کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی هونەرمەندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەردەوامە

12:01 - 16 بانەمەڕ 2724

لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هونەرمەندان بە ئامانجی سەرکوت و تۆڵەکردنەوە لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەردین (حەمزە) جەعفەری، هونەرمەندی کورد لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە گیەڵان دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی ''کوردپا''، ڕۆژی هەینی ١٤ی بانەمەڕ، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران بە سەر دیوارەوە هێرشیان کردە سەر ماڵی بەردین جەعفەری و بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کرد.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هێزە ئەمنییەتییەکان وێڕای پشکنینی ماڵەکە، کەلوپەلە کەسییەکانی ناوبراو لەوانە مۆبایل و لەپتابەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

بەردین جەعفەری لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی گیەڵاندا لە ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، سروودی حەماسی لەوانە سروودی "پایدار بمێنێ کوردستانم"ی وتەوە. ئەم ڕێوڕەسمە سەرەڕای هەڕەشە و دژایەتیی توندی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە بەشداریی زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس لە خەڵک بەڕێوە چوو.

شایانی باسە، بەردین جەعفەری سەرەڕای چالاکیی هونەری، لە بواری مەدەنیش چالاکی هەبووە و لە کاتی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی لێقەوماوی سەرپێڵ زەهاو و لافاوی لوڕستان ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە.

هێزەکانی ڕێژیم لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، چەندین هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان بە هۆی بەڕێوەبردن و بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، لە شارەکانی کارزان، ئاودانان، مەڵەکشایی، ئیلام، گیەڵان، بۆکان، سنە، پیرانشار، میاندواو و شنۆ دەسبەسەر کردووە و بە سەدان کەسی دیکەشیان بانگ کردوون و لێپرسینەوەیان لێ کردوون.