کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی ڕێکخراوی ماددە ١٨: دەبێت تێچووەکان بۆ کۆماری ئیسلامی زیاتر بکەین

19:41 - 20 بانەمەڕ 2724

وتەبێژی ڕێکخراوی ماددە ١٨ لە وتووێژێکدا سەبارەت بە دۆخی ژیانی کەمینە ئایینییەکان لە ئێران بە ئاماژەدان بەوەی کە حاکمییەتی ئایینی لە جیاتی دێموکراسی لە ئێراندا حوکم ئەکات ڕایگەیاندووە: پێوەستبوونی خەڵک بە ئایین و باوەڕە جیاکان لە ئایینی فەرمیی دەسەڵات، ڕەواییبوونی دەسەڵات دەباتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە چالاکییە ئاشتیخوازانەکەی کەمیینە ئایینییەکانی وەک بەهاییەکان، یارسانییەکان، مەسیحییەکان و سوننە مەزهەبەکان و هەموو بیروباوەڕە جیاکانی دیکە، لەلایەن دەسەڵاتەوە وەک هەوڵدان بە دژی ئەمنییەتی وڵات دێتە ئەژمار و سزاگەلی قورس بە سەریاندا دەسەپێندرێت.

کیارەش عالیپوور لە پێوەندیی لەگەڵ بەندی ١٣ی یاسای بنەڕەتیی ئێران ڕایگەیاندووە کە بەپێی یاسا، کەمینە ئایینییەکان لە دەربڕینی بیروڕای خۆیان ئازادن و پشکنینی باوەڕەکان قەدەغەیە بەڵام ئەمە تەنیا یاسایەکە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە هیچ پێڕەو ناکرێت و کەمیینە ئایینییەکان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر بەربەستی یاسایی و هەڵاواردن بەرەوڕوون.

عالیپوور لەم پێوەندییەدا زیادی دەکات، کەمینە ئایینییەکان لە ئێران بۆیان نییە کە بەرپرسایەتییە دەوڵەتییەکانی وەک دادوەر، باڵوێز، وەزیر یان سەرۆککۆمار بگرنە ئەستۆ و هەروەها لە کاتی حوکمدان لە داداگاکاندا سزای موسڵمانان و غەیرە موسوڵمانەکان وەک یەک نییە و هەڵاواردنەکان لە یاساکانی وەک میرات و قەساس و زەواج، ڕەچاو دەکرێت.

وتەبێژی ڕێکخراوی ماددە ١٨ بە ئاماژەدان بەوەی کە لەم چوارچێوەیەدا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهان بە چاوەدێریکردنی هەڵسوکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کەمینەکان تا ڕادەیەکی بەرچاو توانیویانە تێچووە دیپلۆماتیکەکان بۆ دەسەڵات زیاد بکەن ڕایگەیاندووە کە خەڵکی ئێران و پارێزەرانی مافی مرۆڤ نابێت لە هەمبەر ئەم کردەوانە بێدەنگ بن تاکوو تێچووەکان بۆ کۆماری ئیسلامی زیاد بکەن.

عالیپوور لە کۆتاییدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە دەبێت هەموو کەمینە ئایینییەکان لە ئێران وەک هاووڵاتییەکی تەواو مافیان پێ بدرێت و هەروەها خوازیاری ئازادکرانی هەموو بەندکراوانی ئایینی و بیروباوەڕ لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی بوو.

 

 

ماددە ١٨ یەک لەو ڕێکخراوانەیە کە بۆ بەرگریی لە مافی ئازادیی ئایین و باوەڕ تێدەکۆشێت.