کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە یادی ١٢۴ ساڵەی لە‌دایک‌بوونی پێشەوا قازی محەممەددا

12:56 - 11 بانەمەڕ 2724

ئەمڕۆ ١١ی بانەمەڕ، ١٢۴ ساڵ بەسەر لەدایکبوونی پێشەوا قازی محەممەد سەرۆک کۆماری کوردستاندا تێدەپەڕێ.

قازی محەممەد کوڕی قازی عەلی، ساڵی ١٢٧٩ لە شاری مەهاباد لە‌دایک بووە. هەر لە مناڵییەوە هۆگرییەکی زۆر بە خوێندن و خوێندنەوە و فێربوون پەیدا دەکا، بەهۆی تواناکانی خۆیەوە زوو پلەکانی خوێندن دەبڕێ و لە شاری مەهاباد دەبێتە دادوەر. لە ماوەی ژیانی خۆیدا فێری حەوت زمان دەبێ و لەگەڵ ئەوەیکە لە بنەماڵەیەکی ناسراوی شاری مەهاباددا پێگەیشتبوو و لەباری کۆمەڵایەتییەوە کەسێکی ناسراو و جێی ڕیزی خەڵکی مەهاباد بوو، لەبواری سیاسی و مودیرییەتیشەوە زۆر زوو تواناکانی خۆی دەرخست و بوو بە پێشەنگ.

پێشەوا بۆ بەربڵاوکردن و گەورەکردنەوەی کۆمەڵەی ژێکاف، کۆمەڵەی لە ڕێکخراوێکی داخراوەوە گۆڕی بۆ حیزبێکی مودێڕن و سەردەمیانە کە هەموو چین و توێژەکانی کوردستانی لەخۆ گرت و بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان نێودێر کرا و لەوکاتەوە خۆشی وەک پێشەوای حیزبی دێموکرات ناوبانگی دەرکرد.

لەو کاتەوە قۆناخێکی دیکە لە ژیانی پێشەوا دەستی پێکرد و دوای دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، بە هاوکاریی هاوڕی و هاوفکرەکانی، کۆماری کوردستانیان ڕاگەیاند و لەو کاتەوە نازناوی سەرۆک‌کۆماری کوردستانی پێ‌بڕا و دەنگ و ناوی کوردی بەگوێی جیهانیان گەیاند.

پێشەوا کۆماری کوردستان و دەوڵەتی کوردستانی دامەزراند و بوو بە یەکەم سەرۆک کۆماری کورد و ئاڵای کوردی لەسەر باڵەخانە و دامەزراوەکانی دەوڵەتی کوردستان بەرز کردەوە کە ئەوە لەو کات و سەردەمەدا بڕیارێکی ئازایانە و کارێکی ناوازە بوو.

بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ئازایانە پێویستی بە ڕۆڵەی لێهاتوو و کارامە هەبوو بۆیە لە ماوەیەکی کورتدا کابینەی وەزیرانی دامەزراند و بۆ پاراستنی قەوارەی کۆماری کوردستان و دەسکەوتەکانی ئەو کۆمارە، بە پشت‌بەستن بە ڕۆڵە ئازا و لەخۆبوردووەکانی کورد، هێزی پێشمەرگەی کوردستانی دامەزراند و لەو کاتەوە نازناوی پێشمەرگە، کوردی بۆ قۆناغێکی دیکەی ژیان و بەربەرەکانی ئامادە کرد و ئەوەیکە ئێستا دەبینین ناوی پێشمەرگە بۆتە پیناسە و غرووری کورد، بەرهەمی بیر و هزر و ئەقڵییەتی پێشەوای کوردە. بە گوتەی شەهید دوکتور قاسملوو” پێشەوا گوڵێ بوو کە لە سەحرا ڕوا بوو”.

پێشەوای نەمر لە ژیانی خۆیدا و بەتایبەتی لە یازدە مانگ دەسەڵاتدارەتی حکوومەتی کۆماری کوردستاندا، زۆر دەسکەوتی مەزنی بۆ کورد بە دیاری هێنا و بە مەرگیشی لە ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢۶ی هەتاوی، پەیامی بەرەنگاری و خۆڕاگری گەلی کوردی دا بە دۆست و دژمن.

بەکورتی پێشەوا بوو بە هێما و پیناسە و بە پێشڕەوی خەباتێکی نەپساوە کە تا ئێستاش ڕۆڵەکانی گەلی کورد بوونە مەشخەڵداری ڕێگە و ڕێبازی و بۆ وەدیهێنانی ئامانجە بەرز و پیرۆزەکانی تێدەکۆشن.

یادی لە‌دایک‌بوونی پێشەوا قازی محەممەدی نەمر پیرۆز و بەرز و بەڕێز بێ.