کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزەری سامان یاسین: بریگرتەکەم نەخۆشە و ڕێگری لە ئازادکردنی دەکەن

11:36 - 15 بانەمەڕ 2724

پارێزەری سامان یاسین باسی لەوە کردووە کە سەرەڕای ئەوەیکە یاسای تێنەپەڕاندنی ماوەی سزای بەندکران سامان یاسین دەگرێتەوە، بەڵام بەرپرسان ڕێگرییان لە ئازادکردنی لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج کردووە.

ڕۆژی هەینی ١٤ی بانەمەڕ ڕامین سەفەرنیا لە تۆڕی ئیکسدا نووسیبووی کە ڕۆژی پێنجشەممە لە لقی ٢٨ و ١٥ی دادگای ئینقلابدا بەدواداچوونی بۆ دۆسیەی سامان یاسین کردووە هەتا دەرفەتی دەسپێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی پێ بدرێت، بەڵام ڕایانگەیاند کە ڕێگەی پێنادرێت و ئەوە پێویستە لە دادگای باڵادا بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات.

سەفەرنیا زیادی کرد: بەپێی ڕاپۆرتی نەخۆشخانەی ڕازیی تاران کە ڕەوانەی بەندیخانەی قزڵحەسار کراوە، نەخۆشییەکانی بریگرتەکەم دیارە و پێویستە دۆسییەی پزیشکییەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادوەری بکرێت.

ئەم پارێزەرە ڕایگەیاندووە کە سامان یاسین لە ڕۆژی دادگاییکردنیدا بە تلفۆن ئاگاداری کردوومەتەوە کە دادوەری لقی ٢٨ی دادگای ئینقلاب ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا ڕاپۆرتێک لەسەر بۆچوونی پزیشکی پسپۆڕ بۆ دادگای ئینقلاب نەنێردراوە و ناتوانێ دۆسییەکە بۆ دەرکردنی بەڵگەی تێنەپەڕاندنی ماوەی بەندکران و ئازادکردنی ڕەوانەی پزیشکی یاسایی بکات.

سامان یاسین کە زیاتر لە ١٨ مانگە لە دەسبەسەری کاتیدایە، ڕێکەوتی ٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ بە بڕیاری دادگای ئینقلابی تاران، بە پێنج ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ یەکێک لە شارەکانی پارێزگای کرمان مەحکووم کرا.

سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، خەڵکی شاری کرماشان و دانیشتووی تاران، مانگی ڕەزبەری ١٤٠١ بەهۆی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە جەمارییەکان دەسبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی "موحاربە" لەلایەن دادگای گشتی و ئینقلابی تارانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپا و پاشان ئەو سزایە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشێندرایەوە و لە دوایین بڕیاردا سزای ٥ ساڵ دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێندراوە.