کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەوی ڕابردوو لە بەلووچستان تێکهەڵچوونی چەکدارانە ڕووی دا

11:14 - 16 بانەمەڕ 2724

کاناڵی تێلگرامیی حاڵ‌وەش کە هەواڵەکانی پارێزگای بەلووچستان ڕووماڵ دەکات، نووسیویەتی: لەسەر شەقامی کەوسەری ٢٧ لە شاری زاهێدان تێکهەڵچوون لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی  و لیباس شەخسییەکان و کەسانی چەکداری نەناسراو ڕووی داوە.

وێنە ڤیدیۆییەکان دەریدەخەن کە ئەم پێکدادانانە لە کاتژمێرەکانی درەنگانی شەوی شەممەدا ڕوویان داوە.

هەواڵدەرییەکانی کۆماری ئیسلامیش ڕوودانی ئەم شەڕەیان پشتڕاست کردووەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتێک، ئەم تێکهەڵچوونە دوای دەسبەسەرکردنی ژمارەیەک لە ئەندامانی تۆڕی پشتیوانیی جەیشولعەدل لە شاری ڕاسک هاتووەتە ئاراوە.

هەواڵدەریی ''فارس'' لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە نووسیویەتی ئەم تێکهەڵچوونە لە ئەنجامی ناکۆکیی کەسی ڕووی داوە، کە لە ئەنجامدا ٣ کەس بریندار بوون و کەسێکیش کوژراو.

لەلایەکی دیکەوە کاناڵی حاڵ‌وەش نووسیویەتی ئەم دەرگیرییە چەکدارییە دوای دوو کاتژمێر هێشتا بەردەوامە و وێنەی دڕۆنی بڵاو کردووەتەوە کە بە ئاسمانی شارەکەدا دەسووڕێنەوە.

لە ڕۆژانی ١٥ و ١٦ی خاکەلێوەدا لە سیستان و بەلووچستان شەڕ و پێکدادانی توند لە نێوان ئەندامانی جەیشولعەدل و هێزەکانی ڕێژیم ڕووی دا و زیاتر لە ٢٠ کەس گیانیان لەدەست دا.

جەیشولعەدل بە فەرمی ڕایگەیاند کە هێرشی بەرفراوان و هەماهەنگیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکان لە سێ شاری ڕاسک و چابەهار و سەرباز دەست پێکردووە.

''جەیشولعەدل'' ڕێکخراوێکی دژ بە ڕێژیمی ئێرانە کە خۆیان بە "ئەرتشی دادپەروەری و یەکسانی" ناو دەبەن و دەڵێن بۆ بەرگریکردن لە مافی سوننەکان، بەتایبەتی لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان خەبات دەکەن.