کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی خوێندکاری کورد

02:14 - 12 بانەمەڕ 2724

کوردستانییانی پێشکەوتنخواز

خوێندکارانی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران!

١٢ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٤٧، کۆمەڵێک سەرکردە و کادری لێوەشاوەی حیزبی دێموکرات بە ڕێبەرایەتیی شەهید سمایلی شەریفزادە، دوای ١٨ مانگ بەرەنگاری شۆڕشگێڕانە لە بەرانبەر ڕێژیمی داگیرکەری پەهلەوی، بە هۆی خیانەتی وڵاتفرۆشان و لە گوندی دارێنەی شاری بانە، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی پاشایەتی گەمارۆ دران و پاش بەرەنگارییەکی شۆڕشگێڕانە، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون. ئەوان سەری بەرزیان لە ئاست ملهۆڕی دوژمنی وڵاتەکەیان نەوی نەکرد و بەم شێوەیە لاپەڕەیەکی زێڕینیان لە مێژووی بەرخۆدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کرد.

ئەو بەرخۆدانە شۆڕشگێڕانە لە ئاخێزگەی خۆیدا کۆمەڵێک پەیامی  هەڵقوڵاو لە بنەما نەتەوەییەکانی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەڵگرتوە، کە بە تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر هێشتاش بە شکۆمەندی یاد دەکرێتەوە، کە بریتیین لە:

یەکەم، کولتووری تەسلیم‌نەبوون و بەرەنگاریی ڕاستەوخۆی داگیرکەران. هاوشێوەی شۆڕشەکانی ڕابردووی کوردستان، شەهید سمایلی شەریفزادە  لە جیاتی تەسلیم‌بوون ، بەرەو پیری مەرگ چوو و بەو شێوە داگیرکەری هێنا ژێر پرسیار. ئەو ڕادەیە لە بوێری دەرخەری دوو ڕاستی حاشاهەڵنەگرن کە یەکیان بوونی سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردانە و دووهەمیان ویستی خۆنەویستی و دەسەڵات‌نەویستی و خزمەتی ڕاستەقینەی نیشتمانە.

دووهەم، دوژمنی بەهێز و خاوەن چەکی پێشکەوتوو و جۆراوجۆر نابێتە هۆ و بیانوو بۆ خۆدزینەوە لە بەرەنگاری ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە و دەبێت هەردەم بتوانین ئیدعای ئەوەی بکەین کە میللەتێکی زیندوو و خاوەن هەڵویست بووین و مەشغەڵی ڕزگاری زیندوو ڕادەگرین.

سێهەم، بەپێچەوانەی ئیدعای فاشیزمی فارس و دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران کە بەردەوام باس لەوەی دەکەن شۆڕشەکانی کوردستان لە شاخەکان و بەبێ فکر و زانستی سیاسی و بە هاندانی دوژمنانی ئێران لەلایەن کەسانێکی نەخوێندەوارەوە بەڕێوە دەچن، شۆڕشی ساڵەکانی ٤٦ -٤٧ هاوشێوەی زۆربەی شۆڕشەکانی دیکەی کوردستان لەلایەن کەسانێکی خوێندەوار و ڕووناکبیری سەردەمی خۆی ڕێبەرایەتی دەکرا، ئەمە لە حاڵێک‌دایە کە کوردستان بە هۆی سیاسەتی داگیرکاریی دوژمنانەوە لە باری زانستی و خوێندەواری لە حاڵەتێکی نادڵخواز ڕاگیرابوو. ئەم قۆناغە لە شۆڕشی کورد درێژەدەری ڕێبازی پێشکەوتنخوازی کۆماری کوردستان و حیزبی دێموکرات بوو  و هەڵگری مانیفێستی ڕادیکال و ڕزگاریخوازانەیە. بۆیە زانستیبوون و پێگەی جەماوەریی ئەم ڕاپەڕینە بوو بە هۆی ئەوەی کە دوای ساڵانێکی زۆر، شەهید سمایل شەریفزادە و هاوڕێیانی وەک سیما و هێمای شۆڕشی خوێندکاری کورد لە قەڵەم بدرێن و یاد بکرێنەوە.

هاونیشتمانییانی سەربەرز!

خوێندکارانی کورد لە مێژووی هاوچەرخی ئێران و کوردستاندا، لە قۆناغی جۆراوجۆر بە پێکهێنانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر دەسەڵاتی داگیرکەری تاران، ماهیەتی دوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامییان هێناوەتە ژێر پرسیار.

لە ڕاپەڕینی نوێیەی گەلانی ئێران -شۆڕشی ژن ژیان ئازاد- خوێندکاران ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەریان هەبوو. رێژیم کە لە ئاستی دروشمی ساختارشکێن و ڕێکخستنی بەهێز و هاوئاهەنگیی خوێندکاران لە زانکۆکانی کوردستان و ئێران وەزاڵە هاتبوو، هەر بۆیە دەستی بۆ سەرکوتی خوێناوی لە زانکۆکان برد و بە گرتن و کوشتن هەتا دوورخستنەوە و پێکهێنانی دۆسیەی ئەمنییەتی بۆ خوێندکاران بەردەوام بوو و هەتا ئێستاش زانکۆکان بەتایبەت زانکۆکانی کوردستان تا ڕادەیەک میلیتاریزەن، بەڵام ئیرادەی تەسلیم‌نەبوون و داهێنان لە شێوازەکانی خەباتی مەدەنی لە زانکۆکان وای کردوە یەکێک لە سەنگەرەکانی بەرخۆدان بێت کە بڵێسەی شۆڕشی ژینای تێدا ترووسکە بداتەوە.

خوێندکارانی کورد!

١٢ی بانەمەڕ، ڕۆژی نەتەوەییی خوێندکاری کوردە. ئەم ڕۆژە زیاتر لەوەی کە واتایەکی سیمبۆلیکی هەبێت، دەرفەتێکه بۆ خستنەڕووی داواکارییە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانمان. گوتاری هێژمۆنیی بزووتنەوەی خوێندکاریی سەرتاسەری هەرچییەک بێت و بە هەر ئاراستەیەکدا بڕوات، بۆ ئێمەی کورد ئەمڕۆ و هەموو ڕۆژێک مافی نەتەوایەتی لە پێش هەموو شتێکە.

خوێندکاری کورد ئەرکدارە کە بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس، خوێندن به زمانی کوردی و هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردنی سیستماتیک تێ بکۆشێت و هەوڵ بدات ئەم مافانە لەنێو گوتاری هێژمۆنیی شۆڕش و بزووتنەوەی خوێندکاریی سەرتاسەریدا جێ بکاتەوە، بوێرانە داوای مافەکانی بکات و کەمپەینی جەماوەرییان بۆ ڕێک بخات.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، وێڕای بەرزڕاگرتنی ڕۆژی خوێندکاری کورد، یادکردنەوەی شەهیدانی بزووتنەوەی خوێندکاری و بەتایبەتی شەهید "سمایل شەریفزادە" و هاوڕێیانی، سڵاوی ئەمەگ و وەفا بۆ مامۆستایان و خوێندکارانی بەندکراو و دوورخراوە دەنێرێت؛ بانگەوازی هاوخەباتی ڕوو به ڕێکخراوە خوێندکاری و پیشەییەکان، و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران و کوردستان دووپات دەکاتەوە و لە هەمان کاتدا جەخت لە بەردەوامبوون لە خەبات تا گەیشتن و دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی نەتەوەکەمان دەکاتەوە.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ی کوردی