کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگێشتکردنی لانیکەم ١٧ چالاکی سەندیکای مامۆستایان لە سنە

11:28 - 13 بانەمەڕ 2724

لە بەرەبەرەی ڕۆژی کرێکار و مامۆستا لە ئێران ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی لانیکەم ١٧ مامۆستا و چالاکانی سەندیکای مامۆستایانیان لە شاری سنە بانگهێشت کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ''هێرانا''، کاربەدەستانی ڕێژیم بە زۆر بەڵێنیان لە خەڵکی بانگێشتکراو وەرگرتووە کە لە کۆبوونەوی ناڕەزایەتی مامۆستایان لە ١٣بانەمەڕدا بەشداری نەکەن.

پێشتر شۆرای هاواهەنگیی رێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایانی ئێران داوای لە مامۆستایانی سەرتاسەری ئێران کردبوو کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ بانەمەڕ، بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە ببەن.

لەو پێوەندیەدا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە چالاکانی سەندیکای مامۆستایانی سنە بانگهێشت و لەلایەن ڕێژیمەوە هەڕەشەیان لێ کرابوو.

شایەنی باسە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، چڕبوونەوەی هەڵسوکەوتی ئەمنیەتی و یاسایی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ تێکۆشەرانی سەندیکای مامۆستایان لە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن سەندیکا نێودەوڵەتییەکانی کرێکاران و مامۆستایانەوە ڕەخنەی لێ گیراوە.