کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژهەڵاتی ناوەند، مەرگی پەراوێز

12:54 - 17 بانەمەڕ 2724

سمکۆ سەقزی

ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە چوار پارێزگای ڕۆژئاوای ئێرانە، لە گوتاری ڕەسمیی ناوەندگەرایی تاراندا بە "مەناتیقی غەربی کیشوەر" دەناسرێت و، تەنیا یەک پارێزگای ناوی کوردستانە.

لە دوای نەمانی قاجار و تەواوبوونی حکوومەتی پاشایەتیی مەمالێکی مەحرووسە و هاتنەسەر کاری پەهەلەویی یەکەم، هەوڵێکی چڕی سیستماتیک درا بۆوەی ئەو میراتە قەجەرییەی بۆ ڕەزاخان مابۆوە، بە شێوەی حکوومەتێکی ناوەندی مودێرنی بەهێز بەڕێوە بچێت و تەواوی ناوەندەکانی بڕیار لە پایتەختی تاراندا کۆ ببێتەوە. ڕەزاخان بە گۆڕینی ناوی وڵات بۆ ئێران، یەکەم هەنگاوی شوناسی ساختە و دروستکراوی بۆ نەتەوەکانی نێو ئەم جوغرافیا داگیرکراوە هەڵگرت. ستراتیژیی ئەم ئێرانە نوێیە بە حوکمڕانیی تاران و بە تەنیا زمانی فەرمیی فارسی و یەکدەست‌کردنی جلوبەرگ ئەوە بوو کە بە یەک‌دەست و یەک‌زمان و یەکڕەنگ‌کردن، نەتەوە  غەیرەفارسەکان بتوێنێتەوە و ئەوان لە خودییەتی خۆیان داماڵێت. بەڵام کوردستان وەک بەرگرییەکی ڕەوا بە ڕێبەرایەتیی سمکۆی شکاک بەرەنگاری ئەم سیاسەتە بۆوە و بۆ ماوەیەکی درێژ لەهەمبەر حکوومەتی ناوەندیدا خۆڕاگری کرد و توانی ڕوحێکی نوێ بە جەستەی شوناسخوازی و ناسیۆنالیستی له ناخی مرۆڤی کوردی ڕۆژهەڵاتدا بکات. بەمجۆرە لە بەرەبەری تازەگەری و کرانەوەی ئێران ڕوو بە دنیای ڕۆژاواییدا کورد وەک نەتەوە خۆی پێناسە کرد و ئەویتری وەک داگیرکەر ناسی و دژی وەستا.

کێشانی هێڵی ئاسن و شەمەفەندەفەر و گەشەی پیشەسازی کە بە ڕاوێژی موستەشارە ئورووپییەکان بەڕێوە دەچوو، لە سەردەمی حوکمی ڕەزاخاندا کرا. ڕەزاخان دەیویست کوردستان و ئەو هێڵە سنوورییە کە ئەوان غەرب و باختەریان پێ دەگوت وەک پەراوێزێکی دواکەوتوو بهێڵێتەوە، بۆیە لەم تەرحە ئابوورییانەدا لە هەر دوو حکوومەتی پەهلەوییەکان و دواتریش لە قۆناغی کۆماری ئیسلامیی خومەینیشدا کە درێژەدەری هەمان سەڵتەنەتی شایی بوو، کوردستان کەمترین پشکی پڕا. لەگەڵ ئەم پەراوێزخستنە ئەوەی پەرەی پێ درا تاڵانکردنی سەرخان و ژێرخانی کوردستان و بە ئەمنیەتی‌کردن ئەو ناوچەیە و گرتنەبەری سیاسەتی سەرکوتی سەخت بوو.

لە سێبەری ئەو سیاسەتەدا بەڵام ڕۆحی میللیی کوردستانی و شعووری بەرزی سیاسیی کورد سەرەڕای ئەم جینایەتانە توانی لە دوای خەرمانانی ١٣٢٠ و نەمانی ڕەزاخانی دیکتاتۆر، بە خۆڕێکخستنی چین و توێژەکانی کۆمەڵەی ژێـ کاف دابمەرزێنێ و دواتر بە دامەرزاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان پێ بنێتە قۆناغێکی نوێ لە خەبات کە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و دواتر پێکهێنانی کۆماری کوردستانی لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤دا بەدوودا هات؛ ئەم ڕۆژە پڕشنگدارەی هەتا ئەبەد لە ئاسمانی خەبات و مێژووی کورددا درەوشاوەیە، ڕۆژێک کە کۆتایی بە پەراوێزدانان و بە کەمینە و کەمزانینی نەتەوەی کورد هێنا.

دوای شەهیدبوونی قازی و ڕێبەرانی دیکەی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان، بەڵام کوردستان کۆڵی نەدا و تووشی نشست و ناهومێدی نەبوو. بەڵێ، کورد لە ڕۆژهەڵات وەک ئۆرگانێکی زیندوو و کارا دڵی لە لێدان نەکەوت و لەوپەڕی ملهۆڕی و دیکتاتورییەتی حەمەڕەزا شا، جووڵانەوەی ٤٦-٤٧ی وەڕێ خست و شانازییەکی دیکەی لە خەبات و تێکۆشان و نەوەستاندا تۆمار کرد. هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی سەرکەوتنی شوڕشی گەلانی ئێرانیشدا، کوردستان بە ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و دوکتور قاسملوو، دەستی ئایەتۆڵاکانی خوێندەوە و دژبە ڕیفراندۆمی کۆماری ئیسلامی و بەڵێ بە ویلایەتی فەقیه ڕاوەستا. بۆ تێگەیشتن لەم تیژبینیی سیاسییەی حیزب بە گشتی و کەسایەتیی د.قاسملوو بە تایبەتی دەبێ ئەوە لەبەر چاو بگرین کە لەو کاتەدا کۆمەڵانێکی زۆر لە خەڵکانی نێو ئێران سوار شەپۆلی درۆی مەلاکان ببوون و دەچوون و بەڵێیان بە جەماران دەگوت و تەنانەت فیلسوفانی گەورەی سیاسیی جیهان بە گەشبینییەوە لە خومەینی و نیزامەکەیان دەڕوانی. بەڵام کوردستان لە بایکوتی تەواوی ئەم ستەمەکارییە تازەدا بوو و دوای ساڵەها جینایەت و ئێعدام و سەرکوت، ئێستا و فریوخورادووەکانی ئەوکات، دان بە پێش‌هەنگاوی و شعووری سیاسیی کورد دادەنێن.

لە ماوەی ٤٥ ساڵ حوکمی نگریسی ئاخوندیدا، کوردستان بە هەمان قەمچیی پەهلەوی بگرە بە زەبرتر لێی دراوە، ماڵ و جەرگی سووتاوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەک کۆڵی نەداوە بەڵکوو قیبلە و ڕووگەی ئازادیخوازی تەنانەت بۆ نەتەوە بندەستەکانی تریش بووە. کوردستان، توانیویەتی و سەلماندوویەتی کە فریوی باڵ‌باڵێنەکانی تاران و ڕەنگ‌گوڕینی پاوانخواز و ڕیفورمبازەکان ناخوات و زۆر زوو لای ئەو ماجەرای ئوسوولگەرا و ئیسلاحتەڵەب تەواو بووە. بە لێدانی چەخماخەی شۆڕشی ژیناش لە ساڵیادی تێرۆری میکونوسدا، کوردستان لە قامەتی ڕێبەری بزووتنەوەیەکی گشتگیر دژ بە تاران دەرکەوت و فارس و تورک و بەلووچی هێنایە سەر خەت و کۆشکی بێدادی خستە لەرزین.

ئەگەر لە دەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێراندا کوردستان لە بایکوت و دژوەستانی کۆماری ئیسلامیدا تەنیا بوو، بەڵام بە خاڵ‌وەرچەرخانی شۆڕشی ژینا ئێستا کوردستان و ناو و ئێعتبارێکی دیکەی هەیە و هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەممەش ئەوەی سەلماندەوە. پاشانئەودا نەورۆزی دوای ئەم "نا"ی سەرکەوتنەش، نیشاندەری مەرگی لە پەراوێزخستن و بە پەراوێزکردنی کوردستان بوو.

 کوردستان دوای سەد ساڵ ستەمی سەختی سیستماتیک، ئەمرۆ لە لووتکەی باڵای هزری سیاسی‌دایە و چەقی خەباتی ڕزگاریخوازییە.