کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێک بەبۆنەی ١٢ی بانەمەڕ، ڕۆژی خوێندکاری کورد

10:50 - 12 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی سێشەممە ١١ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، سێمینارێک بەبۆنەی ١٢ی بانەمەڕ ڕۆژی خوێندکاری کورد و هەروەها بەرزڕاگرتنی یادی شەهید سمایل شەریفزادە لەلایەن یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانەوە بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

سیمین تەختی پێشکەشکاری سێمینارەکەوە ویرای بەخێرهاتنی بەشداربووان کورتەیەکی لەسەر ڕۆڵ و شوێندانەریی خوێندکار لە کۆمەڵگەدا باس کرد.

دواتر پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی خوێندکار، لەلایەن محەممەد سلێمانی ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەو ڕێکخراوە خوێندرایەوە.

لە پانێلی یەکەمدا هەردی سەلیمی، ئەندامی یەکیەتیی خوێندکاران بابەتەکەی لەژێر ناوی  "ئەوکات و ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان" کە لە پێوەندی لەگەڵ پێک‌گرتنێک بوو لەسەر دۆخی هزریی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە نێوان دوو ماوەیزەمەنیی گرینگ لە خەباتی ئەو به‌شە لە کوردستان، لە ساڵەکانی ٦۲-٥۷ـی هەتاوی، لەگەڵ ڕەزبەری ۱٤۰۱ هەتا ئێستا، پێشکەش کرد.

لە پانێلی دووهەمدا جەماڵ فەتحی، سکرتێری یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، لەسەر تەوەری ناسیۆنالیزم و چەمکی ڕزگاری لە نێوان تیئۆری و پراکتیکدا، لە پێوەندی لەگەڵ ناسیۆنالیزم ئاماژەی بە دوو قوتابخانەی پریمۆردیاڵەکان و کانستکرشنەکان و هەروەها نوێترین تێڕوانین لەسەرـ ناسیۆنالیزمی مودێڕن کرد و هەروەها باسی لەوە کرد کە چەمکی ڕزگاری و فەلسەفەی سیاسیی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد خۆ لە بازنەیەکی نۆرماتیڤ دەبینێتەوە و لە هەمان کاتدا بیچمی بەرگریکارانەی وەخۆ گرتووە. 

 ‌سێمینارەکە بە پرسیار و تێبینیی بەشداربووان و وڵامدانەوەیان لەلایەن کۆڕگێڕانەوە کۆتایی پێ هات.