کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوێژکاری خامنەیی: ئەگەر بوونی کۆماری ئیسلامی بکەوێتە مترسییەوە، تاران تێۆری ناوکی خۆی دەگۆڕێت

19:48 - 20 بانەمەڕ 2724

کەماڵ خەڕازی، سەرۆکی شۆرای ستراتێژیکی پێوەندییەکانی دەرەوە و ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕ ڕایگەیاند، ئەگەر بوونی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئیسرائیلەوە بکەوێتە مەترسییەوە، تاران تێئوری ناوکی و نیزامیی خۆی دەگۆڕێت.

خەڕازی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تلویزیۆنی ''ئەلجەزیرە''، جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی توانای بەرهەمهێنانی بۆمبی ناوکیی هەیە.

خەڕازی وتوویەتی: 'هیچ بڕیارێکمان بۆ دروستکردنی بۆمبی ناوکی نییە، بەڵام ئەگەر بوونی ئێران بکەوێتە مەترسییەوە، ناچار دەبین تێئۆری نیزامیی خۆمان بگۆڕین.

لەحاڵێکدا کۆماری ئیسلامی بە پشتبەستن بە فتوای عەلی خامنەیی هەمیشە ئیدعای ئەوە دەکات کە بەنیازی دروستکردنی بۆمبی ناوکی نییە، بەشێک لە بەرپرسانی ڕێژیم لە چەند مانگی ڕابردوودا دوورەدیمەنی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیان خستووەتە بەر باس.

عەلی ئەکبەر ساڵحی، وەزیری پێشووی دەرەوە و سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆتایی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا لە بەرنامەیەکی تلویزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو کە تاران توانای پێویستی بۆ دروستکردنی بۆمبی ناوکی هەیە.

هەروەها 'دامەزراوەی زانست و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی کە بنکەکەی لە واشنگتۆنە لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە ئێران دەتوانێت لە ماوەی حەفتەیەکدا یەک بۆمبی ناوکی و لە ماوەی مانگێکدا شەش بۆمبی ناوکی دروست بکات.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بانەمەڕ، ڕافائیل گرووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەی بۆ ئێران، ڕایگەیاند، هەرچەندە تا ئێستا هیچ مۆڵەتێک بە کۆماری ئیسلامی بۆ چارەسەرکردنی پرسی ناوکی نەدراوە، بەڵام دەبێ ڕێژیمی ئێران بە زووترین کات بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکان لەمبارەیەوە ڕێوشوێنی تایبەت بگرێتە بەر.