کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عبدولحمید خوازیاری "ڕوونکردنەوە"ی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە دۆسییەی نیکا شاکەرەمی بوو

11:46 - 15 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی هەینی ١٤ی بانەمەڕ، مەولەوی عەبدولحەمید، کەسایەتیی ئایینی و پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەکیی زاهیدان، بە ڕەخنەگرتنی توند لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، داوای لێکۆڵینەوەی "بێلایەنانە"ی دۆسییەی کوشتنی نیکا شاکەرەمیی لەلایەن سیستمی دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە کرد.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە ڕووماڵی بەرفراوانی ڕاپۆرتی نوێ سەبارەت بە کوشتنی نیکا شاکەرەمی لە ئێران، باسی لەوە کرد، ئەرکی حکوومەت و سیستەمی دادوەرییە کە بێلایەنانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسییەیە بکەن و بۆ خەڵک ڕوونی بکەنەوە.

پێشنوێژی هەینیی زاهیدان، داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد کە بە شێوەیەکی بێلایەنانە مامەڵە لەگەڵ هەموو دۆسییەکانی پەیوەست بە کوشتنی کچانی ئێرانی لە گرتنگەکانی ڕێژیم لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا بکەن.

مەولەوی عەبدولحەمید زیادی کرد، هەرکەسێک ئەو کردەوەیەی ئەنجام داوە، پێویستە بەبێ لەبەرچاوگرتنی پلە و پۆستەکەی سزای قورس بدرێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە بەڵگەنامەیەکی نهێنی کە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر نیکا شاکەرەمی و وردەکارییەکانی کوشتنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە پشتڕاست کردەوە و کاردانەوەی بەرفراوانی لەسەر ئاستی نێوخۆ و دەرەوە بەدوای خۆیدا هێنا.

لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا کوشتنی نیکا شاکەرەمیی بە ترسناک ناو برد و جەختی لەسەر پێویستیی لێکۆڵینەوەی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بارەوە کردەوە.