێکەوتووەتەوە.

شایانی باسە کە ڕێژیمی ئێران دەنگوڕەنگی خۆی وەک چەکێک لە دژی خەڵکی کوردستان بەکار هێناوە و بە دروستکردنی فیلم و بەرنامەی لەڕادەبەدەر دژ بە فەرهەنگ و زمان و ناسنامە و حیزبە کوردستانییەکان هەوڵی داوە واقیعەکانی کۆمەڵگای کوردستان بە لاڕێدا ببات و سیاسەتە نگریسەکانیان سەبارەت بە کوردستان بەسەر بیر و مێشکی خەڵکدا بسەپێنێ.