کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدرانی ٦ بەندکراو لە ١٤ـەهەمین مانگرتنی ڕۆژانی سێشەممەدا

11:08 - 12 بانەمەڕ 2724

کۆمەڵێک لە بەندکراوانی بەندەکانی ژنان، چوار، شەش و هەشتی ئێڤین، قزڵحەسار، کەرەج، خوڕماوا، خوی، نەغەدە، سەقز و مەشهەد وەک ناڕەزایەتییەک بە دژی لەسێدارەدانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژی سێشەممەی ١١ی بانەمەڕ بۆ حەفتەی چواردەهەم مانیان لە خواردن گرت.

زیندانییانی مانگرتوو ڕایانگەیاندووە کە ژمارەی لەسێدارەدان لە ئێران ئەوەندە زیادی کردووە کە هەر شەش کاتژمێر جارێک کەسێک لە سێدارە دەدرێت.

هاوکات لەگەڵ مانگرتنی ئەو بەندکراوانە بە نیشانەی "نا" بۆ لەسێدارەدان، دەزگای بەناو دادوەرتی کۆماری ئیسلامی شەش کەسی دیکەی لە ئەردەبێڵ، بیرجەند و مەشهەد لە سێدارە دا.

بەپێی ئاماری ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران، بەندکراوان لە دۆخێکدا مانیان گرتووە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە ٧١ کەس لە سێدارە دراون و لانیکەم ٤٩ کەس لە ١٠ ڕۆژی یەکەمی مانگی بانەمەڕدا لە سێدارە دراون.

لە نێو ئەوانەی کە لە ساڵی ١٤٠٣دا لە سێدارە دراون، لانیکەم سێ ژن هەن، و یەکێک لەوانە لە کاتی لەسێدارەداندا تەمەنی تەنیا ١٩ ساڵ بووە.