کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک خالید عەزیزی: پشتمان بە خەڵکی کوردستان گەرمە و بە هیواوە لە گۆڕانکارییەکان دەڕوانین

17:02 - 11 بانەمەڕ 2724

کاک خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ تلویزیۆنی کوردکاناڵ سەبارەت بە چەندین پرس و بابەتی تایبەت، لەوانە؛ ڕوانینی حیزبی دێموکرات بۆ بزووتنەوەی ژینا وەک پرسێکی شوناسخوازانە، پەرتەوازەیی ئۆپۆزسیۆن و پێکنەهاتنی ئاڵترناتیڤ، گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبی دێموکرات و کۆمەڵێک پرسی سیاسیی تایبەت بە حیزبی دێموکرات و خەباتی نەتەوایەتیی ئەم حیزبە قسەی کرد.
کاک خالید لە بەشێک لەم وتووێژەدا لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بەشدارینەکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئەم دوواییانەی ڕێژیم و بەڕێوەچوونی بەشکۆی نەورۆز لە کوردستان وتی: ئەم بەشدارینەکردنە لە ڕاستیدا پەیامێکی سیاسیی بەربەرین بۆ کۆماری ئیسلامی بوو چونکە قەت ئاوا ڕووبەڕووی نافەرمانییەکی مەدەنی لە پێوەندی لەگەڵ بابەت و پرسی قانوونیدا نەببووەوە. لەلایەکی تریشەوە بزووتنەوەی نەورۆزی ئەمساڵ نیشانی دا کە خەڵک لە دژی ئەو نیزامە ئامادەیی تەواویان هەیە و بەوەی کە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، هیوادارن پەیامی ئەوان بە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بگات کە ئەو ئۆپۆزسیۆنە و ئەو حیزبانە بچنە نێو فازی دروستکردنی ئاڵترناتیڤەوە. 
بەڕێز عەزیزی لەم وتووێژەدا باسی لەو گوشارەکان بۆ سەر حیزبی دێموکرات کرد کە دوای بزووتنەوەی ژینا لەلایەنی جۆراوجۆرەوە خراوەتە سەری و ڕایگەیاند، پرسی ئەمنییەتیی ڕێژیم زۆر جار باسی لێ کراوە و ئێمە چەندین ساڵە کە هیچ چالاکییەکی نیزامییمان نەبووە، بەڵام پرسی مانەوەی ئێمە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بابەتێکی پێوەندیدار بە حکوومەتی هەرێم، حکوومەتی عێراق و یووئێنە کە بەردەوام لەگەڵیان لە سەر خەتین.
بۆ ئاگاداریی بینەرانی بەڕێز، ئەم وتووێژە کە چەند بابەتێکی گرینگی لەخۆ گرتووە، شەوی چوارشەممە، لە درێژەی بەرنامەکانی کوردکاناڵدا بڵاو دەبێتەوە