کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد لە شاری ڕەبەت

12:14 - 17 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بانەمەڕ هێزەکانی ڕێژیم لە شاری ڕەبەت هەڵیانکوتایە سەر ماڵی لاوێکی کورد بە ناوی ئارمان تۆبەکار و دەسبەسەر و ڕەوانەی دادگای سەردەشتیان کرد.

ئەم لاوە کوردە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بە تۆمەتی ئاژاوەگێڕیی و تێکدانی بنکە و بارەگاکانی ڕێژیم لە شاری ڕەبەت بۆ ماوەی دوو ساڵ و یەک ڕۆژ بە بەندکران سزا درا.

سزای ناوبراو پاش دەربڕینی ناڕەزایەتی بۆ ماوەی ساڵێک و یەک ڕۆژ کەم کرایەوە.

هێزەکانی ڕێژیم ڕۆژی ڕابردوو کاتژمێر ٨ و ٣٠ خولەکی بەیانی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئارمان تۆبەکار و پاش ناردنی بۆ دادگای سەردەشت، بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی مهابادیان کرد.

شایانی باسە کە ڕێژیم بە مەبەستی تۆقاندن و ترساندنی خەڵک پاش خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی ژینا و ترس لە دەستپێکی دووبارەی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، بەردەوام خەریکی سەپاندنی حوکمی نادادپەروەرانە بە تۆمەتگەلی ناڕەوا بۆ سەر خەڵکە و هەروەها لەسێدارەدانەکانی چڕتر کردووەتەوە.