کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکاریی وەزیری زانستی ڕێژیم سەبارەت بە سەرکوتی خوێندکارانی ئێران لە خۆپیشاندانەکانی ١٤٠١

12:53 - 11 بانەمەڕ 2724

محممەدعەلی زوڵفی گوڵ وەزیری زانستی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٤٠١ دا هیچ هێزێکی ئەمنی و پۆلیس بۆ سەرکوتکردنی خوێندکاران نەچوونەتە نێو زانکۆکانی ئێرانەوە.

زوڵفی گوڵ ڕۆژی دووشەممە لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئاماژەدان بەوەی کە هێزەکانی پۆلیسی ئەمریکا لە کاردانەوە بە خۆپیشاندانی ژمارەیەک لە خوێندکاران کە بۆ پشتیوانیکردن لە حەماس دەستیان بە خۆپیشاندان لە نێو چەند زانکۆ لە ئەمریکا کردبوو، ڕایگەیاند کە یاسا لە کۆماری ئیسلامیدا ڕێگە نادات کە هیچ هێزێکی سەربازی و ئەمنی بچێتە نێو زانکۆکانەوە و بۆیە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی١٤٠١دا، یەک کەس لە هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس بۆ سەرکوتی خوێندکارانی ناڕازی نەچوونەتە نێو زانکۆکانی ئێرانەوە.

ئەم چەواشەکارییانەی وەزیری زانستی ڕێژیم لەحاڵێکدایە کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٤٠١دا هێزە لیباس شەخسی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هێرشیان کردە سەر خوێندکاران لە زانکۆکانی ئێران و ژمارەیەکی زۆریان بریندار و دەسبەسەر کرد.

مێلیتاریزەکردنی زانکۆکان لە ئێران و هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ نێو زانکۆکان لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا شتێکی نامۆ نییە و پێشتریش لە ساڵەکانی ١٣٧٨ و ١٣٨٨ هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هێرشیان کردە سەر زانکۆکان و ژمارەیەک لە خوێندکاریان کوشت و ژمارەیەکی دیکەیشیان بریندار و دەسبەسەر کرد.

لەم پێوەندییەدا ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی هێزەکانی لیباس شەخسی و ئەنساری حیزبوڵڵا هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەی خوێندکاران لە "کووی دانشگا تاران" و لە ئاکامدا ٥ خوێندکاریان کوشت و ژمارەیەکی زۆریشیان بە زنجیر و چەقۆ و باتووم بریندار کرد و زیاتر لە ١٠٠ خوێندکاریشیان دەسبەسەر کرد.

هەروەها لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٣٨٨ بە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ئێران هێزەکانی لیباس شەخسی و پۆلیس و ئەنساری حیزبوڵڵا هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە "کووی دانشگا تاران" و لە ئاکامدا ٥ خوێندکاریان کوشت و دەیان خوێندکاریشیان بریندار و دەسبەسەر کرد.

شایانی باسە کە زانکۆکان هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە وەک شوێنێکی گرینگ و ئەمنییەتی چاویان لێ کراوە و ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی "حەراسەت"ی زانکۆکانەوە دەستوپێوەندییەکانی خۆی تێدا جێگیر کردوون.