کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توندوتیژیی خێزانی و گرینگینەدانی بێهزیستی، خۆکوژیی کچی تەمەن ٢١ ساڵی خەڵکی سنەی لێ کەوتەوە

12:56 - 11 بانەمەڕ 2724

لە ڕۆژانی ڕابردوودا کچێکی تەمەن ٢١ ساڵ بە ناوی "نیلووفەر شامحەممەدنژاد"، خەڵكی سنە، لە ئاکامی توندوتیژیی خێزانی لە درێژەی ساڵانی ڕابردوودا و گرینگینەدانی یاسا و بێهزیستی بە دۆخی ناوبراو، بە پەنا بردن بۆ خۆکوژی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ''کوردپا''ی ڕاگەیاندووە، شەوی پێنجشەممە، ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣، نیلووفەر شامحەممەدنژاد لە ڕێگەی خواردنی ٦٠هەتا ٧٠ حەب، لە ماڵەکەی خۆیدا، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. وە

ئەو سەرچاوەیە وتوویەتی: نیلووفەری ٢١ ساڵە هەتا کۆتایی قۆناغی دواناوەندی خوێندوویەتی. ناوبراو تەنیا منداڵی بنەماڵەکەی بووە کە دایک و باوکی کاتێک منداڵ بووە لە یەکتر جودا بوونەتەوە و بە هۆیەوە کە باوکی لە سپاردنی سەرپەرستییەکەی بە دایکی خۆی بواردووە، نیلووفەر لای باوکی ژیاوە. نیلووفەر بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو لەلایەن باوکییەوە توندوتییژیی بەرانبەر کراوە و کاتێ کە چەند کەس ویستوویانە نیلووفەر بخەنە ژێر چاوەدێریی بێهزیستییەوە، بێهزیستی بە بیانووی "دژواربوونی وەرگرتنی سەرپەرستی لە باوک"، هیچ بەرپرسایەتییەکی سەبارەت بەم کچە لە ئەستۆ نەگرتووە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، نیلووفەر خۆی وەکوو بەندکراوێک دەبینی کە لە قەفەزدایە. دۆخێکی نالەباری هەبوو، نە لێی دەگەڕان بۆ خۆی ژیان بکات و نە مافی ژیانیشیان پێ دابوو، بەشی لە ژیان، تەنیا بێ حورمەتی، لێدان، سەرنجنەدان و توندوتیژی بوو.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کردووە نیلووفەر کچێکی بزێو بوو، ژیانی خۆش ئەویست و دەیەویست بژیت، تەنانەت حەزی لە درێژەدان بە خوێندن بوو بەڵام ئیزنی چوونە زانکۆی پێ نەدرا. لە کۆتاییدا بە هۆی توندوتیژی و نەبوونی هیچ پاڵپشتێکەوە، پاش چەندین جار هەوڵدان بۆ خۆکوژی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٣وە، بەگشتی ١٥ کەس لە کوردستاندا هەوڵی خۆکوژییان داوە و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. ١٠ کەسیان پیاو و ٥ کەسیان ژن بوون. ٣ کەس لەوانەی کە خۆکوژیان کردووە کچانێک بوون کە تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.