کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی بێکاری ژنان لە ٢٠ پارێزگای ئێراندا زیادی کردووە

11:35 - 16 بانەمەڕ 2724

ڕێژیمی ئێران ئیدعای ئەوە دەکات کە ڕێژەی بێکاری لە ساڵانی ڕابردوودا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی. هاوکات لەگەڵ ئەم ئیدعایە، ئەنجامی سەرژمێریی هێزی کار لە زستانی ساڵی ١٤٠٢دا نیشان دەدات کە ڕێژەی بێکاریی ژنانی لاو لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێراندا زیادی کردووە.

ناوەندی ئاماری ئێران ڕێژەی بێکاریی ژنانی لاوی ١٥ بۆ ٢٤ ساڵانی بە ٣٦.٤٪ ڕاگەیاندووە، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵێک لەمەوبەر واتا زستانی ١٤٠١ی هەتاوی باس لە زیادبوونەوەی ئامارەکان دەکات.

لەلایەکی دیکەوە ئێکۆ ئێران پێداچوونەوەی بە ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێراندا کردووە و زیادبوونی ڕێژەی بێکاریی ژنانی گرووپی تەمەنی ١٥ بۆ ٢٤ ساڵی لە ٢٠ پارێزگادا ڕاگەیاندووە.

بەپێی داتاکانی ئەو ڕاپۆرتە لە حەوت پارێزگادا لانیکەم نیوەی ئەو ژنە گەنجانەی کە بەدوای کاردا دەگەڕێن کاریان دەست نەکەوتووە و بێکار ماونەتەوە.

هەر لەو پێوەندیەشدا پارێزگای لوڕستان بەرزترین ڕێژەی بێکاریی ژنانی تەمەن ١٥ بۆ ٢٤ ساڵ تۆمار کردووە و لە هەر ١٠ ژندا ٦بۆ ٨ کەسیان بێکارن، و ئەم ڕێژەیە بە ڕێژەی ٢٨٦٪ زیاترە لە زستانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی.

ناوەندی ئاماری ئێران ڕێژەی بێکاریی لە زستانی ساڵی ١٤٠٢دا بە ٨.١٪ ڕاگەیاندووە و هەروەها ڕێژەی بێکاریی ژنانی ١٥.٦ ٪ ڕاگەیاندووە کە زیاتر لە دوو هێندەی نرخی بێکاری پیاوانە کە ٧.١ ٪ بووە.

لە پارێزگاکانی فارس و گۆڵستان، لە هەر ١٠ ژنێک کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٤ ساڵدایە، لانیکەم ٦.٣ ژن بێکارن. ڕێژەی بێکاریی ژنانی لاو لە پارێزگای کرمان ٥٩.٥٪، خووزستان ٥٤.٢٪، کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد ٥٣.٩٪ و ئەردەبیل ٥٣٪ بووە و هەروەها  شەش پارێزگای دیکە وەکوو پارێزگای گیلان، خوراسان، یەزد، سێمنان، خوراسانی ڕەزەوی و هورمزگان، ڕێژەی بێکاری زیاتر لە ٤٠٪ ڕاگەیەندراوە واتە لە هەر ١٠ ژن، لانیکەم ٥.٣ کەسیان بێکارن.