کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: کۆماری ئیسلامی تا ئێستاش گەورەترین هاندەری ململانێکانی غەززەیە

11:24 - 18 بانەمەڕ 2724

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بانەمەڕ، لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕۆژانەی خۆیدا ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی یەکێک لە گەورەترین بزوێنەرەکانی ململانێی غەززەیە و ڕۆڵی بەرچاوی لە ناسەقامگیریی ناوچەکەدا بینیوە.

مەتیو میلێر لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە کۆتایهێنان بە شەڕی غەززە، وتی: من هیچ ڕۆڵێک بۆ حکوومەتی ئێران لە کۆتایهێنان بە ململانێی غەززە نابینم، بەڵکوو کۆماری ئیسلامی لە پلەی یەکەمدا یەکێک لە گەورەترین هاندەرانی ئەم ململانێیە بووە.

ناوبراو جەختی لەسە ئەوە کردەوە کە شاهیدی هیچ جۆرە ڕۆڵێکی دروستکەر لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی غەززە نەبوونە.

ناوبراو زیادی کرد: 'بەرپرسانی ئێران لە دابینکردنی ماڵیی حەماس و پاڵپشتیکردنی ئەم گرووپە و هەتا پشتیوانیکردنی حیزبوڵڵا و گرووپە نیابەتییەکانی دیکە بەشدارییەکی بەرچاویان لە ناسەقامگیریی ناوچەکەدا کردووە و بە یارمەتیدانی حوسییەکان، کەشتیوانیی نێودەوڵەتی و بازرگانیی جیهانییان خستۆتە مەترسییەوە.

شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل ٧ مانگە سەرەڕای کوژرانی نزیکەی ٣٥ هەزار کەس هەروا بەردەوامە و هەروەها نێوبژیوانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەست هەتا ئێستا بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتووە.